سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆک پوتین کۆبووەوە

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆک پوتین کۆبووەوە

ئێوارەی دوێنێ ٢\١٢\٢٠٢١ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز میخائیل بەگدانۆڤ نێردەی تایبەتیی بەڕێز ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا و جێگری وەزیری دەرەوی ڕووسیا کرد کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی هاوبەشی دیپلۆماسی، سیاسی و ئابووریی وڵاتەکەی سەردانی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکات.

بەڕێز بەگدانۆڤ سڵاو و ڕێزی سەرۆک پوتین و بەڕێز وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆی بە دەرفەتی ئەم کۆبوونەوەیە دەربڕی بۆ ئەوەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی دۆخی ناوچەکە و پرسەکانی جێی بایەخی هەردوولا بکەن، هەروەها ستایشی ئاستی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و خواستى ڕووسیای بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، پاشان پوختەیەکی دەربارەی سەردانەکەی بۆ هەریەکە لە تاران، بەغدا و هەولێر خستە ڕوو.

ئینجا هەردوولا دۆخی عیراق و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامەکان و دید و خوێندنەوەیان بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی و دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عیراق تاوتوێ کرد و تیشکیان خستە سەر ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر عیراقیش هەیە و جێی بایەخی ڕووسیان، وەک دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکە. هەر لەمبارەیەوە بەڕێز بەگدانۆڤ باسی لە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنەکەسە کرد.

لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە نیشان دا و سوپاسی سەرۆک پوتین و بەڕێز وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بۆ ناردنی سڵاو ڕێزیان کرد و پێزانین و سوپاسگوزاریی هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە ڕووسیا کرد کە لە کاتە سەختەکاندا پشتگیری و هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە، هەروەها سڵاو ڕێزی پێشکەش بە سەرۆک پوتین و بەڕێز وەزیری دەرەوی ڕووسیا کرد و ئامادەیی و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەدوانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا دووپات کردەوە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە لە عیراق بەشێک دەبێت لە چارەسەر و بەشێک نابێت لە کێشەکان و چاوەڕێی ئەوەن لایەنە شیعییەکان ناکۆکییەکانیان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چارەسەر بکەن تا دواتر بە پێی ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان پرۆسەی دامەزراندنی حکوومەت دەستپێ بکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوەی گرنگە هەموو لایەنێک درک بە هەستیاریی قۆناغەکە بکەن و کار بۆ ئارامی و سەقامگیری بکەن.

دەربارەی دۆخی سووریاش سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕوونی کردەوە کە دۆخ و قەیرانی سووریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوشی عیراق هەیە و هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان ڕوون بووە کە پێویستە کورد لە چوارچێوەی سووریادا کێشەی خۆی چارەسەر بکات و بوونی تێگەیشتنێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەکانیانی بە پێویست و گرنگ زانی.

هەردوولا باسیان لە لیژنەی هاوبەشی عیراقی – ڕووسی کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە گرنگە هەرێمی کوردستان لەو لیژنەیە سوودمەند بێت. سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش تێگەیشتنی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە و هێزە جیهانییەکانی بە پێویست زانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە کێشە و قەیرانەکان لە ناوچەکە بە تەنیا هێز و لایەنێک چارەسەر ناکرێن، بەڵکوو بۆ ئەم مەبەستە هاوکاریی هەمەلایەنە پێویستە و هەردوولا کۆک بوون کە داعش هێشتا لە عیراق و سووریا و ناوچەکە هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە.

Top