درێژترین مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان

درێژترین مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان

كاتێك بە پەلەم بۆ كارێك زۆر جار سەرم بە دیوار و دەرگا و شوێنی نزم دەكەوێت

 

باڵابەرزترین مرۆڤ لە كوردستان ناوی (ئەحمەد سائیر)ە، كاتێك دەچێتە شوێنە گشتییەكان بە چاوێكی سەیر و سەمەرەوە سەیری باڵای دەكەن، درێژییەكەی بووەتە كێشە بۆی، جگە لە كێشە و گرفت هەروەها ناوبانگیشی پێوە دەركردووە، گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد، ئەویش وەڵامەكانی بریتیی بوون لە:

 

* لە كەیەوە هەستت بەوە كرد كە باڵات ناوەستێت و زیاد لە ئەندازە بەرز دەبێت ؟

-       لە تەمەنی 15 ساڵییەوە هەستم بە بەرزیی باڵام كرد، كاتێك لەگەڵ هاوڕێكانم دەبووم، ئەوان هەموو لە من كورتتر بوون، بەمەش زانیم شتێكی نائاسایی هەیە، هەروەها لە نێو هاوڕێكانی قوتابخانەشدا بە لۆقدرێژ بەناوبانگ بووم.

* ئێستا باڵا و تەمەنت چەندە؟

- ئێستا تەمەنم 24 ساڵە و درێژیی باڵام (207) سەنتیمەترە، واتە دوو مەتر و (7) سەنتیمەتر، بەوەش تاكە كەسم ئەو درێژییەم هەبێت، تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش لە خۆم درێژترم نەبیوە.

* لە خێزانەكەتاندا كەس هەیە باڵای وەك تۆ بێت؟

-       ئەندامێكی دیكەی خێزانەكەم بەرزیی باڵای دەگاتە 190 سەنتیمەتر، بەڵام من لە هەموویان درێژترم، دایك و باوكیشم ئاسایین، تەنیا من بەم چەشنە و بەژنە گەیشتووم.

* كاتێك لە نێو خەڵكدا بیت، هەست بە چی دەكەی؟

- لە ڕوانگەی خۆمەوە وا هەست دەكەم كە من لە دونیا كورتەباڵاكاندا دەژیم، چونكە دەڕۆمە هەر شوێنێك، كەسێك نابینم وەك خۆم، یان لە باڵای خۆم نزیكتر بێت، هەموویان لە بەرچاوی من كورت دەردەكەون.

* باڵابەرزیت لە ڕووی پێڵاو و جلوبەرگەوە هیچ كێشەی بۆ دروست كردوویت؟

- بەڵێ، كێشەی زۆرم بۆ دروست دەبێت، جلوبەرگ، شوێنی دانیشتن، شوێنی نزم، ژمارەی پێڵاو كە زەحمەتترین شتە لە ژیانمدا، چونكە بە دەستم ناكەوێت، تا پێڵاوێك دەدۆزمەوە زۆر ماندوو دەبم.

* بیرت لەوە نەكردۆتەوە كە لە یارییە وەرزشییەكاندا سوود لە بەرزیی باڵات وەربگریت؟

- وەرزش لە كوردستان و عێراق سوودی نییە بۆ داهاتوو، ئەگینا باڵام بۆ تۆپی سەبەتە و بالە گونجاوە و، دەتوانم خۆم لەو بوارەدا بدۆزمەوە، بەڵام بێ سوودە.

* حەز دەكەی هاوسەرت باڵو وەك خۆت بێت یان كورتتر بێت؟

- جارێ بیرم لە هاوسەرگیری نەكردووەتەوە، بێگومان حەز دەكەم كەسێك بێت لە هەست و بیركردنەوە و بەژن و باڵاشدا لە خۆمەوە نزیك بێت.

* هیچ جارێ بووە كە بە هۆی بەرزیی باڵاتەوە سەرت بەر دیوار و دەرگا و شوێنی نزم كەوتبێت؟

- بەڵێ زۆر جار، بە تایبەت ئەو شوێنانەی كە نزمن، یان كاتی سواربوونی ئوتۆمبێل، یان كاتێك بە پەلەم بۆ كارێك زۆر جار سەرم بە دیوار و دەرگا و شوێنی نزم دەكەوێت.

 

Top