داهێنانی چوار چوارینی چوار چوارین، هەشت چوارین

داهێنانی چوار چوارینی چوار چوارین، هەشت چوارین

بۆ خۆشەویستان ودڵسۆزانی وێژە و هونەری ڕەسەنی كوردی، لە ناواخنی ئەم هەشت چوارینەیەی لە بەردەستاندایە (چوار چوارینە) و (چوار چوارینی) دیكەی لێ بەرهەم دێ.

غالب حەساری

داهێنانی چوار چوارینی چوار چوارین، هەشت چوارین

چوارینەكانی (1و2و3و4) ئاسایین، هەر چەند بنەمای داهێنانەكەشن، چوارینەكانی( 5و6و7و8) هەڵهێنجراوی هەمان وشەن، لە چوارینەكان وەرگیراون و بە شێوازێكی سەرنج ڕاكێش، واتا و چێژی هۆنراوەكەشی پاراستوە.

پوختەی شیكاری دابەشكاریی وشەكان

لە چوارینی ( 1و2و3و4)

ڕیزی یەكەم وشەی یەكەم وەردەگرین، بنەمای چوارینی 5پێنجەم بەو وشانە لكێنران ڕیز و ڕستەی یەكەمی چوارینی5پێنجەم دیاری دەكا.

 دیسان چوارینەكانی (1و2و3و4)

لە ڕیزی یەكەم ئەمجارە وشەی دوەم وەردەگرین، واتا دوەم ڕیزی چوارینی 5پێنجەم پێك دێنن .

 دیسانەوە لە چوارینەكانی1و2و3و4 ڕیزی یەكەم وشەی سێیەم وەردەگرین، ئەنجام ڕستەی سێەمی چوارینەی 5پێنجەم دیاری دەكا.

 جارێكی دی لە چوارینەكانی1و2و3و4 ڕیزی یەكەم وشەی چوارەم دێنین لە چوارینی 5پێنجەم ڕستەی چوارەم تەواو دەكات .

واتا لە یەكەم ڕیزی چوارینەكانی1و2و3و4 دەبنە بنەمای دانانی چوارینی 5 پێنجەم

 بە كورتی بۆ دانانی چوارینەكانی 6و7و8 بە هەمان شێوە دەگەڕێینەوە بۆ چوارینەكانی 1و2و3و4 بەتایبەتی لە ڕیزەكان بە پابەند بوون بە وشەبەندیی وەك چۆن(چوارینی 5پێنجەمان) ڕون كردەوە .

+ هیوادارم ئەم داهێنانەم سەرەتای دەروازە و ڕێبازێكی نوێ بێت، بۆ خزمەتكردنی فەرهەنگ و وێژەی كوردی .

4 چوارینی 4 چوارین 8 چوارین

1

قژی خاوی بەدەم شنە نەرم نەرم دەشەكاوە

تریفەی ڕووی مانگم بینی سەمای كەزیەی بەدەم باوە

جۆلانەی بوو زوڵف و پەرچەم ڕووی خاڵێكی لە باوەش بوو

لە نیگای مانگ دوو خۆرم دی بە شەو و ڕۆژ تیشكی گەش بوو

2-

بەسەرشانی شۆڕ ووەتەوە تاسەر سینگی بووەتە پەرژین

مانگی چواردە ڕوی زەرد بووە ڕووی مانگی دی لە سەر زەمین

بە سرووەی با شەپۆل قژی بە سرووشتی جوانی دەنوان

دووچاوی ڕەش پڕ ورشەبوو بۆ گەشیی ژین هیوای دەڕوان

3-

پەرش و بڵاو بە ڕوخساری تاڵتاڵێكی با دەیبزوان

تابلۆیە بوو بە ئاهی من بای هەناسەم سیمای دەدوان

بسكی شۆڕی ئاوێزان بوو لێی نەخش بوو سەر گۆنای چاڵ

ناو هەوری ڕەش تروسكەی دا تیشكی بەخشی ڕوومەت بە خاڵ

4-

با پەخشی كرد وا نەخشی كرد ڕووەو لێوی بۆ سەر سێوی

بەهادار بوو گرفتار بوو گەیشتە لێوی بە بزێوی

لە سەر ڕووی مانگ بە مل و لاجانگ با چووە گژی شێوا قژی

وەك بەختم ڕەش تا بڵێی گەش خۆر سەركەژی دڵ بۆت هەژی

 

ڕیزی یەك وشەی یەكەم لە هەرچوار چوارینە، دەخرێنە ڕستەوە، دواتر دوەم، سێەم چوارەم، بەم شێوەیە خوارەوە، واتا ئەم چوار چوارینەیەی خوارەوە هەڵهێنجراوی چوارینەكانی سەرەوەن.

 

ڕیزی 1، وشەی یەكەمی چوارینەكان

قژی خاوی بە سەر شانی پەرش وبڵاو با پەخشی كرد

بەدەم شنە شۆڕ بوەتەوە بە ڕوخساری وا نەخشی كرد

نەرم نەرم تا سەر سینگی تاڵتاڵێكی ڕووەو لێوی

دەشەكاوە بووەتە پەرژین با دەیبزوان بۆ سەر سێوی

ڕیزی 2، وشەی دوەمی چوارینەكان

تریفەی ڕووی مانگی چواردە تابلۆیە بوو بەهادار بوو

مانگم بینی ڕووی زەرد بووە بە ئاهی من گرفتار بوو

سەمای كەزیە ڕووی مانگی دی بای هەناسەم گەیشتە لێوی

بە دەم باوە لە سەر زەمین سیمای دەدوان بە بزێوی

ڕیزی 3، وشەی سێیەمی چوارینەكان

جۆلانەی بوو بە سروەی با بسكی شۆڕی لە سەر ڕووی مانگ

زۆڵف و پەرچەم شەپۆل قژی ئاوێزان بوو بە مل و لاجانگ

ڕووی خاڵێكی بە سرووشتی لێی نەخش بوو با چووە گژی

لە باوش بو جوانیی دەنوان سەر گۆنای چاڵ شێوا قژی

ڕیزی 4، وشەی چوارەمی چوارینەكان

لە نیگای مانگ دووچاوی ڕەش ناو هەوری ڕەش وەك بەختم ڕەش

دوو خۆرم دی پڕ ورشە بوو تروسكەی دا تا بڵێی گەش

بە شەو و ڕۆژ بۆ گەشیی ژین تیشكی بەخشی خۆر سەر كەژی

تیشكی گەش بوو هیوای دەڕوان ڕومەت بە خاڵ دڵ بۆت هەژی

Top