سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 6ی دیسەمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئێریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە ئۆليڤيێ ديكۆتينێ كونسولى گشتيى فه‌ره‌نسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی گشتیی و پرۆسەی سیاسیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش، بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرا.
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە گرنگیی برەودان بە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە بەشێکە لە هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە، بە ئامانجی چۆلکردنیان و گۆڕینی دێمۆگرافیای ناوچەکە .
باڵیۆزی فەرەنسا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتکردەوە لە شەڕی دژ بە داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریستان بوونەتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی کۆچبەرانی سنووری بێلارووس و پۆڵەندا تاووتوێ کرا. باڵیۆزی فەرەنسا، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە پێناو ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و هەروەها کارئاسانیکردن بۆ ئەو کۆچبەرانەی بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە، گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.

Top