دەتوانیت ڤاكسینی كۆڤید و ڤاكسینی ئەنفلوەنزا لە یەك كاتدا وەربگریت!
توێژەرانی زانكۆی بریستۆل لە بەریتانیا جەختیان لەمە كردۆتەوە كە دەتوانرێت ڤاكسینی ئەنفلوەنزا و ڤاكسینی كۆڤید19 لە هەمان رۆژ و هەمان كاتدا وەبگیرێن، بێ ئەوەی كە لە كاریگەریی هیچیان كەم بێتەوە و هیچ كاریگەریی نێگەتیڤی بۆ سستمی بەرگریی لەش و تەندروستی هەبێت، بەڵام لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری هەمان ئەو زیانە لابەلایانەی كە پاش وەرگرتنی ڤاكسینەكانی كۆڤید و ئەنفلوەنزا لە زۆربەی خەڵكدا بەدی دەكرێن. ئەم زانیارییە لە گۆڤاری لانسێتی The Lancetپزیشكیدا مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بڵاوكراوەتەوە، ئەم ئەنجامەی تویژەران بە هەنگاوێكی پۆزەتیڤ هەژمار دەكرێت، بەتایبەتی كە بارگرانی سەر بنكەكانی كوتان تا رادەیەكی باش كەم دەكاتەوە، بەمەش ژمارەیەكی زیاتری خەڵك هەردوو ڤاكسین وەردەگرن. سەنتەری ئەمریكی بۆ كۆنترۆڵ و خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان CDC، پێش ماوەیەك رێنمایی ئەوەی كردبوو كە واباشە ماوەی 14 رۆژ لە بەینی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا و ڤاكسینی ئەنفلوەنزادا هەبێت، بەڵام ئێستا و پاش ئەنجامی چەندین توێژینەوە، جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەتوانرێت هەردوو ڤاكسین لە یەك كاتدا وەربگیرێن