حامید گەوهەری نووسەرو لێكۆڵەر بۆ گوڵان:   کورد پێویستی بە سەركردەیەكی خاوەن لۆژیك و ئاشتیخوازی وەك سەرۆك مسعود بارزانی هەیە

حامید گەوهەری  نووسەرو لێكۆڵەر بۆ گوڵان:     کورد پێویستی بە سەركردەیەكی خاوەن لۆژیك و ئاشتیخوازی وەك سەرۆك مسعود بارزانی هەیە

 

 

‎‎‎*  سەرەتا دەكرێت بزانین تا چەند ئازار و مەینەتییەكانی گەلی كورد لە بەرهەمەكانتاندا ڕەنگی داوەتەوە؟

 - كورد بە درێژایی مێژوو، بەتایبەتی لەم سەد ساڵەی دواییدا دوچاری زۆر زوڵم و كارەسات و داگیركاری بووەتەوە و خاكەكەی داگیر كراوە، بۆیە زۆر ڕاپەرین و شۆڕش و بەرخۆدانی كردووە، زۆربەی كتێبەكانی من سیاسی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتین و، گوزارشت لە مێژووی ئەم نەتەوەیە دەكات و بەڵگەنامەی گرنگ لەخۆ دەگرن، لە كتێبەكانمدا ویستوومە بە بەڵگەوە باس لە مێژوو و ڕووداو و كارەسات و شەڕ و ڕاپەڕین و شۆڕشەكان بكەم، بۆ ئەوەی ببنە یارمەتیدەرێكی باش بۆ خوێندكارانی زانكۆ و لێكۆڵەرەوانی بواری مێژووی كورد و نەوەكانمان پێی پەروەردە بكرێن.

‎*  ئەو ناسازگارییە ناوخۆییە تاچەند گاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێمی كوردستان بووە؟

‎-  كێشەی سەرەكیی كورد لە ئێستادا دووبەشبوونی هەرێمی كوردستانە، وەك ئەو ناوچەیەی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان تێیدا حاكمە و ئەو ناوچەیەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان تێیدا حوكمڕانە، لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو حزبانە پێك نەهاتوون كە لەسەر چارەنووسی نەتەوەیی هاودەنگ بن، هەر بۆیە كێشەكان بەردەوامە و لە زۆنی زەرد زیاتر بەرەو بیری نەتەوەیی و مافی چارەنووس و كێشەی كورد و كێشەی خاك دەگوزەرێ و لە ناوچەی سلێمانی بەو شێوەیە نییە. نموونەیەكی زۆر ئاشكرا باس دەكەم، لە ساڵی 1991 كە ڕاپەرین كرا، لە هەولێر ئاڵای عێراق داگیرا و گوتیان ئەوە ئاڵای عێراق نییە و ئاڵای سەدامە، لە بەرامبەردا لە سلێمانی تا سێ ساڵ ئەو ئاڵایە دانەگیرا و تا ئێستاش ئەو جیاوازییانە هەیە و بەردەوامە، نموونەی هەرە زیندوویش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بوو.

‎* لە ناو هەموو نەتەوەیەكدا سەركردەیەكی كاریزما وەك مەرجەعییەتی نەتەوەیی دروست دەبێت، لەم بارودۆخەدا تاچەند گرنگە هەموو هێزە كوردستانییەكان بە جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژیاوە لە دەوری سەرۆك بارزانی كۆببنەوە؟

‎- كاتێك باسی سەرۆك بارزانی دەكەین، ناكرێت باسی سەرۆك مەلا مستەفا بارزانی نەكەین، سەرۆك مەلا مستەفا بارزانی تەنیا یەك هێڵ و یەك حزب و یەك بیروباوەڕ بوو، لەسەردەمی ئەودا هەموو كوردستانی عێراق لەسەر ڕێبازی نەتەوەیی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەگەرچی حزبی شیوعی هەبوو، كە ئەویش لە بواری نەتەوەییدا پەیڕەوی لە ڕێبازی بارزانی دەكرد، تەنانەت لە كوردستانی توركیا و ئێران و سووریاش كوردانی ئەو بەشانەی كوردستانیش سەرۆك مەلا مستەفا بارزانی-یان بە ڕابەری خۆیان و بزووتنەوەی كورد دەزانی و، بگرە بەشداریش بوون لە شۆڕشی ئەیلوولدا، ئێستا بۆ سەرۆك مسعود بارزانی كێشەكە بە شێوەیەكی دیكەیە، بەتایبەتی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان خاوەنی چەندین حزبە و ئەوانیش لە ناو خۆیاندا یەكگرتوو نین، لە كوردستانی باكووریش كورد جگە لەوەی یەكگرتوو نین، پەكەكەش دەستی بەسەریاندا گرتووە، لە سووریاش بە هەمان شێوەیە.

