لە شاری هەولێر دەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی تەكوین كرایەوە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ڕێكەوتی 15/9/2024 لە گەلەری میدیا لە شاری هەولێر دەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی تەكوین كرایەوە.
كۆمەڵەی (universal feather and color) بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هونەری شێوەكاری هەولێر دەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی (تەكوین) كردەوە كە ژمارەیەك هونەرمەندی شێوەكار و كەسانی ئەكادیمی تێیدا بەشداربوون.
پێشانگەكە لەلایەن ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر كرایەوەو هەریەك لە (نەبەز عبدالحمید) قایمقامی هەولێر و (سلیم قادر) جێگری بەڕێوەبەری گشتی رۆشنیری و هونەری هەولێر و (ئازاد لەشکری) بەڕێوەبەری هونەری شێوەکاری و ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندان و شێوەكاران ئامادەی پێشانگەكە بوون.
بەشداربووانی دەیەمین پێشانگەی شێوەكاری تەكوین لە 50 هونەرمەندی شێوەكاری عێراقی و وڵاتانی دیكەی عەرەبی وەك سوریا و سعودیە پێكهاتبوون,وەك یادكردنەوەو ڕێزلێنان ئەم پێشانگەیە پێشكەش كرا بە روحی خانمە شێوەكاری كۆچكردوو مەها كەریم محەمەد ناسراو بە (مەها شومەری) لە دایكبووی ساڵی 1964 شاری بەغدا و دەرچووی كۆلیژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی “بابل”,ئەم خانمە ئەندامی چالاكی كۆمەڵەی هونەرمەندانی شێوەكارانی عێراق بووە,وە سەرپەشتیار بووە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی بەغدا,هەروەها بالیۆزی هونەری شێوەكاریی عێراق بووەو یەكێك بووە لە هاوڕێ و هاوكار و پاڵپشتی ئەم گرووپە هونەرییەو چەندین گروپی دیكەی شێوەكاری.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی