دەرهاویشتە خراپەكانی داعش لە سەر ژینگەی سیاسیی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا
كەوتنی ئەمساڵی كابول بە دەستی چەكدارەكانی تالیبان، لە كەوتنی مووسڵی ساڵی 2014 دەچێت بە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئەمساڵ چۆن دوای كەوتنی كابول كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ بوو بەرامبەر بە تالیبان، لە ماوەی حوزەیران تا ئابی ساڵی 2014یش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ بوو بەرامبەر خەلافەتەكەی داعش و، تەنانەت باس لە دروستكردنی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی لە دژی داعشیش نەدەكرا.
ئەوەی وای كرد، كە جیهان بیر لەوە بكاتەوە، خەلافەتەكەی داعش دەبێت سنووری بۆ دابنرێت و نەمێنێت، ئەو دەرهاویشتە خراپانە بوو كە ڕاگەیاندنی خەلافەت بە دوای خۆیدا هێنای، لەوانە:
1. لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتی قەتەر بە ئاشكرا لە هەوڵی ئەوەدایە كە شەرعییەتی نێودەوڵەتی بۆ حوكمڕانیی تالیبان لە ئەفغانستان پەیدا بكات و، بە ئاشكرا دیالۆگ لە نێوان تالیبان و بەرپرسانی ئەمریكی بۆ كاروباری ئەفغانستان ڕێك دەخات، كە داعیش خەلافەتی ڕاگەیاند، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی ئەو سینتاكسانەی ئەمریكا كە لقیان لە دۆحە «ئامۆژگای برۆكینگز- دۆحە» كۆڕبەندی گەورە گرێ دەدرا و، لەناو ئەو كۆڕبەندانە لەسەر ئاستی ئەكادیمیی زۆر بەرز باس لە لایەنە باشەكانی خەلافەتی داعش دەكرا، وەك هەنگاوێك بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك دەوڵەتێكی ئەمری واقیع مامەڵەی لەگەڵ بكات، بەڵام هەڵەی داعش ئەوە بوو، كە خەلافەتەكەی لەناو دوو دەوڵەت ڕاگەیاندبوو، كە زەمینەی تەواوی بۆ سیستمە كۆنەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆش كردبوو، كە ئەمە لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە كە خۆیان بە خاوەنی ئەو سیستمەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن، قبووڵكراو نەبوو.
2. تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە كە لەسەر ئاستی جیهان بە هاوشانی تەلەفزیۆنێكی وەك «CNN» لە قەڵەم دەدرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، باشترین فیلمی دیكیۆمێنتاری ڤایسنیوز (Vice News)ی 45 خولەكی، لە سەر شێوازی حوكمڕانیی خەلافەت لە ناو شاری مووسڵ و ڕەقە دروست كردبوو، لەم فیلمەدا تیرۆریستانی داعش سەمایان بە دەبابەكانی سووریا و عێراق دەكرد، ئەمەش هیندەی دیكە بووە پڕوپاگەندە بۆ هێزی ئەفسانەئاسای تیرۆریستانی داعش.
3. سەركەوتنی ڕاگەیاندنی خەلافەتی داعش لە سووریا و عێراق، پشتگیرییەكی گەورەی لەناو ڕەوەندی ئیسلامیی سیاسی ڕادیكاڵی ڕۆژئاوا بەدەست هێنا، ئەم پشتگیرییە وای كرد، ژینگەی فرە كەلتووری لە ڕۆژئاوا تێك بچێت و خەڵكانیكی زۆری ئیسلامی سیاسیی ڕادیكاڵی پەیوەندییان بە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی تیرۆریستانی داعشەوە كرد، لەمەش زیاتر تیرۆریستانی داعش كەوتنە بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن بە ڕێگەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە ڕۆژئاوا بڵاویان دەكردەوە، بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش لە دوو مانگی یەكەمی خەلافەتی داعش، جیهان بێدەنگیی هەڵبژاردبوو.
4. غرووری تیرۆریستانی داعش بە سەر هەر دوو سوپای سووریا و عێراق وای كرد، بیر لە هێرشكردنە سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بكەنەوە، وەك شنگال و دەشتی نەینەوا و مەخموور، سرووشتی ئەم ناوچانەش كە سرووشتێكی فرە ئایین و فرە نەتەوەی هەیە، بە هێرشی تیرۆریستانی داعش و داگیركردنی شنگال و پاشانیش بە هاوكاریی چەند سەرۆك هۆزیكی عەرەبی ئەو ناوچەیە، ئێزدییەكان هەڵخڵەتێنران و تەسلیمی داعش كران و، تیرۆریستانی داعشیش پیاوەكانیان كۆمەڵكوژ كرد و، ژن و كچەكانیشیان وەك سەبیە برد، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرامبەریان ڕاوەستا و هێرشەكانیان پێ ڕاگرتن، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی هێزی پێشمەرگە بكات، وەك هێزیك كە لە سەر زەوی دەتوانێت هێرشی تیرۆریستانی داعش ڕابگریت و، تێكیان بشكێنێت، ئەمە وای كرد، پێش ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوپەیمانییەك پێك بهێنێت، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە ئاسمانەوە پشتگیریی پێشمەرگە بكەن و، سەرۆكی فەرەنسا «فرانسۆ هۆلاند» سەردانی هەولێری كرد.
ئاماژەكردن بۆ ئەم باكگراوەندەی ڕێكخراوی تیرۆریستانی داعش بۆ ئەوە بوو كە بڵێین: ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستییە وەك دەرهاویشتەی حاڵەتی فاشیلبوونی هەر دوو دەوڵەتی عێراق و سووریا دروست بووە و لە هەمانكاتدا دەرهاویشتە خراپەكانی تیرۆریستانی داعشیش نەك هەر سنووری هەر دوو دەوڵەتی عێراق و سووریای تێپەڕاندووە، بەڵكو تەواوی دەوڵەتانی ڕۆژئاوای گرتووەتەوە و بووەتە هۆكاری ئەوەی كە خۆیان بڵێن: «بەهاكانی ڕۆژئاوا لە ناو دەوڵەتانی ڕۆژئاوا» بوونی نەماوە.