هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:   درێژەكێشانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بژێویی خەڵك دەبێت

هۆشیار سیوەیلی  بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:     درێژەكێشانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بژێویی خەڵك دەبێت

 

 

 پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ پارتەكانی دیكە هەیە و، پێگەی خۆی لەپێناو دۆزی ڕەوای كورد بەكاردەهێنێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بە ڕەوتی دامەزراندنی حكومەتی نوێی عێراق، هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان ئاماژەی بە بەهێزی و ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بۆ نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان و یەكخستن و بەهێزكردنی دەنگی كورد لە بەغدا. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.

 

هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سەرەتای ئاخافتنەكەیدا بۆ گوڵان باسی ئەوەی كرد كە «پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەو كاتەی لە 1946 ـەوە بە سەرۆكایەتیی مستەفا بارزانیی نەمر، ڕابەری ڕۆحی نەتەوەی كورد، دامەزرا، ڕۆڵ و پێگەی گەورەی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی مێژوویی نەتەوەی كورد و كوردستانییەكان هەبووە و، ماوەیەكی زۆریش نەك تەنیا لە سەر ئاستی ناوچەكە، بەڵكو لە سەر ئاستی فراوانتری نێودەوڵەتی مەلا مستەفا بارزانی ناسنامەی كورد و كوردستان بوو.» گوتیشی: «ڕێبازی كوردایەتیی پارتی و مستەفا بارزانیی نەمر تا ئەمڕۆش بە سەرۆكایەتیی مسعود بارزانی بەردەوامە، هەر ئەوەش وای كردووە، پارتی قورسایی و كاریگەریی گەورەی لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەكەدا هەبێت. لە سەر ئاستی دەرەوەشدا پارتی بەردەوام هەوڵی داوە و خوازیار بووە پشتگیری و هاوسۆزی هەمووان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كورد بەدەست بهێنێت. پارتی دیموكراتی كوردستان لەپێناو جێبەجێكردنی هەموو مافە دەستووری و یاساییەكاندا هەوڵی داوە و هەوڵ دەدات ناكۆكییە نێوخۆییەكان بەلاوە بنێت و هەموو تواناكان چڕدەكاتەوە لەپێناو وەرگرتنەوەی مافە دەستوورییە زەوتكراوەكان و نكۆڵی و پێشێلكارییەكانی حكومەتی فیدڕاڵ دەرهەق بە هەرێمی كوردستان ڕەت دەكاتەوە.

ئەم یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستییە پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان وا دەكات كورد و كوردستانیەكان قورساییەكی باشتریان لە بەغدا هەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی فیدڕاڵیی داهاتوو. لای پارتی ئەوەی زۆر گرنگە جێبەجێكردنی دەستوور و چەسپاندنی پرەنسیپی بەشداری و هاوبەشی لە حوكمڕانییە، نەك تەنیا بەشدارییەكی شكڵی».

سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی گوتی: «لە عێراقدا پێكهێنانی حكومەت كارێكی ئەوەندە ئاسان نییە و ڕەنگە وەكو كابینەكانی دووەمی مالیكی و عەبدولمەهدی و كازمی-یش لە دوای ئەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە پەسەند كرا، ماوەیەكی زۆر بخایەنێت، هەرچەندە وا بڕیارە لە نۆی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان كۆببێتەوە، بەڵام هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن، گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەت درێژە بكێشن، چونكە لایەنی شیعی بە سەر دوو بەرەی زۆر ناكۆك لەگەڵ یەكدی دابەشبوون و دوو بۆچوونی جیاوازیان بۆ سرووشت و پێكهاتەی حكومەتی داهاتووی عێراق هەیە. بزووتنەوەی سەدر كە گەورەترین لایەنی براوەن، هەوڵی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە دەدەن و لایان وایە دەبێت براوەی یەكەمی شیعە و براوەی یەكەمی سوننە و كورد كە تەقەدوم و پارتین حكومەتی زۆرینە پێكبهێنن، هەرچی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان هەیە، كە نووری مالیكی سەركردایەتییان دەكات، دەیانەوێت حكومەتێكی فرەلایەن لە ئەنجامی ڕێككەوتنی سیاسی و سازان پێكبهێنن. بێگومان پارتی بە گشتی و شەخسی سەرۆك بارزانی دەتوانن ڕۆڵی كارا و كاریگەر ببینن. هەروەك دەشبینین ڕۆژانە شاندی لایەنە جیاوزاەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق دێنە هەولێر و ڕاوبۆچوون و هەڵوێستی خۆیان لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی تاوتوێ دەكەن. پارتی هەوڵی داوە، خۆی نەكاتە لایەنگری هیچكام لەو دوو لایەنە شیعەیە. دەبێت ئەوەش بڵێین كە درێژەكێشانی پێكهێنانی حكومەت لە بەرژەوەندیی جەماوەر نییە و كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە بواری ئاسایش و سەقامگیری و بژێویی خەڵك. بۆیە پشوودرێژیی پارتی بەرامبەر بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت سنووردارە و ڕەنگە پارتی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ناچار بن بڕیار بدەن و لەگەڵ سەدرییەكان و تەقەدوم حكومەت پێكبهێنن».