‎كار و ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی زۆر دژوارترە بەراورد بە سەردەمی مەلا مستەفای بارزانی، بەڵام ئەو كوردانەی هەرچوار پارچەی كوردستان و دەرەوەی وڵات كە دوور لە حزبەكانن و ئەركی حزبییان لەسەر نییە، سەرۆك مسعود بارزانی بە ڕابەر و سەركردەیەكی گەورە دەبینن، تەنانەت حزب و دەوڵەتانی دونیاش سەرۆك بارزانی بە ڕابەر و سەركردەی كورد دەناسن. كورد پێویستی بە سەركردەیەكی خاوەن لۆژیك وەك سەرۆك مسعود بارزانی هەیە، چونكە لە هەموو میللەت و شۆڕشەكاندا كەسێك هەبووە ڕێبەرایەتی شۆڕش بكات، ئەو كەسە لە مێژووی نەتەوەكاندا گرنگیی زۆری پێ دەدرێت، تەنانەت نەتەوەكانی دونیا زۆربەی جار ئەگەر كەسایەتیی ئەو سەركردەیە لاوازیش بێت، خۆیان مێژووی بۆ دروست دەكەن، سەیری مستەفا كەمال بكەن، توركەكان كردیانە باوكی توركان (ئەتا تۆرك) فارسەكان خومەینی هات، وتیان وێنەی خومەینی لە مانگدایە، لەلای خۆمان چونكە كورد باری نەتەوەییەكەی لاوازە و جارێك ئیسلام و جارێك چەپ دەستی بەسەردا دەگرێت، هەمیشە كار بۆ ئەوە دەكەن مسعود بارزانی نەبێتە سەركردەیەكی گەورەی كورد. هەمیشەش كار بۆ ئەوە دەكەن لە دژی بوەستنەوە، ئەوان ئامادەن لەگەڵ نەیارانی كورد دابنیشن و ڕێكبكەون، سەردەمێك هاواریان دەكرد و دەیانگوت دەمانەوێت لەگەڵ عێراق بین. لەم دۆخەی ئێستادا پێویستە ڕێبازی بارزانیی نەمر وەك ڕێبازێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بایەخ و گرنگیی تەواوی پێ بدرێت. دیپلۆماسیەتی ڕێبازی بارزانی ناو و ناوبانگێكی گەورەی هەیە و، پێویستە لەسەر ئەو نەهجە كورد درێژە بە بزاڤی ڕزگاریخوازی خۆی بدات.

‎*  باسی پەكەكەت كرد كە دژی ڕێبازی نەتەوەیی بارزانی نەمرە و لە كوردستانی باكووریش لە دژی هەموو حزب و لایەنێكی سیاسی كورد بووە، ئێوە كە خاوەنی دوو كتێبن لە سەر پەكەكە و شارەزاییت لە پەكەكە هەیە؛ ئایا ئەم دژایەتییە بۆ چی دەگەڕێنیتەوە و ئەوان تا كەی بەم ئایدیۆلۆژیا سەقەتە زیان بە خەباتی كورد دەگەیەنن؟

