كاریگەریی چات و بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی شوفێریدا
چەمكی مۆبایل خۆی شۆڕشێكی فرە ڕەهەندی تەكنەلۆژیایە و كودەتایەكی خێرا بوو لە چەقبەستوویی زانستی گەیاندن. لەو ئامێرەدا هەموو گۆی زەوی لە ڕووبەرێكی بچووكدا كۆكرایەوە. بەم كارە عەقڵییەتی مرۆڤ ئەوەی سەلماند كە دەتوانێت گەورەترین ئەفسوونی زانستی بكات و، زەمەن بە خێراییەكی سەرسوڕهێنەر بڕوات، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو ئامێرە وەكو ئینتەرنێت نییە، هەموو كەس دەتوانێت بەكاری بهێنێت و سوودی لێی وەربگرێت، واتە هەموو توێژەكانی كۆمەڵ لە هەموو ئاستەكانی تەمەن و هەردوو ڕەگەز و هەموو ئاستەكانی خوێندەواری كە هەردووكیان دەتوانن بە ڕێژەیەكی لێك نزیك وەكو یەك لەو ئامێرە سوود ببینن، تەنیا بۆ ماوەیەك پرۆڤەیان دەوێت. بەڵام بوارەكانی دیكەی تەكنەلۆژیا بۆ نموونە ئینتەرنێت زیاتر كاتی دەوێت. شتێكی دی لە مۆبایلدا خێرایی مۆدیلەكانیەتی لە ڕووی ڕكابەریی فرە زانیاری و بەكارهێنانی بەردەوام دەگۆڕێت.
هەموو ئامێرەكانی گەیاندن ئەگەر لە ڕووی ماددی و كەسی زیانی هەبێت، ئەوا ئامێری مۆبایل ئەو زیانەی كەمترە، بەڵام لە ڕووی كۆمەڵایەتی زیانی زیاترە. كەواتە بۆمان دەردەكەوێت ئامێرەكانی تەكنەلۆژیا جگە لە سوودگەیاندن بە مرۆڤایەتی، ئەوا لە بەرامبەردا زیانیشی هەیە. بەڵام مۆبایل ئەو زیانەی لە ڕووی كۆمەڵایەتی و سەلامەتی هەیە، بۆ نموونە: كاتێك كەسێك شوفێری دەكات، یەكێك لە هونەرەكانی شوفێری تەركیزكردنە بۆ سەلامەتی، بەڵام كاتێك مۆبایل بە كار دەهێنێت و، چات و سناب دەكات، ئەوا تەركیزی دەچێتە لاوازترین خاڵ بۆ شوفێری، هەموو ئەو كەسانەی كە لە بواری یاسای هاتوچۆ كاردەكەن، باس لەوە دەكەن زۆرترین ڕووداوی هاتوچۆ لەسەر بەركارهێنانی مۆبایل و چاتكردنە لە كاتی شوفێریدا. واتە لە داتای شیكارییەوە دەبێ مرۆڤ شرۆڤەی بۆ بكات و، لەسەری بوەستێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ژمارەكان ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر دەبن. لە دادگای كەتن و تاوان ئەو ژمارانە ئەوە دەسەلمێنن كە ڕێژەی مردن و برینداربوون جگە لە زەرەری ماددی بە موڵكی تایبەتی و گشتی نزیكەی (53%) زیادی كردووە لە چاو ساڵانی پێشوو، واتە پێش پەیدابوونی ئامێری مۆبایل كە هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیی نادروست لە ڕێگەی مۆبایل لە كاتی شوفێریدا، زۆر شەڕ و ئاژاوە لە نێوان خەڵكەكانەوە بووە بە هۆی گاڵتەپێكردنەوە لە ڕێگەی مۆبایل. چەندان جار گوێبیستی ئەوە دەبین كە شوفێران لەم كاتەدا جنێۆ بە یەكتری دەدەن، یان هەڕەشە لە یەكتری دەكەن، بە هۆی ئەوەی كە لەكاتی لێخوڕین مۆبایلی بەكارهێناوە و ئاگای لە خۆ نەبووە. بەدیوێكی دیكەی كۆمەڵایەتییەوە بە هۆی مۆبایل و نامەناردنی ئەلیكترۆنی كۆمەڵێك كێشە وگرفت كە هەموویان پۆلین دەكرێن بە كێشە و ئاریشەی كۆمەڵایەتی و لێك هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی خێزانی و نەمانی پیرۆزیی پەیوەندیی هاوسەرگیری، ئەمەش وەكو فشارێكی دەروونیی پەنگخواردوو كار دەكاتە سەر دەروونی تاك و لە كاتی شوفێریكردن ڕێژەی هەڵچوونی زیاد دەبێت و، لە بچووكترین كێشە تووڕە دەبێت و، ئامادەیی شەڕی تێدا بەرجەستە دەبێت. لەوانەیە چەكی تێدا بەكار بێت، بۆیە زۆر جار لەسەر شكانەوەی ئۆتۆمبێل، یان هۆرن كێشەی گەورە دروست بووە، ئەمەش لە شیكاریی باری دەروونی دەگەڕێتەوە سەر خراپ بەكارهێنانی مۆبایل بۆ ماوەیەكی زۆر پێش شوفێریكردن. جگە لەوەی خودی مۆبایل گەورەترین شۆڕشی عەقڵی مرۆڤایەتی بووە لە بواری ڕاگەیاندندا، بەڵام دیوەكەی دیكەی مۆبایل گرفت و زیانی كۆمەڵایەتی بووە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە گەلێ كارەساتی لێ كەوتووەتەوە.
لەوەتەی ئەو ئامێرە داهێنراوە، بە هەزاران لێكۆڵینەوە و نووسینی لە بارەوە نووسراوە، لە ڕووی زیانەكانی و زەرەرگەیاندن بە تاك لە ڕووی فسیۆلۆژی و دەروونی و كۆمەڵایەتی، جگە لە دروستكردنی كێشە و گرفتی كۆمەڵایەتی، بەڵام بەر لە دروستكردنی مۆبایل زانایانی تەكنەلۆژیا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوون، چۆن بتوانن كۆدەكانی مێشكی مرۆڤ وەربگرن و خودی شەپۆڵەكان بكەنە لەرەلەری لەیەكتری گەیشتن و ئاخاوتن بەبێ بەكارهێنانی هیچ ئامێرێكی دەرەكی، بۆ نموونە دووكەس بە ملیۆنەها كیلۆمەتر لەیەكتری دوورن دەتوانن بەهۆی ئەو ئامیرە بچووكە قسەبكەن و وێنەو دەنگ بەكاربهێنن لە ڕێگەی كۆدی شەپۆلەكان و بەكارهێنانی ئەلكترۆنی سەربەست لە بۆشاییدا. زانایان بیریان لەوە كردەوە ئەم پرۆسەیە بگوازنەوە بۆ ناخی خودی مرۆڤەكە، واتە مێشكی مرۆڤ هەمان خەسڵەتی فیزیایی و كیمیایی ئەو ئامێرە وەربگرێت و ببێتە جێگرەوەی پەیوندیكردن، كاریگەریی مۆبایل و ئامێرەكان لەسەر خودی مرۆ كەم بكەنەوە و، تاكێكی ئارام دروست بێت لە كاتی كاركردن و شوفێریكردن و لە هەوڵی ئەوەدا بوون زیانەكانی مردن زۆر كەم بكەنەوە. واتە هەر كاتێك تۆ بیر لە هاوڕێیەكەت بكەیتەوە، لە هەر سووچێكی ئەو زەمینە بێت، ئەوا ئەویش بیر لە تۆ دەكاتەوە و دەتوانن قسە لەگەڵ یەكتری بكەن و زانیارییەكان ئاڵوگۆڕ بكەن و لە هەواڵی یەكتری بپرسن، تەنیا كۆدی یەكتر بزانن، بە بێ ئەوەی كەسی سێیەم بێتە نێو بازنەی گفتوگۆ، ئەمەش لە چەند ڕوویێكەوە سوودی زۆری هەیە، وەكو سەلامەتیی خودی مرۆڤەكە لە ڕووی فسیۆلۆژی مێشك و سەلامەتی لە نەخۆشی و كەم خەرجی و پیسنەبوونی ژینگە و ڕوونەدانی ڕووداو و كۆمەڵێك ڕەهەندی دیكە، ئەم بیركردنەوەیە ئەگەرچی ئەمڕۆ خەونە، بەیانی ڕاستییە كە هۆكارێكی سەرەكیی چارەسەری دەروونیی تاكە بۆ سەرجەم گرفتەكان، واتە مێشك دەبێتە گەورەترین كۆمپانیای پەیوەندیكردنی بە بێ زیان، زانایان ئەو مەترسییەیان خستەڕوو كە زۆر بەكارهێنانی مۆبایل مێشك ماندوو دەكات و، خانەكانی بێ كەڵك دەبن و لەناو دەچن و، تاك كۆنتڕۆلی خۆی لە دەست دەدات و كەسێكی شەڕانگێز دەبێت، ڕەنگە تەمەنی مێشك زۆر كەمتر بێت، لە تەمەنی جەستە، واتە مێشك هیلاك دەبێت و جەستە هەر زیندووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە شەپۆلەكانی مێشك زوو لەكاردەكەون، ئەگەر لە توانای خۆیان زیاتر ماندوو بن بە هۆی زۆر بەكارهێنانی مۆبایل. چونكە هەستیاریی شەشەم كە لە زانستی دەروونی بە «پاراسایكۆلۆژیا» ناسراوە، كۆمەڵێك نهێنیی پەیوەندیكردنی هەیە كە تا ئێستا زۆربەیان ئاشكرا نەبووە و نەتوانراوە بە شێوەیەكی زانستی ڕەشنووسی ئەم لایەنە ئاشكرا بكرێت. كاتێك زانایان باس لە تەلەپاسی (أیحاء)ی خودی