گەنجێك لە ژاپۆن (17) سەرنشینی شەمەندەفەرێكی بە چەقۆ برینداركرد

گەنجێك لە ژاپۆن (17) سەرنشینی شەمەندەفەرێكی بە چەقۆ برینداركرد

 

 

دوێنێ (یەکشەممە) پیاوێكی ژاپۆنی بە چەقۆ هێرشی کردە سەر گەشتیارانی شەمەندەفەرێك لە دەرەوەی تۆکیۆی پایتەخت و دوای برینداربوونی چەند کەسێک ئاگری لە ڤارگۆنەکانی شەمەندەفەرەکە  بەردا، پۆلیسیش هێرشکەرەکەی دەستگیرکردووە.

لەكاتی هێرشەكەدا گەشتیاران لە گڕی ئاگرەكە هەڵاتن و لە دووکەڵی خنکێنەر دوور كەوتنەوە  و ژمارەیەکیش لە سەرنشینان بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان لە پەنجەرەی شەمەندەفەرەکە خۆیان هەڵدایە دەرەوە.

ئاژانسی هەواڵی کیۆدۆ بڵاوی کردەوە، کە 17 کەس برینداربوون، بەڵام تەلەڤزیۆنی حكومیی ئێن‌ ئێچ ‌کی ژمارەی بریندارەکانی ئەو هێرشەی بەو ژمارەیە مەزەندە نەکردووە، کە لانی کەم یەکێکیان لە دۆخێکی مەترسیداردایە.

بە وتەی پۆلیسی ژاپۆن  هێرشبەرەکە تەمەنی بیست ساڵ بووە، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئاسایش و دادوەری ڕەتیان کردەوە کە لەسەر ئەو هێرشبەرە لێدوان بدەن، ئاژانسی هەواڵی کیۆدۆ بڵاوی کردەوە کە ئەو پیاوە بە پۆلیسی وتووە دەیەوێت خەڵک بکوژێت بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت،  هەر بەپێی هەمان ڕاپۆرت ئەو کەسە گوتی لە شەمەندەفەرەکەدا گالۆنی بەنزین و چەرخی لەگەڵ خۆیدا بردبوو.

ڕووداوەکە نزیکەی کاتژمێر 8ی شەو بە کاتی ناوخۆیی و تەنیا بەچەند خولەکێک پێش کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ژاپۆن ڕووی دا.

ئەمە سێیەم هێرشە بۆ سەر شەمەندەفەرەکانی ژاپۆن لەم ساڵدا، لە سەرەتای مانگی ئاب لە کاتی ئۆلