کەمپینچییە دەهۆڵ کوتەکان لە کوێن؟

کەمپینچییە دەهۆڵ کوتەکان لە کوێن؟

لەماوەی ڕابردوو، ئەوەی ڕەخنەی توند بوو ئاراستەی (حکوومەتی هەرێم) کرا بەوە نەوت ڕادەست ناکات و لەگەڵ بەغدا ڕێکناکەوێت، ئەم کەمپینچیانە تەنانەت بوونە جاش و چوونە بەرەی مقاوەمەی دژە کوردایەتی، ڕێگەی “خۆفرۆشی” نەما تاقی نەکەنەوە بۆ ئەوەی ئامانجە گڵاوەکانیان سەربگرێت، کەچی دوای ئەوەی “حکوومەتی هەرێم” ڕازی بوو بە داواکارییەکانی بەغدا و نەوتی ڕادەست کرد،
هەر ئەم دەهۆڵە کوتانە گوتیان؛ تەواو کێشەی مووچە چارەسەر بوو، بەڵام نەک چارەسەر نەبوو، بەڵکو لەژێر فشاری «بەرەی مقاوەمە» و نەیارانی کورد هێندەی تر بیانوو دۆزرایەوە بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەران کە مافی خەڵکی کوردستانە.

جاشەکانی سەردەم هێندە ڕوو قایمن، هێندە چاوچنۆکن چوونەتەوە قاڵبەکەی خۆیان نە دەنگیان و نە ڕەنگ، نە خۆپیشاندان دەکەن و نە کەمپین، نە غیرەتیان هەیە بە وشەیەک ڕەخنە بگرن، دەرکەوت ئەوانە (شێری ناوخۆ و ڕێوی دەرەوەن) ئەوانەی لە بەغداد کەوتبوون بۆ ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم بگەڕێتەوە بەغدا، هەر ڕۆژە و لە دیوەخان و بارەگای میلیشیاکان کەوتبوون ئێستاکە چاو ڕووی ناو خەڵکیان نییە، بەڵکو بگرە پۆزش بۆ خیانەت و خۆفرۆشییەکانیان دەهێنەوە.

مێژوو، بەرگریکارانی ڕاستەقینەی ماف و قووت و داخوازی خەڵکانی کوردستانی تۆمارکردووە، کە (بەرەی کوردایەتی) سەرپەرشتی دەکات، هەروەها جاش و جاشولکەکانی تۆمارکردن کە لە بەر پێی بەرپرسانی گرووپە میلیشیاکانی عێراقدا دەکەوتن بۆ نەهێشتن و سڕینەوەی قەوارەی هەرێم، سەرشۆڕ و زەلیل بوون.

‎ئەوان بەو ھەموو پارە زەبەلاح و خەزێنە پڕەی کە لە داهاتی نەوتەوە دەست دەکەوێت و گرووپە میلیشیاکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەیبەن، ناتوانن دڵی ھاووڵاتییەکی بەغداش ڕازی بکەن، کە پایتەختە، چ جای شارە پەراوێزخراوەکانی وەک بەسڕا و سامەڕا و ناسڕییە و سەماوە، کە لەسایەی حکومداریی خراپ و گەندەڵی و نەزانیدا، وەک وێرانەیان لێ ھاتووە و بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ژیان شیاو نین و خراپترین ژینگەی گوزەرانیان هەیە.
‎بە هەرحاڵ، ئامار و داتا خراپەکانی عێراق و شکست و پاشەکشەی حکومڕانی و ئیدارەدان پێویستیان بە دەیان کتێب و توێژینەوە هەیە، هێندە نەبڕاوەن، ڕەنگە ڕیزبەندی خراپ و شەرمهێنی عێراق لە ئاستی گەندەڵترین وڵاتان و خراپترین پاسۆرت و خراپترین گوزەران و نائەمینترین وڵاتانی دونیادا، باشترین وەڵامدانەوە بێت بۆ ئەو کەسانەی كە عێراق لە چاوی هاووڵاتییانی كوردستاندا وەك سویسرا! پیشان دەدەن.
‎ئەوەی جێگەی لێڕامانە، خەڵکی تێنەگەیشتوو و تەسلیمبوو، ئەوانەی بە پیلانی نەیاران سەما دەکەن، ھەردەم لە ھەوڵی ئەوەدان، سیاسەتەکانی حکوومەتی عێراق بەسەر ھەرێمی كوردستاندا زاڵ بکەن، کە ئەمە ھەروەک پیلانە شوومەکانی پێشووتر دەچێتە قاڵبی خیانەتەوە، ھەر ئەمانە کاتێک دۆخ خراپ دەبێت، دەکەونە بڵاوکردنەوەی تۆمەت و بوختان بە حکوومەت و ھەرێمی کوردستان، ھەموو ھەوڵی ئەمانە ناشرینکردن و بچووکردنەوەی ئەو قەوارەیەی ھەرێمی کوردستانە، کە بە خوێنی ھەزاران شەھید و قوربانی ھاتووەتە دی، بە درێژایی مێژووی کورد لە عێراقدا خەڵکانی خۆفرۆشی وەهای تێدا هەڵکەوتووە کە تەڕەفگیری نەیار و داگیرکار بووە، چ لە ڕووبەڕوونەوەی چەکداری، چ لە قۆناغی نوێ، کە بە قۆناغی گفتوگۆ و دایەلۆگ هەژمار دەکرێت.

Top