چۆن دەرهاویشتە گازییەكان دەگۆڕێن بۆ بازرگانییەكی ملیارەها دۆلاری؟

چۆن دەرهاویشتە گازییەكان دەگۆڕێن بۆ بازرگانییەكی ملیارەها دۆلاری؟

 

 

لە چوارچێوەی هەوڵە جیهانییەكاندا بۆ دابەزاندنی گەرمیی گۆی زەوی، باڵانسەكانی كاربۆن دەچێتە نێو ئاڵوگۆڕێكی بازرگانییەوە كە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرێت، بە مەبەستی سنووردانان بۆ كاریگەرییە ژینگەییەكانی دەرهاویشتە كاربۆنییەكان لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەڵێن هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ گەیشتن بە (سفر دەرهاویشتن).

باڵانسی كاربۆنی چییە؟

باڵانسی كاربۆنی بریتییە لەو ڕێگەپێدانەی كە دەدرێتە كۆمپانیایەك بۆ دەردانی بڕێكی دیاریكراو لە دوانە ئۆكسیدی كاربۆن و گازە گەرمكارەكانی دیكە، كە بە تۆن ئاماژەی بۆ دەكرێت، بۆ نموونە: كۆمپانیایەك ڕێگەی پێ دەدرێت كە بڕی دەرهاویشتەكانی لە گازە گەرمكارەكان 100 تۆن بێت، ئەگەر لەو بڕە زیاتری خستە هەواوە، پێویستە باڵانسی كاربۆن بكڕێت لە شوێنێكی دیكە. بڕی ئەو پارەیەش كە لەبری باڵانسی كاربۆنە فرۆشراوەكە وەردەگیرێت، پێویستە بخرێتە خزمەتی پڕۆژەكانی زیادكردنی بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن، یان هەمان بڕە كاربۆنەكە كەم دەكرێتەوە لەو كۆمپانیایەی كە باڵانسەكەی كڕیوە.

نموونەی پڕۆژەكانی زیادكردنی بەرهەمهێنانی وزەی خاوێنیش وەك چاندنی نەمام و چاككردنی زەوی و كشتوكاڵكردنی زیرەك و گلدانەوەی ئاو و هاوشێوەكانیەتی، كە لەلایەن كۆمپانیاكان و ڕێكخراوە قازانج نەویستەكانەوە ئەنجام دەدرێن، دواتریش هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بڕە كاربۆنە دەكرێت كە بەهۆی ئەو پڕۆژانەوە كەم بوونەتەوە، دواتریش لایەنێكی سێیەم ڕاستاندن (تصدیق) بۆ ئەو بڕانە دەكات و ددان بەو پڕۆژانەدا دەنێت لە بواری كەمكردنەوەی دەرهاویشتەكان و بڕەكانیدا، پاشان كۆمپانیای گەورە دێن و ڕاستەوخۆ ئەو بڕانە لە خاوەن پڕۆژەكان دەكڕن، یان پڕۆژەكەی دیكەیان بۆ پارەدار دەكەن، ئنجا ئەو كۆمپانیا كڕیارانە ئەو باڵانس و بڕانە بەكار دەهێنن بۆ ڕێگەپێدانیان بە بەرهەمهێنانی زیاتر لەوەی پێشتر بۆیان دیاری كراوە، بۆ گەیشتن بە(سفر دەرهاویشتە)و چوونە نێو بازاڕی پابەندبوون.

بازاڕی پابەندبوون چییە؟

بازاڕی پابەندبوون بە باڵانسی كاربۆنەوە بریتییە لە ئەوپەڕی ئەو ڕاددەیەی كە حكومەت دایدەنێت بە ژمارەی چەند تۆن لەو دەرهاویشتانەی كە هەر سیكتەرێك بۆی هەیە بیخاتە هەواوە، بۆ نموونە: كۆمپانیایەك لە بواری نەوتدا كار دەكات، ئەگەر لەو بڕە دەرهاویشتەیە تێپەڕی كرد كە بۆی دیار كراوە، لەسەری پێویستە لەو بڕە، یان باڵانسەی كاربۆن بكڕێت، یان بەكاری بهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگەی پێ بدرێت بەرهەمهێنانی بگاتە ئەو ئاستەی دەیەوێت.

قەبارەی بازاڕی باڵانسی كاربۆن چەندە؟

بەپێی دامەزراوەی دارایی ڕیڤینیتیڤ سەرمایەی بازاڕی جیهانیی پابەندبوون بە باڵانسی كاربۆن گەیشتووەتە (261) ملیار دۆلاری ئەمریكی، كە ئەوەش بەرانبەرە بە (10) گێگا تۆن لە دەرهاویشتەی گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن وەك لە سایتی (كاربۆن كریدتس)دا هاتووە.

ئەو ڕەخنانە چین كە ئاراستەی بازاڕی باڵانسی كاربۆن دەكرێن؟

ڕەخنەی ژینگەدۆستان لە بازاڕی باڵانسی كاربۆن ئەوەیە كە ئەو پڕۆژانەی گوایە دەرهاویشتە كاربۆنییەكانی پێ كەم دەكرێتەوە، پڕۆژەگەلێكی ئاڵۆز و ناڕوونن، ئەمە جگە لە ناجێگیریی نرخ و تێچووی تۆنێك لە كاربۆن كە لە چەند دۆلارێكەوە دەست پێ دەكات و دەگاتە هەزاران دۆلاریش، وەك (وۆڵ ستریت جۆڕناڵ) ئاماژەی بۆ دەكات. سەرباری ئەوەش كە هێشتا وەبەرهێنەران و جێبەجێكاران و بەكاربەران نەیانتوانیوە دڵنیا بن لە توانا و كاریگەریی ئەو پڕۆژانەی كە گوایە بە كارەكانیان باڵانسی كاربۆن دەهێننە ئاراوە.

 

Top