موسا ئەحمەد بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گوڵان:   هاوكاریی پێویستمان بە 2905 خێزانی زیانلێكەوتووی لافاوەكەی هەولێر گەیاندووە

موسا ئەحمەد  بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گوڵان:     هاوكاریی پێویستمان بە  2905 خێزانی زیانلێكەوتووی لافاوەكەی هەولێر گەیاندووە

 

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەكو دەزگایەكی خێرخوازیی ناحكوومی لەژێر ڕۆشنایی وتەی بارزانیی نەمر «شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت» لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە، لەم پێناوەشدا بە درێژایی دامەزراندنی ڕێكخراوەكە بە سەدان كاری خێرخوازیی بەرچاوی ئەنجام داوە و بە فریای هەموو ئەو نەتەوە و پێكهاتانەش كەوتووە كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی شەڕی داعش ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. مەودای كاری ڕێكخراوی بارزانی ئەوەندە فراوان بووە، دەستی هاوكاریی گەیاندووەتە بەنگلادیش و یەمەن و ئوستراڵیا و سووریا و چەندین وڵاتی دیكە، ئەمەش هەمووی لەپێناو ئاشتی و ئارامی و مرۆڤایەتی و بەفریاكەوتنی لێقەوماوان بووە، بۆ قسەكردن لەسەر بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی شاری هەولێر چەند پرسیارێكمان ئاراستەی موسا ئەحمەد بەرپرسی دەزگای ڕێكخراوی خێرخوازیی بارزانی كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.

 

 

سەرەتا سەبارەت بە لافاوەكەی شاری هەولێر و ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتووان موسا ئەحمەد بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: «بەپێی ئەو كارانەی دەزگاكەمان ئەنجامی داوە، ئێمە خاوەنی ئەزموونێكی بەرزی پێشكەوتووین لە هاوكاریی زیانلێكەوتووان و بەهاناوەچوونی لێقەوماوەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ كارەساتێكی وا گەورەی سرووشتیدا، تیمەكانمان لە ئاستێكی بەرزی شارەزایی و لێهاتوودان و هەر زوو لەگەڵ یەكەم ساتی لافاوەكەدا بە هانای زیانلێكەتووان چوون و لە سەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مسرور بارزانی سەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوكات سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی «دەزگای خێرخوازیی بارزانی»ـن، زۆرترین كۆمەك و هاوكاریمان گەیاندە زیانلێكەوتووان، لە سەرەتای كەوتنەوەی لافاوەكە خەڵكی زیانلێكەوتووانی لافاوەكە و دەزگا ئیدارییەكانی پارێزگای هەولێر پەیوەندییان پێوە كردین، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بێ جیاوازی و لە هەموو شوێنێكدا بە هاوشانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی شاری هەولێر، بەتایبەتی لەگەڵ دەزگا خزمەتگوزارییەكانی پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی كاری هاوبەشمان دەست پێ كرد، ڕاستەوخۆ خواردنی گەرم ئامادە كرا و بە سەر هەموو ئەو خێزانانەی لە لافاوەكەدا زیانیان بەركەوتبوو دابەش كرا. لەمەدا سوپاسی خەڵكی هەولێر دەكەم كە نموونەیەكی جوانی هەموو جیهانن لە بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و هاوكاریكردنی خەڵكی زیانلێكەوتوو. لەلایەكی دیكەوە هەموو ئەو تیمانەی ئێمە كە بە سەر چەند گرووپكدا دابەش بوون، هەر لە ئامادەكردنی خواردنی گەرم تاوەكو تیمی پاككردنەوە و هاوكاریكردنی هاووڵاتیان و تیمی هەڵسەنگاندن و ناونووسكردنی زیانلێكەوتووان. هەموو ئەم كارانەش بە سەرپەرشتیی ناوەندی قەیرانەكانی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوون، بەتایبەتی دوای هاتنی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لای هاووڵاتیانی زیانلێكەوتووی لافاوەكەی هەولێر و، هەمووانی ئاگاداركردەوە بەوەی ئەوپەڕی توانا و هەوڵی خۆمان بدەین بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شاری هەولێر، ئەوە بوو لە ماوەیەكی كەمدا لە ڕووی پاككردن و ڕێكخستن و خەمڵاندنی زیانەكانەوە لەپرۆسەیەكی فراوان و ئاڵۆز و گەورەدا دەست بە كار كرا، تیمێكی بەرفراوانمان ڕاسپارد بۆ سەرژمێریكردنی زیانەكانی هاووڵاتیان كە بە سەركەوتوویی لە ماوەیەكی كەمدا كۆتایی پێهات و زۆربەی زۆری زیانەكان تۆماركران. هەر ئەو كات بە هاوكاریی بەشێكی زۆری كۆمپانیاكان كە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ دابینكردنی ئامێرەكانی شۆفڵ و حەفارە و قەلاب و تەنكەر و پێداویستییەكانی دیكە كە ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە خێرا بەڕێوەچوونی هەڵمەتی پاككردنەوەی ماڵەكان و گەڕەك و شەقامەكان و لابردنی خۆڵ و خاشاكی لافاوەكە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە لافاوەكەی شاری هەولێر لە دابینكردنی خواردنی گەرم و هاوكاریكردنی خێزانەكان بۆ پاككردنەوەی ماڵەكانیان ڕۆڵی گەورەی گێڕا، ئەمەش كاری سەرەكیی ڕێكخراوەكانی خێرخوازییە كە ئیشێكی سەرەتاییە بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتووان و هاوكاریكردنیان. لەم كارەساتە سرووشتییەدا هەموو هەوڵێكمان بەگەڕخستووە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكی شایستە دابین بكەین كە لە كەم وڵاتی دونیا بەو شێوەیە لە كاتی كارەساتەكاندا توانایان هەیە خواردنی گەرم بۆ ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتیانیان دابین بكەن.»

