لەگەڵ پاشەکشەی هێزەکانی سەر بە ئیمارات، حووسییەكان جارێکی تر چوونە ناو حودەیدە
حکومەتی عەبد ڕەبۆ مەنسور هادی و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند: کە هێزەکانی لایەنگری ئیمارات ئێوارەی هەینی لە حودەیدە کشاونەتەوە و ڕێگەیان داوە بە حووسییەکان بۆ کۆنتڕۆڵ كردنەوەی بەندەرەکە، پارێزگای حودەیدە دەکەوێتە ڕۆژئاوای یەمەن سەر کەناراوەکانی دەریای سوور.
هێزە هاوبەشەکانی یەمەن کە گروپێکی چەکداری بەناوی ئەبوزەبییە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند: کە بڕیاری کشانەوە دەرئەنجامی دانوستانە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیتر پێویست ناکات لەو شارە بمێننەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، لە بەیاننامەکەی "هێزە هاوبەشەکانی یەمەن" ڕەخنەیان لە سیاسەتی حکومەتەکەی مەنسورهادی گرتووە کە ڕێگەی نەداوە شەڕەکە بەردەوام بێت، لە کۆنترۆڵ کردنەوەی بەندەری حودەیدە.
لە ساڵی 2018دا بەندەری حودەیدە یەکێک بوو لە خاڵە سەرەکییەکانی ململانێی نێوان هێزەکانی بزووتنەوەی ئەنساروڵا (بە سەرۆکایەتی حووسییەکان) و سوپا و میلیشیا دڵسۆزەکانی حکومەتی عەبد ڕەبۆ، لە کۆتایی هەمان ساڵدا هەردوولا بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێكکەوتنی ئاگربەستیان ئیمزاکرد بۆ کۆتایی هێنان بەتوندوتیژییەکان و کردنەوەی ڕێگا بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی بنەڕەتی بۆ یەمەن. هەرچەندە هەردوو گروپەکە لایەنی دیکەیان تۆمەتبار کرد بەوەی بەردەوامن لە پێشێل کردنی ئاگربەست، بەڵام تا سەرەتای ئەمساڵ دۆخی حودەیدە تا ڕادەیەکی زۆر ئارام مایەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل