نێچیرڤان حوسێن سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بۆ گوڵان:   سەردان و گفتوگۆی سەرۆكی حكومەت لەگەڵ قوتابیان، نیشاندەری خەمخۆریی جەنابیانە بۆ باشتركردنی ڕەوشی پەروەردە و خوێندن

نێچیرڤان حوسێن  سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بۆ گوڵان:     سەردان و گفتوگۆی سەرۆكی حكومەت لەگەڵ قوتابیان، نیشاندەری خەمخۆریی جەنابیانە بۆ باشتركردنی ڕەوشی پەروەردە و خوێندن

 

 

 

* قوتابی و لاوان توێژێكی گرنگی ناو كۆمەڵگەن و بەشێكی سەرەكیی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنن، ئایا یەكێتیی قوتابیانی كوردستان چۆن دەڕوانێتە پرسی قوتابیان؟

- یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە 18ی شوباتی 1953 لەسەر ڕاسپاردەی مەلا مستەفا بارزانی سەركردە و سیمبولی نەتەوەیی كورد، بۆ بەهێزكردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ناو لاوان و قوتابیاندا دامەزراوە، لەمەش گرنگتر بارزانیی نەمر ڕۆڵ و پێگەی لاوان و قوتابیانی بە گەورە دادەنا و، دەیزانی چ ڕۆڵێكیان لەسەر بزووتنەوەی ڕزگارخوازیی كوردستان و لە ئاراستەی ڕووداوەكاندا هەیە، هەرواش دەرچوو، قوتابیان و لاوان بە درێژایی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان و لە شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵاندا ڕۆڵ و پێگەی بەرچاویان هەبووە، ئەمەش لەپێناوی ئەوەدا بوو، كورد ببێتە خاوەنی كیانێكی سەربەخۆ و مافەكانی خۆی بەدەست بهێنێت، ڕاپەرین و ڕیفراندۆم و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش هەمووی بناغەكەی بۆ شۆڕشی بارزان و شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان دەگەڕێتەوە و، قوتابیان و گەنجان داینەمۆی شۆڕشەكان بوون، لە ئێستادا یەكێتیی قوتابیان لە ناو ناوەندەكانی خوێندندا بووەتە پردێكی گەیەنەری داخوازی و گرفتەكانی ئەم توێژە هەستیارو زیندووە. لە مانگی ئۆكتۆبەردا سەرۆك بارزانی وەكو ڕابەر و باوكێك بۆ ڕۆڵەكانی ئەم نەتەوەیە، لە پەیامێكیدا جەختی لەسەر گرنگیی قوتابیان و گەنجان كردەوە و، داوای كرد لە كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا گرنگییەكی زیاتر بە لایەنی پەروەردەیی و خوێندن و پڕۆگرامەكان بدرێت، بە تایبەتی لە ڕووی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەوە، سەرۆك بارزانی ئەو واقیعەی لە بەرچاو ڕوونە كە داهاتوویەكی باشتر، بەندە بە پەروەردەیەكی باشتری نەوەكانمانەوە، لەم ڕووەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەری قوتابیان دانیشت و گفتوگۆی كرد و گوێبستی داواكارییەكانیان بوو، ئەم لێكترنزیكبوونەوەیە گەورەترین دامەزراوەی جێبەجێكار كە حكومەتە، وادەكات وەزارەتە پەیوەندیدار و خزمەتگوزارییەكان زیاتر گرنگی بە توێژی قوتابیان و بەشە ناوخۆییەكانیان و پڕۆگرامەكانی خوێندن بدەن، لەمەش گرنگتر سەرۆكی حكومەت لە نزیكەوە هەستی بەو بۆشاییە گەورەیە كرد كە لە نێوان قوتابیان و وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتدا هەیە، بۆیە سەردانی سەرۆكی حكومەت بۆ لای قوتابیان و گوێبیستی داواكارییەكانیان دڵنیاییەكی باش بوو، ئەو گفتوگۆ ڕاشكاوانە و واقیعییانە بۆ قوتابیان زۆر پێویست بوو.

