به‌ بێ بارزانیی ،هه‌ولێر ،پێكهێنانى حكومه‌تی نوێى عێراق ئه‌سته‌مه‌..

به‌ بێ بارزانیی ،هه‌ولێر ،پێكهێنانى حكومه‌تی نوێى عێراق ئه‌سته‌مه‌..

مێژوویی به‌ هه‌ڵه‌ پێكه‌وه‌ لكاندن و دروستكردنى عێراق بابه‌تێكه‌ كه‌ قسه‌ وباسى زۆر هه‌ڵده‌گرێت ، هه‌روه‌ها كێشه‌ ومڵمڵانێى سه‌دان ساڵه‌ى تایفى و مه‌زهه‌بى له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كى دیكه‌ش شێوازى حوكمڕانى و تاقیكردنه‌وه‌ له‌ پێناو به‌ یه‌كگرتوویی هێشتنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌ستكرده‌ هه‌ر له‌ سیسته‌مى پاشایه‌تیی تا ئێستاى كه‌ ده‌سه‌ڵات كه‌وتۆته‌ ده‌ست شیعه‌كان نه‌یانتوانیووه‌ ، وه‌لا و خۆشه‌ویشتى له‌ نێو گه‌ل و پێكهاته‌كانى نێویدا بۆ عێراق دروست بكه‌ن ، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وایكردووه‌ ، سه‌ڕه‌رایی هه‌موو هه‌وڵه‌ هه‌رێمایه‌تی و وڵاتانى جیهانیش بۆ هێشتنه‌وه‌ى عێراق و سه‌قامگیرى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌منى ئه‌سته‌م بێت رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و دۆخێكى خراپتر و شڵه‌ژاوتر و بێ متماى زیاتر هه‌نگاو بنێت .
له‌ عێراق نه‌ یاسا و نه‌ده‌ستوور و نه‌ سازان و هاوبه‌شى و یه‌كتر قبووڵكردن ماناى نییه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى هه‌بوو و هێزوملیشایی له‌به‌رده‌ست بوو ، به‌ ویستى خۆى یارى به‌ یاسا ده‌كات و خۆى ده‌سه‌پێنێت ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ بارودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و خراپترین دۆخ له‌ماوه‌ى 16 ساڵى رابردوو هه‌نگاو بنێت .
به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌ سه‌ر عێراقى دوای ساڵى 2003 هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی عێراق به‌پێی نه‌ریتێكی سیاسی له‌ نێوان پێكهاته‌كانی عێراق دابه‌ش ده‌كرێت، به‌ شێوه‌یه‌ك سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد و سه‌رۆك وه‌زیران بۆ شیعه‌ و سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ سوننه‌. له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبه‌ر و راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان ره‌وتی سه‌در زۆرترین كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست هێناوه‌، چاوی له‌وه‌یه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو له‌ ره‌وتی سه‌در بێت، هه‌روه‌ك له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ مادده‌ 76 له‌ ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقدا ده‌ڵێت: سه‌رۆكی كۆمار كاندیدی ئه‌و فراكسیۆنه‌ په‌رله‌مانیه‌ی زۆرترین ئه‌ندامی هه‌یه‌ راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ ماوه‌ی 15 رۆژ له‌ رێكه‌وتی هه‌ڵبژاردنی به‌ سه‌رۆك كۆمار.
به‌تایبه‌ت كه‌ ، ئاشكرایه‌، به‌پێی نه‌ریتی سیاسی عێراقی نوێ دوای 2003 پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران پشكی پێكهاته‌ی شیعه‌یه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین له‌و حاڵه‌ته‌دا ته‌نها هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانوون به‌سه‌رۆكایه‌تی نوری مالكی، كاندید پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك كۆمار بكات، به‌مه‌به‌ستی راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، چونكه‌ سوننه‌ و كورد به‌ پێی ئه‌و نه‌ریته‌ سیاسیه‌یی هه‌یه‌ له‌ عێراق یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیان بۆ پێكهاته‌ی شیعه‌ و نێوماڵی شیعه‌ جێهێشتووه‌.ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی كوتله‌ی خاوه‌ن زۆرترین ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌ ماوه‌ی 30رۆژ له‌ رێككه‌وتی راسپاردنییه‌وه‌ نه‌یتوانی حكوومه‌ت پێكبهێنێت، ئه‌وا سه‌رۆك كۆمار كه‌سێكی تر راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شیعه‌كان له‌ نێو خۆیاندا پێكنه‌ێن ئه‌وا دوورنییه‌ جارێكی تر په‌نا بۆ دادگای فیدڕاڵی ببرێته‌وه‌ بۆ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و بڕگه‌یه‌.
به‌تایبه‌ت كه‌ ، به‌پێی یاسا ده‌بێت كاندیدی ره‌وتی سه‌در رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق به‌پێی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران 2021 به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ نارازییه‌كانی شیعه‌ له‌گه‌ڵ موقتدا سه‌دا رێكنه‌كه‌ون و په‌یامی سیاسیش به‌ كورد و سوونه‌ بگه‌یه‌نن و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌در بچنه‌ ناو حكوومه‌ت ئه‌وا له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وان ده‌بێت، له‌و كاته‌دا پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كورد و سوننه‌ نه‌چنه‌ ناو ئه‌و یارییه‌ و ره‌نگه‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێش به‌لایه‌نی كه‌م ساڵێك بخایه‌نێت.
هه‌روه‌ها له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى خوڵى پێنجه‌مى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ، پارتی دیموكراتى كوردستان توانى سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ ده‌نگی زۆر به‌ده‌ست بێنێت و حسابی بۆ ده‌كرێت به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ ماوه‌ى رابردووشدا خاوه‌ن سه‌نگ و پێگه‌ى خۆى بوو له‌ عێراق له‌ زۆرێك له‌ پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا هه‌ر چه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق له‌ به‌ڵێن و جێبه‌جێكردنى مافه‌ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌میشه‌ شیعه‌كان ویستیویانه‌ باڵانسی عێراق له‌ ڕێی هه‌رێمى كوردستان ڕابگرن باش ده‌زانن كه‌ به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر و لایی سه‌رۆك بارزانیی كه‌ كه‌سایه‌تیی كارێزما و به‌هێزه‌ له‌ رووى سیاسه‌ت و دییلۆماسى و شاره‌زایی له‌ شێوازى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیی و سایكۆلۆژى ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا ئه‌سته‌مه‌ هیچ هه‌نگاوێك به‌ بێ كورد بهاوێژرێت ، به‌نسبه‌ت لایه‌نه‌ سوننه‌كانیش ناتوانن به‌و شێوه‌یه‌ كاریگه‌رییان له‌ سه‌ر پرۆسه‌كه‌ هه‌بێت ، چونكه‌ زیاتر به‌ربڵاون و خه‌میس خه‌نجه‌ر و حه‌لبوسی هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز ده‌یانه‌وێت پۆست بۆ خۆیان بپچڕن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ یان كورد به‌هێزتره‌ له‌ عێراق و ده‌بێ له‌ پێناو جێبه‌جێكردن و به‌رده‌ستهێنانى مافه‌ده‌ستوورییه‌كانى به‌ مه‌رج حكومه‌تى نوێى عێراق پێكبهێنێت .

Top