به‌نداوى باوه‌شاسوار لە كفری وشكى كرد

به‌نداوى باوه‌شاسوار لە كفری وشكى كرد

به‌نداوی باوه‌شاسوار كه‌ ده‌كه‌وێته‌ قه‌زاى كفری له‌ سنوورى ئیداره‌ى گه‌رمیان، به‌هۆی وشكه‌ساڵی و كه‌مى بارانبارینه‌وه‌ بەرەو وشكبوون دەچێت‌.
له‌ ڕاگه‌یاندراوێكی قایمقامی كفری هاتووە كە‌ سه‌رچاوه‌ى ئاوى به‌نداوى باوه‌شاسوار زیاتر ئاوی بارانە و لەساڵانی رابردووش بارانباران كه‌م بووه‌و گەرمیانیش خۆی سروشتی ناوچەكەی كەمئاوە هەربۆیە بەم هۆیەوە ئاو له‌ به‌نداوه‌كە تا ئاستێكی زۆر كەمیكردوە و ئێستا به‌نداوى باوه‌شاسوار به‌ته‌واوى وشكى نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئاوه‌كه‌ى زۆر كه‌مى كردوە تەنیا چەند گۆمێك ئاوی تێدا ماوەو ئەو جۆگە ئاودێریانەی لەبەنداوەكەوە ئاو بۆ كاری كشتوكاڵی دەبەن بۆی هەیە تا ئێستاكەش سوودیان لێوەربگیرێت، بەڵام بەوشێوەیە بڕوات ئەو جۆگە ئاوێریانەش وشك دەبن.
شایانی باسە جگه‌ له‌وه‌ى به‌نداوه‌كه‌ سوودی گه‌وره‌ى هەیە بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو و كاری ئاودێری لەرێگای ئەو جۆگەلانەی لەسەری دروستكراوە، هاوكات ببووه‌ ناوچه‌یه‌كى گه‌شتیاری كە رۆژانه‌ خه‌ڵكێكی بەرچاو بۆ كات بەسەربردن و گەشتیاری روویان لەبەنداوەكە دەكرد‌، گەرچی بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوەكە تا ئاستی وشكبوون ئێستا زۆر بەكەمی خەڵك بۆ لای بەنداوەكە دەچێت.

Top