دوای تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو پۆلیسی بەریتانیا سێ کەسی دەستگیرکرد

دوای تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو پۆلیسی بەریتانیا سێ کەسی دەستگیرکرد

 

 

پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا لە ڕۆژی یەکشەممە14/11/ 2021 لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەیەک دەکات لە نەخۆشخانەیەکی شاری لیڤەرپوڵ کە کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەشی بریندار بووە.

پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاند: سێ پیاو کە تەمەنیان 21،26 و 29 ساڵ بوو، لە ناوچەی کێنسینگتۆنی ئەو شارە بە یاسای دژە تیرۆر دەستگیرکراون بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە.

پۆلیس بە دوای ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە تەقاندنەوەی تەکسییەکە لە نەخۆشخانەی ژنانی لیڤەرپوڵ کردبوو، لێكۆڵینەوە دەكات و دەشڵێت، تەقینەوەکە بە ڕووداوی تیرۆریستی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام پۆلیسی دژە تیرۆر لێکۆڵینەوەیەکی پێشوەختە ئەنجام دەدات بۆ ئاگادار كردنەوە.

پۆلیسی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا گوتی: تا ئێستا تێبینیمان کردووە کە ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقیوەتەوە، تەکسی بووە کە کەمێک پێش تەقینەوەکە لە نزیک نەخۆشخانە وەستاوە.

ئەوەشی گوت:لێكۆڵینەوە بۆ زانینی ئەو ڕووداوە  بەردەوامە و لەوانەیە هەندێک کات بخایەنێت.

لەو ڕووداوەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و پیاوێکی دیكەیش بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە لەژێر چاودێریدایە.

بەرپرسێك لە نەخۆشخانەی ژنانی لیڤەرپوڵ گوتی: بۆ ئاگاداری نەخۆشخانە چاوپێكەوتن و سەردانی نەخۆش سنووردار دەکات و لەوانەیە نەخۆشەکان بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیكە ئەگەر بکرێت.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top