سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و به‌ڕێز محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى پرۆسه‌ى سياسى تاوتوێ ده‌كه‌ن

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و به‌ڕێز محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى پرۆسه‌ى سياسى تاوتوێ ده‌كه‌ن

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و به‌ڕێز محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى ته‌قه‌دوم، جه‌ختيان له‌ ڕۆڵ و ئاماده‌يى و پێگه‌ى هه‌ردوو پێكهاته‌ى كورد و سوننه‌ له‌ پرۆسه‌ى سياسيى عيراقدا وه‌ك دوو هاوبه‌شى سه‌ره‌كى له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ى شيعه‌ و پێكهاته‌كانى ديكه‌دا‌، هه‌روه‌ها له‌ گرنگيى هاريكارى و لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى نێوان هێز و لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان كرده‌وه‌ بۆ هه‌نگاونانى پێويست له‌ پرۆسه‌ى سياسيدا و دامه‌زراندنى حكوومه‌تێك كه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ى لايه‌ن و پێكهاته‌ عيراقييه‌كان و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و داوكاريى هاووڵاتيان بێت له‌ دابينكردنى ئارامى و سه‌قامگيرى و خزمه‌تگوزارى و ژيانێكى باشتر.

له‌ ديدارى به‌ڕێزان نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى، سه‌رۆكى هاوپه‌يماينى ته‌قه‌دومدا كه‌ نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/12/7 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، هه‌روه‌ها باسيان له‌ دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى تيرۆر و هێرش و په‌لاماره‌كانى ئه‌م دواييه‌ى داعش كرد به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى بۆشاييى ئه‌منى له‌نێوان سوپاى عيراق و پێشمه‌رگه‌دا كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌يه‌ك شه‌هيدى له‌ ڕيزه‌كانى سوپا و پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتياندا لێكه‌وته‌وه‌.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگى و پێويستيى كاراكردنى زياتر و خێراى ميكانيزمى هه‌ماهه‌نگيى نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وى تيرۆرستان و تێكشكانديان، هه‌روه‌ها ڕاسته‌ڕێبوونى پرۆسه‌ى سياسى و ئارامى و سه‌قامگيريى سياسييان له‌ وڵات، به‌ پێويستييه‌كى له‌پێشينه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا له‌ قه‌ڵه‌م دا.

Top