نارین فەقێ (پاییزا خەونان) پێشكەش بە گیانی زاهد بریفكانی دەكات

نارین فەقێ (پاییزا خەونان) پێشكەش بە گیانی زاهد بریفكانی دەكات

خانمە هونەمەندی رۆژئاوای كوردستان نارین فەقێ نوێترین بەرهەمی خۆی بڵاو كردەوە بەناوی (پاییزا خەونان)،. وەك خۆی دەڵێت، ئەمە پرۆژەیەكی هونەریی نوێ نییە، بەڵام حەزم كرد بۆ من ساڵی ٢٠٢٠ ببێتە ساڵی ئافرەتی كورد، ساڵی زمان و ئەدەبیات، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە تێكستی گۆرانییەكە هی مامۆستا ئەدیب چەلكییە، مامۆستا زاهدیش بەر لە كۆچی دوایی یەكێك لە ئاوازە جوانەكانی پێشكەش بە من كرد، بۆیە منیش حەزم كرد كارێكی جوان پێشكەش بە رۆحی پاكی ئەو مامۆستا ئازیزە بكەم.

نارین فەقێ لە لێدوانێكی تایبەت سەبارەت بە پڕۆژەكەی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «بەر لە بیست ساڵ وەك حەز و ئارەزوو، هاتمە نێو بواری هونەری گۆرانی و موزیكی كوردی و تا ئێستاش بەردەوام مم، هەوڵم داوە خزمەتێك پێشكەش بە زمان و ئەدەب و هونەر و كولتووری میللەتەكەم بكەم، بەم بۆنەیەوە بە پێویستم زانی بەرهەمێكی نوێ پێشكەش بە هەوادارانی خۆم بكەم، (پاییزا خەونان) لە تێكستی مامۆستا ئەدیب چەلكییە، ئاوازەكەشی لەلایەن ئاوازدانەری كۆچ كردوو مامۆستا زاهد بریفكانی ئامادە كراوە، كە بەرلەوەی كۆچی دوایی بكات (مامۆستا زاهد) یەكێك لە ئاوازە جوانەكانی پێشكەش بە من كرد، منیش حەزم كرد كارێكی جوان پێشكەش بە رۆحی ئەو بكەم، بۆیە پەیوەندیم بە مامۆستا ئەدیبەوە كرد و ئەویش توانیی تێكستێكی گونجاو لەسەر ئەو ئاوازە ئامادە بكات، نارین زیاتر گوتیشی: «ئەم بەرهەمە لە دایكبووی ئێستا نییە، بۆیە دەتوانم بڵێم (پاییزا خەونان) پرۆژەیەكی هونەریی نوێ نییە، بەڵام حەزم كرد بۆ من ساڵی ٢٠٢٠ ببێتە ساڵی ئافرەتی كورد، ساڵی زمان و ئەدەبیات، و بڕیارم دا بەرهەمە هونەرییەكانی ساڵی رابردووم بۆ بەرگریكردن لە ئافرەت و پاراستنی ئەدەبیات و زمان و موزیكی كوردی بێت، بۆ ئەم مەبەستەش (پاییزا خەونان)م دواخست بۆ بیستەمین ساڵیادی هاتنی من بۆ نێو هونەری كوردی، كارە هونەرییەكانی ئەم بەرهەمە لەلایەن هاوسەرەكەم موزیكژەنی ساز (عەلی شاكر) ئەنجام دراوە، تۆماركردنی موزیك و دەنگ هەمووی لە وڵاتی سوید و میكس و ماسترینگ لەلایەن (مەهدی نوری و محمد) لە تۆن ستۆدیۆ لە شاری دهۆك ئەنجام دراوە، كلیپی گۆرانییەكەش لە باكووری كوردستان و وڵاتی سوید بەشێوەیەكی جوان و مۆدێرن لەلایەن دەرهێنەری بە توانا (هەژار دهۆكی) تۆمار كراوە».

سەبارەت بە جیاوازیی ئەم بەرهەمە، نارین خان گوتی: «(پاییزا خەونان) یەكێكە لە جوانترین بەرهەكانم، چونكە ئەركی زۆرم كێشاوە و گشت تواناكانی خۆمم لەو بەرهەمەدا خستۆتە گەڕ، هەمیشە ئامانجی من و عەلی ئەوە بووە كە گرنگی بە ئامێرە موزیكییە رەسەنەكان بدەین، هەروەها گۆڕانكارییەك لە موزیكی كوردیدا درووست بكەین، بۆ ئەوەی موزیكی كوردییش بەرەو ئاستێكی جیهانی هەنگاو بنێت و پێش بكەوێت، تێكست و ئاواز و كلیپی ئەم گۆرانییەش زۆر گونجاون، ئەم بەرهەمە ئەڤیندارییە پێشكەش بە گەلی كورد دەكەم، هیوادارم بە دڵیان بێت».

لە كۆتاییدا لێدوانەكە نارین فەقێ گوتی: «لە ماوەی بیست ساڵم لە نێو هونەری كوردیدا هەمیشە ئامانجم ئەوە بووە كە گۆرانیی جوان پێشكەش بكەم و، خزمەت بە زمان و كولتووری رەسەنی میللەتی كورد بكەم، هیوادارم بتوانم لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر گرنگی بە موزیكی رەسەنی كوردی بدەم».

Top