شاناز زاهیر ڤیدیۆ كلیپی (شاژن)ی بڵاوكردەوە
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینی, خانمە گۆرانیبێژی كورد (شاناز زاهیر) گۆرانییەكی نوێی بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاوكردەوە .
شاناز زاهیر دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە هونەرییەكەی لەگەڵ كۆمپانیای (ئێن زێد پرۆدەكشن) كە هونەرمەند نەوید زەردی خاوەندارێتی دەكات, یەكەم بەرهەمی گۆرانی بەناوی(شاژن) بڵاوكردەوە كە بە شێوەی شاد و هەڵپەڕكێ بەرهەمهاتووەو بەشێكی ئاوازەكەی فۆلكلۆرەو (ئاریۆس) بەشەكەی دیكەی ئامادەكردووە, هەروەها (مازیار فایەق) تێكستەكەی نووسیوەتەوەو (محەمەد باز) كاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ كلیپی گۆرانییەكە ئەنجامداوە .
شایەنی باسە..لە چەند ڕۆژی ڕابردوو شاناز زاهیر لە نوێترین دەركەوتنیدا وەڵامی چەند پرسیارێكی دایەوەو بۆ پرسیاری(ئاوازدانەرێك لەم دواییانە وتی دەرگامان هەمیشە كراوەیە بۆ ئەو كەسانەی پێكەوە كارمان كردووە لە ڕابردوودا, لە پلانتدا هەیە جارێكی تر لەو دەرگایە بدەیتەوە..؟) شاناز دەڵێت: من بە سرووشتی خۆم لە كەسایەتیمدا ئەوە هەیە كە..ئیتر نازانم باشە یان خراپە..بەڵام بۆ خۆم هەست ئەكەم شتێكی باشەو مێشكم پێی ئاسوودە ئەبێت ئەگەر وا بكەم..ئەگەر هاتوو دەرگایەكم داخست ئەوا بە قەناعەتەوە دایدەخەم بۆیە هەرگیز دووبارە لەو دەرگایە نادەمەوە كە دامخستووە .
ئەگەر چی لە نێو ئەو پرسیارەدا ناوی ئەو ئاوازدانەرە دەستنیشان نەكرا, بەڵام وەڵامەكەی شاناز زۆر نزیكبوو كاتێك لە بڵاوكراوەیەكی كە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە هونەرییەكەی, لەبەشی ستۆری لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام نووسیبووی: یەك یاسام هەیە لە ژیانمدا پەیڕەوی ئەكەم.. كاتێك شوێنێك یان كەسێك یان وێستگەیەكی كاركردنم بەجێهێشت.. ئیترهەرگیز ناگەڕێمەوە سەر ئەو ڕێگایە .
ئاسۆ كاكەیی