‎- پەكەكە لەلایەن گرووپێكی ژێر دەسەڵاتی میتی توركیاوە دروست بووە، نەقیبێكی میتی توركی بە ناسناوی پیلۆت لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان پەكەكەیان دامەزراند، عەبدوڵا ئۆجەلان نەیشاردووەتەوە كە بۆ ماوەی دوازدە ساڵان بە دەرەتانێك پەروەردە بووە كە ڕژێمی توركیا بۆی ئامادە كردووە، لە ساڵی 1982 بەشێكی گەریلاكانی پەكەكە گوازرانەوە باشووری كوردستان و لە ساڵی 1984 یەكەم شەڕی چەكدارییان دەست پێ كرد، لە ساڵی 1987 پەكەكە و ڕژێمی سەدام لە دژی باشووری كوردستان ڕێككەوتن، لە ساڵی 1992 دژایەتیی پەڕلەمانی كوردستانیشیان ڕاگەیاند و خۆیان وەكو ئاڵتەرناتیڤی حزبەكانی كوردستان دانا، هەر لەو ساڵەدا، ئۆجەلان دۆخی باشووری كوردستان و ڤێتنامی وەكو یەك لێك دایەوە و ڕایگەیاند: «ئێمە دەتوانین سوپای توركیا پەلكێشی باشوور بكەین و باشوور لەوان بكەین بە ڤێتنام»، ئیتر لەو كاتەوە پەكەكە نەك تەنیا گوندەكانی باشووری كوردستان و خاكی ئەم بەشەی داگیر كردووە، بەڵكو شەڕی لە كوردستان دەست پێ كردووە و سوپای توركیای پەلكێشی باشوور كردووە، پەكەكە زیاتر لە 500 گوندی دهۆك، ئامێدی، ئاكرێ، سیدەكان و زنجیرە چیای قەندیلی داگیر كرد، دواتر هێدی هێدی ئەو ناوچانەی بۆ سوپای توركیا بەجێهێشت، ئەوان لەگەڵ حەشدی شەعبین كە دژی كوردن، گەریلا مووچە لە حەشد وەردەگرن و بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەپارێزن، بەردەوام لەسەر ڕێگای پێشمەرگەكان مین دەچێنن، مووشەكی كۆرنێت كە ئەمریكا بۆ شەڕی تیرۆریستانی داعش بە یەپەگەی داوە، پەكەكە لە پێشمەرگەی دەدات، لەبەر ئەم كردەوە قێزەوەنانەی كە لە دژی كورد و پێشمەرگە ئەنجامی دەدات، تاران و بەغدا و دیمەشق پشتیوانی لێ دەكەن و، بگرە ئەم هەڵسوكەوت و كارانەش بۆ داگیركردنی خاكی باشووری كوردستان بەدڵی خودی توركیاشە. بەڵام شەڕی داعش فرسەتێكی باشە بۆ ئەوەی كورد بتوانێت ببێتە خاوەنی چەكی پێشكەوتوو، لە كۆندا پێشمەرگە بە چەكی برنۆ و كڵاشینكۆف شەڕی كردووە، لە ئێستادا ئەگەر پێشمەرگە چەكی پێشكەوتووی هەبێت، دەبێتە یەكێك لە سوپا بەهێزەكانی ناوچەكە، چونكە خاوەنی ورەیەكی بەرزی پۆڵایین و هزری نەتەوەییە، هەر بۆیە بەردەوام كەوتووەتە بەر هەڕەشەی دوژمن و دارودەستەكانی، بە پەكەكەشەوە.

‎* پەكەكە و دارودەستەكانی سوكایەتیی زۆر بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان دەكەن، ئایا ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە داڕێژراوەدایە كە لە دژی هزری نەتەوەیی كورد جێبەجێ دەكرێت؟

‎- ئاڵای كوردستان هێمای نەتەوەی كورد و شەهیدەكانمان و خەباتی خەڵكی كوردستانە، ئەم ئاڵایە چەندین جار بە دەستی دوژمنانی كورد سووكایەتیی پێ كراوە، لە ئێستادا ئاڵای كوردستان لە ئێران، سووریا، توركیا قەدەغەیە، تەنانەت لەناو كەركووكیش هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ڕێگەپێدراو نییە، لە سلێمانیی مەڵبەندی كوردایەتیش كەسانێك لە ژێر ئەجندای دژایەتیكردنی كورد سووكایەتییان بەو ئاڵایە كرد. ‎ئاڵا كە بۆ یەكەم جار لە مێژووی دەوڵەتاندا لە دانیمارك هەڵكرا، هێما و ڕێزگرتنە لە میللەتان و خەباتیان، هەر كەس و گرووپ و لایەنێك بە شێوەی ناشیرین‌ ڕەفتار لەگەڵ ئاڵای كوردستان بكات، بە دڵنیاییەوە پەیوەندیی بەو پەروەردكردنەوە هەیە كە گەنجەكان وا لێ دەكات بێڕێزی بە ئاڵا بكەن، مادام خەڵك نەتوانێت ڕێز لە خۆی بگرێت، ناتوانێت بە مافی خۆی بگات.

 

Top