سەبارەت بە هاوكاریی دابەشكراو بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوی پارێزگای هەولێر بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: «هەرچەندە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكانی، بەڵام تاوەكو 26/12ی ساڵی 2021 دەزگاكە توانیوێتی 2790 پارسیلی خۆراك و 244700 لیتر نەوت و 2218 سوپا و 2340 فەرشی 52 مەتر دووجا و 11700 بالیف و 11700 دۆشەك و 12740 بەتانی و 500 سەلاجە و 500 تەباخ و 500 غەسالە و 400 بوتڵی غاز و 14720 ژەمە خۆراكی گەرم دابەش بكات، بەمەش پاكێجی سەرەتای كەل و پەلی ناوماڵ و كەل و پەلی كارەبایی و نەوت و خۆراكی دابەشكراو بۆ 2905 خێزانی زیانلێكەوتووی لافاوی پارێزگای هەولێر دابەش كراوە. ئەمە وێڕای ئەو هەماهەنگی و هاوبەشییەی كاركردن بۆ یارمەتیدانی زیانلێكەوتووانی لافاوەكە لە نێوان دەزگا خێرخوازییەكان و دەزگا ئیدارییەكان و پارێزگا و وەزارەتی شارەوانی و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، كە ئەمە لە كەم شوێنی دونیا دەبیندرێت، ئومێدەوارم قەرەبووی ئەو خانەوادانە بكرێتەوە كە زۆربەی هەرە زۆری خەڵكێكی هەژارە، چونكە بەپێی لێژنەی هەڵسەنگاندنی زیانەكان كە فۆرمێكی تایبەت بە زیانەكانی ئەو خەڵكە تۆمار كراوە، زۆربەیان خەڵكی هەژارن، ئومێدەوارم هەموو لایەك هاوكار و پشتیوان بن. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەی خۆی هەیە و ئومێدەواریشم حكومەتی عێراق چاوێك بەو بڕە هاوكارییە كەمە بخشێنێتەوە كە ڕایگەیاندووە، چونكە قەبارەی كارەساتەكە زۆر گەورەیە، سوپاسی وەبەرهێنەران و گەورە كۆمپانیاكان و سەرمایەدارانیش دەكەین كە هاوكار بوون، ئەوەی زیاتر نیگەرانی كردین، بەداخەوە لافاوەكە زیانی گیانییشی لێ كەوتەوە، وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی هەموو ئەو خەڵكە دەكەین بەوەی بە هاوكارییەكی كەمیش بێت، دەستی هاوكارییان درێژ كرد و بە فریای زیانلێكەوتووان هاتن، حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند ژمارە حیسابی ڕاگەیاند لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی یەك سەرچاوە هەبێت بۆ كەمپینی هاوكاریی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی هەولێر، دوای دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان بابەتی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان دێت، كە ئەمەش پرۆسەیەكی ئاڵۆز و فراوانە، چونكە زیانی گیانی و ماڵی و ئۆتۆمبێل و چەندین بابەتی دیكە لەخۆ دەگرێت و دوای دابینكردنی پارەیەكی كاش هەڵمەتەكە دەست پێ دەكرێت.»

بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە پلان و بەرنامەیان بۆ ساڵی 2022 گوتی: «دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕووی فریاكەوتنی زیانلێكەوتووان و قوربانییەكانی شەڕ و ماڵوێرانی و گەشەپێدانی مرۆیی و پاراستنی ژینگە و ڕاهێنان و خەمەكانی هاووڵاتیان خاوەنی دیدگایەكی فراوانە، بەتایبەتی كە دەزگاكەمان ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش كاروباری خۆمان بەجێ هێناوە، بەڵام خەمی سەرەكیی ئێمە، خەمی كوردستانییانە، بۆیە لە پلانی 2022ی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پرسی كۆچ و بێكاری لەگەڵ گرنگیدان بە لایەنی مرۆیی و خێرخوازی بایەخی تەواوی پێ دەدرێت، ئێمە بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردووش كارمان لەسەر كردووە، سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەناهەندەش كە ڕێژەی لە 30%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانیان پێكهێناوە، لەگەڵ ئەم فشارەشدا ڕابەر و مەرجەعی كوردستان سەرۆك بارزانی هەمیشە داوای لێ كردووین بە هانای لێقەوماو و پەناهەندە و ئاوارەكانەوە بێن و لە كاری خێرخوازی مرۆیی درێغی نەكەین، هەر لەسەر ئەم ڕاسپاردە و داواكارییە بۆ ئەمساڵیش بەردەوام دەبین لە كاری خێرخوازی و یارمەتیدانی لێقەوماوان و كەمدەرامەت و یارمەتیدانی كوردانی ئێزدی و كوردانی ڕۆژئاوا. لێرەشدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بكەم، ئەویش گرنگیدانی جیهانی ڕۆژئاوای پێشكەوتوو بە هەرێمی كوردستان لەو ڕوانگەیەوە هاتووە، كە لە ناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتێكی نائارام و ناسەقامگیردا هەرێمی كوردستان پێگەیەكی ئارام و لانكەی پێكەوە ژیان و لێبووردن و بەهاناوەچوونی لێقەوماوەكانە، لەمەشدا سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان ڕۆڵێكی گەورەیان هەیە، بۆ پاراستنی ئەم سیما جوان و پیرۆزەی مرۆڤایەتی. ئەوەتا سەرەڕای ئازادبوونی ناوچەكانیان، بەڵام بەشێكی زۆری ئەو ئاوارە و پەناهەندانە، هەرێمی كوردستان بە ئارام دەبینن و متمانەیان بەم هەرێمە هەیە و لێرە كەرامەتی ئەو مرۆڤانە پارێزراوە، تا ئەو خەڵكەش لێرە بێت، ئێمە خۆمان بە خزمەتكاریان دەزانین، بە تەئكید دوای گەڕانەوەشیان دەزگای خێرخوازی بارزانی بەرنامە و پرسی چڕتری هەیە، بەتایبەتی لە پەرەپێدانی توانای گەنجان و پێشكەوتنی كایەكانی دیكەی ژیان.

 

Top