سەبارەت بە دۆست و نەیارانی پارتی لەنێوخۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهاندا، هوشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: «پارتی خاوەنی مێژوویەكی پرشنگداری خەبات و تێكۆشانە و لە بوارەكانی سیاسی و پارتیزانی و پێشمەرگایەتی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و قوربانیدان پێشەنگ بووە. لە بواری پەیوەندییەكانی نێودەوڵەتی پارتی دەزانێت كە دۆستی هەمیشەیی لە سیاسەت و پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا نییە و بەرژەوەندیی هەمیشەیی هەیە و، دەشزانێت كۆمەڵێك بەرژەوەندی پردی ڕایەڵەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و، تا ئەو بەرژەوەندییانە بەردەوام بن، پەیوەندیی نێوان ئێمە و دەوڵەتانی دۆست و هاوپەیمان بەردەوام دەبن. سیوەیلی دەربارەی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گوتی: «ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا بایەخی ستراتیژی بۆ ئەمریكا و ئەوروپا و چین و ڕووسیا هەیە، جگە لە گرنگیی ژیاریی بۆ ئێمە. سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئەندازەیەكی باش پەیوەستە بە سەقامگیریی عێراق و لە عێراقیشدا بە بێ كوردستان سەقامگیریی مەیسەر نابێت. كەواتە، ڕۆڵ و پێگە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، هەرچەندە كەمیش بێت، گرنگە بۆ سەقامگیریی ئەمنی و ئابووریی جیهان. دەبێت هەوڵ بدەین ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشانە بپارێزین».

دەربارەی دەرفەتەكانی بەردەم هەرێم و ئەو هەڕەشەیانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: «ئێمە دەرفەتی گەورەی پێشكەوتن و گەشەكردن و پەرەسەندنمان لە پێشە و دەبێت لە هەمانكاتدا مێشك و چاو و دەستمان لەسەر هەڕەشەكانیش بێت. هەروەك چۆن دەرفەتەكان زۆرن، دوژمنەكانیش زۆرن. هەندێك لا و ناوەندی دەرەكی گەشەسەندنی ئێمە بە هەڕەشەیەك بۆ سەر خۆیان و بەرژەوەندییەكانیان دەبینن، كە لە ڕاستیدا وا نییە و حوكمڕانیی سی ساڵی ڕابردووی ئێمە پێچەوانەكەی سەلماندووە. سەرەڕای هەڕەشە زۆرەكان، ئێمە بە درێژایی مێژوو بەرگریمان كردووە و بەرگەمان گرتووە. هەموو هێزێكی دەرەكی لە بەردەم هێزی یەكێتی و تەبایی نێوخۆدا شكست دەهێنێت. ئێمە ئەمڕۆ كیانێكمان هەیە، سەرەڕای كەموكورتییەكان، ئەندازەیەك لە سەربەخۆیی و حوكمڕانیی خۆیی بۆ دابین كردووین. پێویستە بیپارێزین، چونكە ئەگەر لە كیسمان بچێت، ڕەنگە سەد ساڵی دیكەش دەرفەتی وا ڕێك نەكەوێتەوە. كەواتە بەر لەوەی دەست بۆ هاوكاریی دەرەوە پان بكەینەوە، دەبێت دەستی هاوكاری لە نێوان خۆماندا بۆ یەكتر درێژ بكەین، حوكمڕانییەكەمان باشتر بكەین و ئینتیما بۆ خاك و گەل بەهێزتر بكەین».

Top