دكتۆر نەوزاد عەبدوڵا حاجی ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:   چاكسازی لە هەر دوو سێكتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەستی پێ كردووە

دكتۆر نەوزاد عەبدوڵا حاجی  ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     چاكسازی لە هەر دوو سێكتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەستی پێ كردووە

 

 

قوتابیان و خوێندكاران ئەو توێژە گرنگ و هەستیارەی ناو كۆمەڵگەن كە ڕۆڵیان لە پێشخستن و بووژانەوەی هەرێم و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دكتۆر نەوزاد عەبدوڵا حاجی، ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.

 

 

* سەرەتا دەمانەوێت بزانین تاچەند كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی و بایەخی بە هەر دوو سێكتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا داوە، بە تایبەتی قوتابیان و خوێندكاران؟

- پەروەردە و خوێندن لە هەموو وڵاتێكدا بە دوو سێكتەری گرنگی پێشكەوتن و پەرەپێدان دادەنرێن، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە دەستپێكدا بایەخێكی زۆری بە بووژانەوەی ئەم دوو سێكتەرە داوە و، بودجەیەكی گەورەشی بۆ گەشەكردنی تەرخان كردووە، بۆ ئەوەی بەسەر كەموكورتییەكاندا زاڵ ببین و، بە شێوەیەكی ڕاست و دروستیش پلان و بەرنامەكان جێبەجێ بكرێن. لەم دوو سێكتەرەدا قوتابی و خوێندكار لەلای ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێگای بایەخ و گرنگیدانە، لەم ڕووەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار ڕاستەوخۆ لە نزیكەوە لەگەڵ قوتابیان گفتوگۆی كردووە و گوێبستی داواكارییەكانیان بووە، دیدار و چاوپێكەوتنی نوێنەرانی زانكۆكانی كوردستان و بەسەركردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان نموونەیەكی بەرچاوی ئەم ڕاستییەن، بەرنامە و ستراتیژییەتی سەرۆكی حكومەت بەو ئاراستەیە ڕۆیشتووە كە چاكسازیی گەورە و گۆڕانكاری ڕیشەیی لە هەردوو سێكتەرەكەدا ئەنجام بدرێت و، لە ڕووی پراكتیكییەوە دەست بە چاكسازی كراوە.

سەبارەت بە گرنگیدان بە توێژی قوتابیان، هەر خۆی لەخۆیدا چاكسازی و گۆڕانكاری لە پڕۆگرام و سیستمی خوێندن و، تەنانەت بووژاندنەوەی ژێرخانی هەردوو كەرتەكە لەپێناو بووژانەوە و پێشخستنی مەعریفیی توێژی قوتابیدایە، بۆ نموونە: لە پەروەردەدا سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو چاكسازی لە كەرتەكە و، پێشخستنی پڕۆگرام و گرنگیدان بە خودی مامۆستا و قوتابی و ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەبار بۆ فێركردن و پەروەردەكردن دەچێت، بە شێوازێك كە بگونجێت لەگەڵ واقیعی هەرێمی كوردستان و واقیع و گۆڕانكارییە گەورەو بەردەوامەكانی جیهانی پێشكەوتوودا، پاڵپشتی و پشتیوانیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وەزیر و وەزارەتی پەروەردەش لەم چوارچێوەیەدایە، كە سەرباری گرنگیدانی بە پێشخستنی پڕۆگرام و پەرەپێدانی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا و بونیاتنانی ژێرخانی هەردوو سێكتەرەكە، ئاوڕێكی جددیی لە داواكاری و خواستەكانی قوتابیان و خوێندكاران دراوە.

* ئەگەر باسێكی خوێندنی باڵا بكەین، ئایا لە ناو ئەم سێكتەرەدا بۆ قوتابیان و خوێندكاران چی كراوە؟

- لە خوێندنی باڵا گۆڕانكاریی باش كراوە، هەر خۆی لەخۆیدا ڕاگرتنی ئاستی خوێندن لە ناو هەر دوو قەیرانی سەختی دارایی و كۆرۆنادا دەستكەوتێكی گەورەیە، لە ناو ئەم قەیرانەشدا توانرا لە 40%ی كرێی خوێندنی خوێندكاران لە زانكۆ و كۆلێژەكان كەم بكرێتەوە، كە بۆ كەمكردنەوەی بارگرانیی سەرشانی قوتابی و خانەوادەكانیان كارێكی باش بوو، ئەمە وێڕای وەرگرتنی ژمارەیەكی زۆری خوێندكاری دەرچووی پۆلی12ی ئامادەیی لە كۆلێژە جیاوازەكاندا، بەتایبەتی لە زانكۆ حكوومییەكاندا، هەروەها تەرخانكردنی كورسی خوێندن بۆ ژمارەیەكی زۆری خوێندكاران بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا.

