یاسایەكی گشتگیر پێویستە بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمی كوردستان

یاسایەكی گشتگیر پێویستە  بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی ئاو  لە هەرێمی كوردستان

 

ئاو وێڕای ئەوەی پێداویستییەكی هەرە سەرەكیی ڕۆژانەی مرۆڤە، لە هەمان كاتیشدا ڕۆڵی ئاو لە زۆر بواری دیكەشدا دیار و بەرچاوە، لەوانە بۆ نموونە:

یەكەم: ڕۆڵی ئاو لە ئاوەدانكردنەوەدا:

 زۆربەی هەرە زۆری ناوی گوندەكان پێشگر، یان پاشگری (ئاو)، یان (كانی) پێوەیە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كانی و سەرچاوەكانی ئاو هۆكاری سەرەكیی كۆبوونەوەی خەڵك بوون لەو شوێنەدا كە ئاوەدان كراوەتەوە.

دووەم: ڕۆڵی ئاو لە سەرهەڵدانی شارستانییەتەكاندا:

شارستانییەتی دۆڵی دوو ڕووبار، یان میزۆپۆتامیا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ناوی كۆن و دێرینی ئەم ناوچەیە و عێراقی ئێستا هەزاران ساڵ لەمەوبەر بە هۆكاری هەردوو ڕووبارەكەیەوە بووە، بۆیە هەر بەو ناوەشەوە ناوی لێ نراوە، یان وڵاتی میسر كە بە دۆڵی نیل ناسراوە، ئەمانە و چەندەها نموونەی دیكە.

سێیەم: ڕۆڵی ئاو لە پەرەسەندنی كەلتووردا:

تەماشاكردنی ئاو وەك بنچینەی ژیان و تێكەڵبوونی ئاو لەگەڵ ئایینەكاندا، چ بۆ خۆشوشتن و خۆپاككردنەوە و دەستنوێژ و شوشتنی مردوو، یان خۆلەئاوهەڵكێشان، لەمانەدا ئاو كۆڵكەی هاوبەشە، لێرەشەوە سروتە ئایینییەكان بوون بە بەشێك لە كەلتووری گەلان و، ئاو لە شیعر و پەخشان و پەند و فۆلكلۆریشدا ڕەنگی داوەتەوە.

چوارەم: ڕۆڵی ئاو لە ناساندنی گەلان بە یەكدی:

 ئەو ڕووبارانەی كە بە زیاتر لە یەك وڵاتدا تیپەڕبوون، هۆكاری گواستنەوەی سەرەتاییانەی وەك كەشتی لە ڕێگەی ڕووبارەكانەوە بازرگانییان كردووە و، بە یەك گەیشتوون و یەكدییان ناسیوە.

بۆیە ئەمڕۆ بە هۆی گۆڕانكارییە نەرێنییەكانی كەش و هەواوە جێگەی خۆیەتی ئێمەش وەك وڵاتانی دیكە لە خەمی پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو بین و، بە گرنگتر لە سامانی نەوتی بزانین، چونكە وەك وتراوە: مرۆڤایەتی ساڵانێكی زۆر بە بێ نەوت ژیاوە، بەڵام نەیتوانیوە و ناتوانێت بە بێ ئاو بژی. لەم پێناوەشدا زۆر گرنگە چەند هەنگاوێكی هەمە جۆر بنێین، لەوانە بۆ نموونە:

1. خێراكردن لە بونیادنانی بەنداوی پێویست بۆ كۆكردنەوە و گلدانەوەی هەموو ئاوی باران، بۆ ئەمەش بێگومان بوونی ئیرادە زۆر پێویستە بۆ كۆكردنەوەی ئاو و، بوونی ئیدارەش زۆر پێویستترە بۆ چۆنیەتیی بەكارهێنان و دابەشكردنەوەی ئاو.

2. سوودوەرگرتن لە ئاوی سەر زەوی و ڕووبارەكان و پاراستن و پارێزگاریكردن لە ئاوی ژێر زەوی و قەدەغەكردنی لێدانی بیری نایاسایی.

3. بایەخدان بە ئاو وەك (بڕ) و وەك (جۆر)، لە پێناوی پاراستنی هەمەجۆریی زیندەوەران و (بایۆدایڤیرسیتی) و، باش ڕاگرتنی هاوسەنگیی ژینگەیی.

4. سەرخستنی ئاوی نێو ڕووبارە قووڵەكان بۆ ئاستی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە ڕێگەی ترومپا و پەمپی تایبەتەوە، چونكە زۆرێك لە ڕووبارە باریكەكان دەكەونە نێو قووڵایی دۆڵەكانەوە.

5. بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەچێت، سەرپۆشكردنی ڕووبارەكان بە پانێڵی بەرهەمهێنەری وزە لە تیشكی خۆر زۆر پێویستە و، هەروەها ناوپۆشكردنی ڕووبارە لاوەكییەكانیش بە ماددەی تایبەت.

6. گۆڕینی كاری كشتیاری لە شێوازی كۆنەوە بەرەو شێوازی زیرەكی كشتوكاڵكردن و، كۆتاییهێنان بە شێوازیی كلاسیكییانەی ئاودان و ئاودێری.

7. پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و تەماشاكردنی وەك نەوتی یەدەك بۆ ئایندە و كاتی تەنگانە.

8. كاركردن بە چەمكی هاوكاری و دابەشكردنی عادیلانەی ئاو لە نێوان وڵاتان و یەكە ئیدارییەكاندا و، دووركەوتنەوە لە چەمكی ترساندنی ژینگەیی و ململانێی توندوتیژ.

9. قەدەغەكردنی بەكارهێنانی پێكهێنەرەكانی ژینگە لە جەنگدا بە گشتی و ئاو بە تایبەتی.

10. دەرچواندنی یاسای پاراستن و بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمی كوردستان.

 

Top