راگەیاندراوی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە رێکەوتی ١٠ـی ١٠ـی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، بە پاکی و دیموکراسییانە بەڕێوەچوو تا ئەو کاتەی بەبڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دەستەی دادوەری ماوەی تانە لێدانەکان بە نایاسایی درێژکرایەوە، بەمەبەستی دەستکاری ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی ھەندێک لایەنی دیاریکراو.
دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی پارتیمان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و دەستەی دادوەری کۆبوونەوە، دەرکەوت تەواوی بەڵگەکانمان سەلمێنەری پێشێلکاری بوون، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم دەستێوەردان و گۆڕانکاری و پێشێلکارییانە رەتدەکەینەوە و داکۆکی لە مافی کاندید و دەنگدەران دەکەین و، بە پێویستیشی دەزانین مافی زەوتکراویان بۆ بگەڕێتەوە، لەو روانگەیەوە لەپێناو دادپەروەری و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان، بە ڕێکاری یاسایی بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانمان لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەو مافانە و لابردنی پێشێلکارییەکان و، ھەنگاوەکانی داھاتووشمان لە کاتی خۆی دا رادەگەیەنین.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢ـی ١٢ـی ٢٠٢١