* بەڵام وەكو لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی زانكۆی سلێمانی و زانكۆكانی دیكەدا بینیمان، هەندێك هێزی دیكە كە خاوەنی ئەجێندای دەرەكی و مەرام و مەبەستی دیكە بوون، داواكارییە ڕەواكانی قوتابیان و لاوانیان بۆ نانەوەی توندوتیژی و ئاژەوە بەكار هێنا، ئایا ئێوە وەكو یەكێتیی قوتابیان و وەك ڕێكخراوێكی یاسایی و پەیوەندیدار بە نوێنەرایەتیی قوتابیان، هەڵوێستتان بەرامبەر ئەم جۆرە كەس و لایەنانە چییە؟

- هەموو قوتابییەك مافی خۆیەتی خۆڕسكانە و مەدەنییانە دوور لە توندوتیژی داواكاری و خواستەكانی بگەیەنێت، خۆپیشاندانیش یەكێكە لە ئامرازەكانی فشار، قوتابیان ئەم حكومەتە وەكو باوكی خۆیان سەیر دەكەن و ئەو مافەیان هەیە داواكارییەكانیان بە كۆمەڵێك شێوازی مەدەنییانە و دیموكراتییانە بە لایەنی پەیوەندیدار بگەیەنن، بەڵام جێگای داخە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان ناكۆكی و تەسفیەی حیساباتی جۆراوجۆر و، تەنانەت تاقمی دز و گێرەشێوێنیش خزانە ناو خۆپیشاندانەكان و ڕۆڵێكی نەرێنیان لە گۆڕینی ئاراستە و ئامانجی خۆپیشاندانەكان هەبوو، كە بەداخەوە توندوتیژیشی لێ كەوتەوە، تەنانەت هەندێك لە سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و كەسایەتی وەك موزایەدە خۆیان نمایش كرد، بێ ئەوەی هیچ كارێك لە بەرژەوەندیی توێژی قوتابیان و لاوان بكەن. ئێمە لە یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بەڵگەمان هەیە كە دەستی سیاسی لە پشت خۆپیشاندانەكان و تەنانەت بەلاڕێدابردنیشی بەرە و توندوتیژی هەبووە، هەر بۆیە ئێمە داواكارین لە دەسەڵاتی دادوەری و داواكاریی گشتی، كە ڕێكاری یاسایی لە دژی بەكارهێنانی سیاسییانەی قوتابیان بگرنەبەر و سووكایەتی بە پیرۆزییەكانی نەتەوەكەمان هەروا لەبیر نەچێت.

بۆ بەدیهێنانی «كوردستانێكی بەهێز» و داهاتوویەكی باشتر بۆ هەرێمی كوردستان پێویستیمان بەوەیە خواست و داواكارییەكانی قوتابیان و لاوان جێبەجێ بكەین، ئێمە پاڵپشتیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە بەپێی توانا گرنگیی بە سێكتەری پەروەردە و خوێندن داوە و، لە ناویشیاندا پاڵپشتیی ئەم توێژانەی كردووە، بەڵام سەرەڕای ئەو تێگەیشتنەمان بۆ ئەو بارودۆخە داراییەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەبێت ئێمە وەكو ڕێكخراوەكانی قوتابیان و هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، خزمەتێكی زیاتری قوتابیان بكەین و پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكەەین، سوپاس بۆ نووسینگەی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەردەوام لەسەر هێڵن، هەمووشمان بینیمان سەرۆكی حكومەت چەندین جار لە نزیكەوە لەگەڵ نوێنەرانی قوتابیان و خوێندكاران دانیشت و گوێی لە خواست و داواكارییەكانیان بوو، ڕاستەوخۆش چەندین بڕیاری گرنگی بۆ باشكردنی دۆخی قوتابیان و بەشە ناوخۆییەكان و ئاسانكاری لە خوێندن و داشكانی كرێی خوێندنی قوتابخانە و زانكۆ ئەهلییەكان دەركرد، ئەوەی دەمێنێتەوە چۆنێتیی باشكردنی بارودۆخی دارایی و كەمكردنەوەی بارگرانییە لەسەر شانی خانەوادەكانیان، بۆ نموونە: هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەتوانن ئاوڕێك لە تێچووەكانی قوتابی بدەنەوە، لە خوێندن و كرێی گواستنەوە و مەلزەمە و كتێب و باشكردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەكان و كەمكردنەوەی نرخی كافتریا و خواردنگەكان، بێ ئەوەی كاریگەریی لەسەر كوالێتی هەبێت، هەروەها هەوڵی ئەوە بدرێت زانكۆكان بە شێوازی جۆراوجۆر ببنە خاوەنی داهاتی خۆیان.

 

Top