سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى فه‌ره‌نسا دۆخى عيراق تاوتوێ ده‌كه‌ن
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى هۆشدارى دا له‌وه‌ى هێرش و په‌لاماره‌كانى ئه‌م دوايييهى داعش، مه‌ترسيى ڕاسته‌قينه‌ن بۆ سه‌ر ئارامى و سهقامگيريى عيراق و ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه له ئاسايشى جيهانيش ده‌كات، بۆيه پێويسته پشتگيريى كۆمه‌ڵگه و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان پته‌وتر بكرێن و عيراق و هاوبه‌شانى پێكه‌وه كارى جدديتر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و له‌ناوبردنى بكه‌ن.
له ميانى پێشوازى و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئێريك شوڤاليێ باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له عيراق كه ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2021/12/5 له هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها ڕاسته‌ڕێكردنى پرۆسه‌ى سياسى له وڵات و بوونى سهقامگيريى سياسى به پێويستييه‌كى لهپێشينه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تێكشكاندنى يه‌كجاره‌كيى داعش له قه‌ڵه‌م دا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێز ئۆليڤيێ ديكۆتينى، كونسولى گشتيى فه‌ره‌نسا و به‌رپرسان له سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيش ئاماده بوون، دوا پێشهاته سياسى و ئه‌منييه‌كانى عيراق، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كانى، هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى فيدراڵى عيراق و پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تيكشاندنى داعش، هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى سه‌ربازيى پێشمه‌رگه و سوپاى عيراق و به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستانى پێويسته. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه به‌ڕێز باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له عيراق، وێڕاى سه‌ره‌خۆشى بۆ كه‌سوكاری شههيدانى ئه‌م دواييه‌ى ده‌ستى تيرۆر له پێشمه‌رگه و هاووڵاتيان، به‌رده‌واميى هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كى وڵاته‌كه‌ى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه.
ده‌رباره‌ى حكوومه‌تى داهاتووى عيراقيش هه‌ردوولا جه‌ختيان له گرنگيى هاتنه‌كايه‌ى حكوومه‌تێك كرده‌وه كه مايه‌ى ڕه‌زامه‌ندى و كۆكهرهوهى هێز و پێكهاته‌كانى عيراق و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانى و داواكارييه‌كانى هاووڵاتيان له ئارامى و ژيانێكى باشتر بێت، هه‌روه‌ها به‌ره‌نگارى ته‌حه‌دييه‌كانى ئێستا و داهاتوو ببێته‌وه و ڕۆڵى خۆى له پاراستنى ئارامى و سهقامگيريى ناوچه‌كه‌دا بگێڕێت.
په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه كوردستانييه‌كان و هاوبه‌شيى كارايان له به‌غدا، په‌تاى كۆڤيد_19 و لێكه‌وته‌كانى، پرسى كۆچ و دۆخى په‌نابه‌ران له بيلاڕووسيا و پۆلۆنيا، ڕه‌وشى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ده‌شتى نه‌ينه‌وا و شه‌نگال، ئاماده‌يى و ڕۆڵى فه‌ره‌نسا له ناوچه‌كه به‌گشى، دوايين پێشهاته‌كانى سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.