هێنانەوەی روفاتی (٤١) قوربانی ئێزیدی بۆ شنگال
حکومەتی هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش بە هەزاران بەڵگەیان تۆمار کردووە لەسەر تاوانەکانی داعش
دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ روفاتی (١٠٣) ئێزیدییەکان لە گوندی کۆجۆ بە خاک سپێردران بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و یونیتاد و حکومەتی ئیتیحادی بڕیار وایە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی 9/12/2021 لە مەراسیمێکدا (٤١) روفاتی دیکەی قوربانیانی ئێزیدی بە خاک بسپێردرێت بە بەشداری شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند: دوای پەلامارەکانی داعش بۆ سەر شنگال و چەندین ناوچەی دیکە دڕندەترین تاوانی مێژووییان ئەنجامدا دەرهەق بە ئێزیدییەکان و گشت پێکهاتەکانی دیکەی ئەو ناوچانە لە کوشتن، رفاندن، تێکدانی ماڵ و خانوبەرە، لە ئەنجامدا بە سەدان هەزار کەس لەو ناوچانە ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد. سەرەڕای ئەو کارەساتانەش ئێزیدییەکان بەرگرییان لە ناسنامە و کەلتوور و ئایینی خۆیان کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵ دەدات پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە بە ئازادی و ئارامی بژین و ناوچەکەیان دووبارە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاری سەرەکییان پێ بگات.
سەبارەت بە گەورەیی تاوانەکانی داعش زێباری وتی: رووداوەکانی شنگال و دەوروبەری هەوڵێک بوو بۆ تێکدانی بەها مرۆییە باڵاکانی کۆمەڵگای کوردی کە خۆی لە لێبووردەیی، پێکەوەژیان و برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی دەبینێتەوە، و بەڵگەی دڕندەیی هزری نامرۆڤی تیرۆریستانە هەروەها ئەم تاوانە بە کارەساتێکی مرۆیی دادەنرێت کە هیچی کەمتر نییە لە تاوانەکانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و دەرەکی هەوڵەکانیان یەک بخەن بۆ ئەوەی لە مەحفەلە نێودەوڵەتییەکان وەک تاوانی جینۆساید بناسرێن و ئەنجامدەرانی دادگایی بکرێن بەپێی یاسا و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان.
زێباری تیشکی خستە سەر هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قوربانیانی دەستی داعش بە گشتی و وتی: تا ئێستا (٨٢) گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانیانی ئێزیدی دۆزراوەتەوە، حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدات بەڵگەکانی تاوانەکانی داعشی دیکیۆمێنت بکات و لەم رووەوە مانگانە لە دەستەی لێکۆڵینەوە و کوکردنەوەی بەڵگەکان وچارەسەر کردنی سەر بە حکوومەتی هەرێم زیاتر لە (30) کەیس تۆمار دەکرێت و توانراوە (5170) کەیس دیکیۆمێنت بکرێ لەوانە (2324) لێکۆڵینەوەکانیان تەواو بووە، (٦٠) سکاڵای هەبوونی گۆڕی بە کۆمەڵ و (65) سکاڵای شوێنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان تۆمار کراوە، لەلایەکی دیکەوە توانراوە هاریکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی پێشکەش بە (2234) قوربانی بکرێت لەوانە (1441) ئافرەت و (793) پیاو کە بەشێکیان تەمەنیان لە خوار (١٨) ساڵان بوو، هەر لەم چوارچێوەیەدا لە پرۆسەی ئەرشیف کردنی تاوانەکانی داعش دام و دەزگاکا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم پرۆژەیەکی هاوبەشیان دەستپێکردووە لەگەڵ یونیتاد و تا ئێستا نزیکەی (٧٣٩١٢) لاپەڕە ئەرشیفکراوە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها وتی: لێژنەیەك دامەزراوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگارکردنیان، و تا رۆژی ١/١٠/202١ لە کۆی (6417) رفێندراو توانراوە (3550) کەسیان ئازاد بکرێن لەوانە (1206) ئافرەت (339) پیاو و (1049) منداڵی کچ و (956) منداڵی کوڕ و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمیش بەردەوامن بۆ ئازادکردنیان، جگە لە کوشتن و رفاندن داعش (٦٨) مەزارگەی ئایینی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکەی خاپور کردووە.
لە بارەی ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شنگال و دەوروبەری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی و چوونە دەرەوەی گشت هێزە نایاساییەکان لە شنگال چارەسەری گونجاوی سەقامگیری و ئاسایشە لەو ناوچانە و زامنی گەڕانەوەی دانیشتوانی ئەم ناوچانەیە بۆ سەر زێدی باب و باپیرانیان و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، لێرەدا پێویستە حکومەتی ئیتیحادی هەنگاوی جددی لەو بارەوە بهاوێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە، هەروەها پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە رۆڵی خۆیان هەستن لەم رووەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دیندار زێباری وتی: لە رزگارکردنی شنگال و ناوچەکانی دیکە هێزی پێشمەرگەی کوردستان رۆڵێکی باڵای هەبوو لە پاککردنەوەی ئەو ناوچانە و لەم رووەوە (١٨١٠) پێشمەرگە گیانی خۆیان کردە قوربانی و زیاتر لە (١٠٠٠٠) پێشمەرگە بریندار بوون لەوانە (235) پێشمەرگە ئەندامی جەستەیان لە دەستداوە، (٢٠) چاویان لە دەستداوە و (٣٨) پێشمەرگە تووشی ئیفلیجی بوون لە پێناو ئازادکردنی ناوچەکانیان ئەمەش هێمای بەها باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە خۆی لە برایەتی و پێکەوەژیانی و ئاشتەوایی نێوان گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان خۆی دەبینێتەوە.