وەزیری دەرەوەی سوێد گەیشتە هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 22-11-2021 ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوێد بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
سەردانەکەی لیندێ بۆ هەولێر لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە گەیشتە بەغدا، ئەمڕۆ دووشەممەش لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە.
سوێد و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی و درێژخایەنیان هەبووە. لەکاتی شەڕی داعش، سوێد نزیکەی 200 راوێژکاری سەربازی بۆ هاوکاریی پێشمەرگە ناردە هەرێمی کوردستان. هاوکات ژمارەی ئەو کوردانەی کە لە سوێد دەژین، زیاتر لە 150 هەزار کەسن.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت پێشوازییان لە لیندێ کرد.
وەزیری دەرەوەی سوێد لەگەڵ هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی کۆدەبێتەوە.
شۆڕش قادر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوێد پێش گەیشتنی وەزیری دەرەوەی سوێد قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی ئەجێندای سەردانەکەی ئان لیندێ گوتی، "سوێد گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدات و هەرێمی کوردستانیش دەبێت چارەسەری هەندێک کێشە بکات."
لەبارەی ئەجێندای سەردانەکەی لیندێ بۆ هەولێر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "بێگومان باسی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق، کێشەکانی هەولێر و بەغدا و کێشەکانی نێو هەرێمی کوردستان دەکرێت." جگە لە سەردانی دامودەزگەکانیش، سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەکات، چونکە حیزبەکەی لیندێ کە سۆسیال دیموکراتە، دەستەخوشکە لەگەڵ یەکێتی.
هاوکات لەبارەی دیموکراسی و مافی مرۆڤیش، وەزیری دەرەوەی سوێد لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەبێتەوە و باسی پرسەکە دەکەن.
ئێستا ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندان کە بەشێکی زۆریان کوردن، لە وەڵامی ئەوەی سوێد چی بۆ کۆچبەران دەکات و رۆڵی چی دەبێت؟ شۆڕش قادر گوتی، "سوێد بە گرنگی دەزانێت هاوکارییان بکات، ئەوەش تەنیا بە سوێد ناکرێت. گرنگییەکە لە کوردستانە و دەبێت لێرە هاوکارییان بکرێت، ئێمە دەبێت گرنگی بە هاووڵاتی کورد بدەین و پرۆگرامێکمان هەبێت تاوەکو کۆچ بەردەوام نەبێت."