دەكەن، واتە قسەكردن لەگەڵ كەسانی ون و شاراوە، یان شوێنهەڵگر، یان خەواندنی موگناتیسی، یا قسەكردن لەگەڵ ڕۆحدا، ئەمانە كۆمەڵە فیگەرێكن دەكرێت زانایان كاری لەسەر بكەن لە حاڵەتێكی هەستەوەری شاراوە بیگۆڕن بۆ بەرجەستەبوون و پڕۆسەیەكی ڕۆژانە. هەر لەسەر ئەمەشدا دەرهێنەرانی سینەما فلیمێكی لەو شێوەیان دەرهێنا كە كوڕ و كچێك پەیوەندیی خۆشەویستییان دەبێت، لە شوێنێكی ژووانگرتندا كچەكە ئامادە نابێت، بە بیانووی ئەوەی تاقیكردنەوەی هەیە، بەڵام كوڕەكە دەڵێت من شارەزایی یۆگام هەیە، ئەو مەشقە دەكەم تۆ لە كاتی پرسیار دابەشكردندا لە خەیاڵی خۆتدا پرسیارەكان بخوێنەوە و وەكو (أیحاء) بۆ منی بنێرە، ئەمیش لە هەمان كاتدا لە ژوورێكی چۆڵ و بێ دەنگ دەبێت، لە كاتی خوێندنەوەی پرسیارەكان هەمووی بە هۆی كرداری پاراسایكۆلۆژی (تەلەپاسی) وەڵامی هەموو پرسیارەكان دەدۆزێتەوە، بە هەمان كرداری تەلەپاسی ڕەوانەی دەكات و، كچەكەش وەكو سروش وەری دەگرێت و، وەڵامی ڕاست و دروست دەنووسێ و باشترین نمرە بەدەست دەهێنێت. ئەمە بەشێكە لە بایەخدانی زانایان بە نهێنییەكانی مێشك و دەرفەت وەرگرتنی بۆ بەكارهێنانی تۆڕی پەیوەندیی مێشك بەپێی داتای شەپۆلەكان. ئێستا ئەمە لە ئۆتۆمبێلە زیرەكەكان تاقی دەكەنەوە، كە ئۆتۆمبێلەكە بەشێك بێت لە مێشكی مرۆڤ. خۆی كۆنتڕۆلی حۆی بكات، ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی كارەسات و ڕووداوەكان ئەگەر شوفێر بە شتی دیكە خەریك بوو، وەكو بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی لێخوڕین.
هیچ كاتێك سوودەكانی ئامێرەكانی مۆبایل تەواو نابێت، چونكە ڕۆژ بە ڕۆژ داتای نوێ لەو ئامێرەدا سەر هەڵدەدات، جگە لەوەی هێلی ئینتەرنێت و تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و سەتەلایت لەو ئامێرە بچووكەدا كۆكراونەتەوە، ئەوا كۆمپانیاكان سەرقاڵی ئەوەن كە مۆبایلی پزیشكی دابهێنن و ئەو ئامێرە مۆبایلە بەردەوام چاودێریی تەندروستیت دەكات لە فشاری خوێن و ڕێژەی شەكرە و لێدانی دڵ و ئەنزیمە ڕژێنەكان و ئاگادارت دەكاتەوە لە تێكچوونی هاوسەنگی و چارەسەركردنی كتوپڕ و چۆنیەتی هەڵسوكەوتكردن لە كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە تایبەتی بارهەڵگرەكان. ئەمە گەورەترین بەرهەمی عەقڵی مرۆڤایەتییە، بۆیە سوودەكان نایەنە هەژمار كردن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە لە بەرامبەردا هیچ زیانێكی نییە، یان حاڵەتی نەگەتیڤی نییە، نەك خودی ئامێرەكە، بەڵكو لە چۆنیەتیی بەكارهێنانی و عەقڵییەتی كارپێكردنی، باشترین حاڵەت ئەوەیە عەقڵ و تەكنەلۆژیا هەردووكیان لە یەك زەمەن بن و هاوتای یەكتر بن و یەكتری قەبووڵ بكەن، بۆ ئەوەی كارەساتی كۆمەڵایەتی دروست نەبێت.