محەمەدی حاجی مەحموود: شیعە پۆستی سەرۆک کۆمار ناداتە سوننە، چونکە هێزی لایە و ترسی کودەتا هەیە
محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند كە لایەنە شیعەکان پۆستی سەرۆک کۆمار نادەن بە سوننە، چونکە سەرۆک کۆمار هێزی چەکداری لەژێر دەسەڵاتدایە و ترسی کودەتایان هەیە، بۆیە ئەو پۆستە لای کورد بێت، بۆ شیعە بێ مەترسی و بێ کێشەیە.
ناوبراو دەشڵێت: دەبووایە پێش هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق خۆی هەڵبوەشاندایەتەوە، بەڵام تا ئێستا خۆی هەڵنەوەشاندووەتەوە، بۆیە پەرلەمان مافی هەیە تا 6 مانگی دیكە بمێنێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە کورد و شیعە لەم هەڵبژاردنەداو لە سایەی یاسای نوێدا، لە ناوچە کێشە لەسەرەکان زەرەریان کرد، لە کاتێکدا عەرەبی سوننە قازانجی کرد.
سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی كوردستان پێی وایە، کورد لەهەموو لایەنە عێراقییەکانی دیكە سەربەخۆترە، بەڵام بێ بەش نییە لە دەستوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی، بەڕای محەمەدی حاجی مەحموود، بەئامانج کردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیام بووە، چونکە کازمی لە دەرئەنجامی ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا بووەتە سەرۆک وەزیران، ئەگینا خاوەن هێز و کوتلەی گەورە نەبوو.