یەكەم سناپچی لە كوردستان

یەكەم سناپچی لە كوردستان

ئێستا سەردەمی سۆشیال میدیایە لە جیهاندا، زۆربەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خەڵكیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ كردووە، دیارترین سۆشیاڵ لە ئێستادا سناپ چاتە، كە هەوادارێكی زۆری هەیە، بە ڤیدیۆی كورت و فلتەرەكانی گەیشتۆتە نێو ژیانی زۆربەی خەڵك، لە كوردستانیش كۆمەڵێك سناپچەر، یان سناپچی هەن، بەڵام یەكەمین كەس لە كوردستان كە كاری لەسەر سناپ و سناپچەر كرد، كەسێكە بە ناوی (كاروان ئەكرەم) كە بە (دەنگی ڕەجەب) ناسراوە، لەم بارەیەوە چەند پرسێكمان ئاراستە كرد بەم جۆرە وەڵامی داینەوە:

 

 

*بیرۆكەی سناپچەری، یان سناپچیت چۆن بۆت هات؟

- بیرۆكەی سناپچی، یان سناپەر لەوەدا هات كە كاری دۆبلێری دەكەم و بە دەنگەكەم ناسراو بووم، زۆربەی هەوادارەكانم، یان خەڵك حەزیان دەكرد شێوەم ببینن، بۆیە زۆر كەس داوای لێ دەكرد كە خۆم دەرخەم، منیش سناپ چاتم بە شوێنێكی باش و گونجاو زانی، لەوێەوە دەستم پێ كرد.

*سناپ چات چییە و چ سوودێكی بۆ كۆمەڵگە هەیە ؟

- سوودی سنابچات ئەوەیە كە وەك بیزنس بەكاری دەهێنیت، هەروەها بۆ كۆمەڵگەش كە ئەوانەی بینەر و جەماوەریان هەیە، دەتوانن كاری جوان و ڕێنمایی و شتی باش بكەن، تا ببنە جێگەی دەستخۆشیی خەڵك و جەماوەرەكەیان.

* زۆریی جەماوەری ئەو تۆڕە لە چیدایە و بۆچی زۆربەی خەڵك ڕووی تێ دەكەن؟

- گرنگییەكەی لەوەدایە كە ستریكی تێدایە و جۆرەها فلتەری هەیە، بۆ جوانكردنی دیزاین، یان جوانكردنی شێوەی مرۆڤ بە گشتی و ئافرەتان بە تایبەتی كەڵكی لێ وەردەگیرێت.

* دەگوترێ سناپچات تەنیا بۆ ئافرەتانە، ئایا وایە؟

نەخێر وانییە، بۆ هەردوو ڕەگەز دەبێت، ئەوەی ئافرەت بەكاری دەهێنێت، ئەوانەن زیاتر لە ماڵەوەن، لە شوێنی دیكە دەتوانن ماوەیەكی زۆر بۆ ئەو تۆڕە تەرخان بكەن.

*یەكەم كاری سناپت چی بوو و، ئەو كاتە چەند جەماوەر و ڤیوت هەبوو؟

- یەكەم كارم بریتیی بوو لە دۆبلاژ بە دەنگەكانم، خەڵكیش حەزی دەكرد من ببینێت، بۆیە لە كاتی دۆبلاژكردندا سناپم دەكرد و شێوەی خۆم بڵاوم دەكردەوە، ئەو كاتە پێنج هەزار بینەرم هەبوو.

* چ بیرۆكە و پەیامێك چاكە لە ڕێگەی سناپەوە بڵاوبكرێتەوە و بە خەڵك بگەیەندرێت؟

-بیرۆكەی هۆشیاری و ڕێنمایی چاكترە بڵاو بكرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا نەوەیەك بەڕێوەیە كە پێویستی بە ڕێنمایی و هۆشیاری هەیە.

* ئێستا كۆمەڵە و گرووپ و ستاف پەیدا بوون، بە ناوی سناپەوە كاری بازرگانی و پارە پەیداكردن دەكەن، ڕات چییە لەم بارەیەوە؟

-منیش هەر بۆ ئەو مەبەستە بەكاری دەهێنم، بەڵام بەو چەشنە نییە كە نەشیاو بێت، هەر پۆستێكم بكەم، حیسابی ئەوەم دەكەم كە گەورە و بچووك سەیری دەكەن.

*داهاتووی سۆشیاڵ میدیا بۆ كام تۆڕە سناپ، ئینستا، فەیسبووك؟

داهاتووی سۆشیال میدیا دیار نییە و گرنتی نییە، سەرەتا فەیسبووك هات، دواتر ئیسنتاگرام دواتر تیكتۆك و پاشان كلاب هاوس، كە زوو نەما و شتی دیكەش دێ، بۆیە داهاتووی سۆشیاڵ میدیا دیار نییە، بۆ نموونە: پار كەسێك بە ناوی وەستا خەیری بە ڕستەیەك بووە باو و مۆدە، داهاتووی سۆشیاڵ میدیا كەس نازانێت چ شتێكی دیكەی باوتر پەیدا دەكات

Top