مانگی دادێ لیوایەكی هاوبەشی پێشمەرگەو سوپای عێراق دەست بە مەشق دەكات
لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لیوایەکی هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حکومەتی عێراق دروست كراوەو بڕیاریشە لە مانگی دادێ لیوایەكە دەست بە مەشقی سەربازی بكات.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەشی بەوە كرد كە ئومێدەوارین دوای ئەو هەوڵە زۆرەی داومانە بۆ پێكهێنانی ئەم لیوایە، كارەكان تەواو بێت و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەست بە ئیش وکارەکانمان بکەین، سەبارەت بە ڕۆڵی هاوپەیمانان سەربەست لەزگین گوتی: ئەوان پێیان ڕاگەیاندووین كە بە هیچ شێوەیەك بەجێتان ناهێڵین، چونكە ئەو ئەزموونەی ئەفغانستان لێرە دووبارە ناكەینەوە.
ئەوەشی ڕوون كردەوە كە ئەمریکا سەرجەم پێداویستییەکانی لیوا هاوبەشەکەی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراقی دابین كردووە، مووچەی لیواکانیش هاوشێوەی سوپای عێراق دەبێت و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پێیان دەدرێت، سەبارەت بە شوێنی كاركردنی لیوا هاوبەشەكان، ناوبراو باسی لەوە كرد كە لە بنەڕەتدا ئەم لیوا هاوبەشانە لە بەنداوی موسڵەوە هەتا خانەقین دابەش دەبن و هەر بارەگایەکیش نیوەیان لە سوپای عێراقی و نیوەی دیكەش لە لیوا هاوبەشەکان دەبێت زیاتر بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنییەكان دابەش و جێگیردەکرێن.
ئەوە لە کاتێکدا نزیکەی ساڵێکە هەرێم و بەغدا باس لە دروستکردنی لیوای هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی ناوچە کێشە لەسەرەکان بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ناوبەناو داعش لەو سنورانە هێرش دەکاتە سەر پێشمەرگەوهێزە عێراقییەکان.