* ئایا خراپیی بارودۆخی دارایی چۆن كاریگەریی لەسەر دەركەوتنی هەندێك گرفت و كێشە كردووە، بەتایبەتی لە بەشە ناوخۆییەكانیدا؟

- پێش دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرفتی بەشە ناوخۆییەكان هەبووە و داهات لەبەردەستی زانكۆكاندا نەبووە، بۆیە گەلێك گرفتی بەشە ناوخۆییەكان و ڕاوەستانی هاوكاریی قوتابیان و گرفتی تەكنیكی لە ناو زانكۆكانی كوردستاندا دروست بووە، زۆر لەم كێشە و گرفتانە بەرەو چارەسەركردن دەچێت. سەبارەت بە هاوكاریی قوتابیان، ئەگەر وەكو ژمارە سەیری بكەین، ژمارەیەكی گەورەیە، بەتایبەتی لەگەڵ وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیان كە هاوكاتە لەگەڵ داشكانی كرێی خوێندن لە زانكۆ ئەهلییەكان و پەرەڵێڵ و دەركەوتنی شوێنەوارە مەترسیدارەكانی كۆرۆنا، سیاسەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان بە شێوازێكی درێژخایەن و ڕیشەییە، نەك چارەسەرێكی كاتی و دواتر سووڕانەوە لە چوارچێوەیەكی داخراودا.

* هەندێك كەس و لایەنی سیاسی بە مەبەستی موزایەدە و بەدەستهێنانی دەستكەوتی شەخسی گرفت و كێشەكانی قوتابیان و خوێندكاران بۆ مەرامی دوور لە خواست و ویستی ئەم توێژە بەكار دەهێنن، ئایا تا چەند ئێوە ئاگاداری ئەم دیاردەیەن؟

- بەلاڕێدابردنی داواكاری و خواستە ڕەواكانی قوتابیان و خوێندكاران، بەتایبەتی لە زۆنێكی دیاریكراودا كە بوونی پەكەكە و زۆر لایەنی سیاسی هەیە و، بۆ مەرام و ئەجێندای دەرەكی كار دەكەن، یان لە ڕێگەی ئاژاوە و پشێوییەوە دەستكەوتە تایبەتییەكانیان دەست دەكەوێت، هەموو ئەمانە كاری زۆر قێزەون و ناشیرینن و زیانی گەورەیان بە خودی داوا ڕەواكانی قوتابیان و خوێندكارانیش گەیاندووە، خۆشبەختانە خوێندكاری زانكۆ توێژێكی ژیر و وریایە و ڕێگە نادات ئەم داواكارییانەیان بۆ مەرامی دوور لە خواستی ئەوان بەكار بهێنرێت، من بەردەوام داواكارییەكانی خوێندكاران بە مەشرووع و یاسایی و ڕەوا دادەنێم، بەڵام بارودۆخی هەرێمی كوردستان زۆر هەستیارە و، دوژمنەكانی ئەم گەلە لە بۆسەدان بۆ زیانگەیاندن بە كورد، ئەمەش لە ڕێگەی ناشیرینكردنی حكومەتەكەیانەوە، بۆیە دەبێت بە شێوازێكی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی داواكارییەكانی خۆیان بەرز بكەنەوە، من خوێندكار بە پێشمەرگەی گیانفیدا و خۆڕاگری خوێندن و زانست وەسف دەكەم، لە شەڕی داعش و پاراستنی قەوارەی كوردستان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا قوتابیان ڕۆڵێكی بێ وێنەیان هەبووە، هەر بۆیە ڕێگە نادەن بۆ مەرامی شەخسی و ئەجێندای دەرەكی بەكار بهێنرێن. لەلایەكی دیكەوە قوتابیان خاوەنی ڕێكخراون و نوێنەرایەتیی مەشروع و یاسایی خۆیان هەیە، كە یەكێتی قوتابیانی كوردستان و كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان و هەموو ڕێكخراوەكانی دیكەی حزبەكانن كە بە یاسا مۆڵەتی كاركردنی پیشەییان پێ دراوە و گرنگیی تایبەتیی خۆیان هەیە، بە تایبەتی ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان كە ڕۆڵێكی گەورەیان بینی لە هەموو قوتابخانە و زانكۆكانی كوردستاندا و زمانحاڵی ئەم توێژە گرنگە و پارێزەری مافە ڕەواكانی قوتابیانن، قۆناغەكەی ئەمڕۆ ئەركی ئەوانیش قورس دەكات، بەوەی زیاتر ڕۆڵ لە ناو توێژی قوتابیاندا بگێڕن و ڕێگا نەدەن كەسانی دیكە و گرووپ و كۆمەڵەی گومانلێكراو لە ناو حەرەمی قوتابخانە و زانكۆكاندا كاری تێكدەرانە و گوماناوی ئەنجام بدەن. من قوتابیان و خوێندكاران دڵنیا دەكەمەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر هێڵە و هەموو توانای خۆی بەكار دەهێنێت، بەوەی بودجەی پێویست بۆ هەردوو كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابین بكات و، گرفت و كێشەكانیان چارەسەری بنەڕەتی و ڕیشەیی بۆ بدۆزێتەوە.

 

Top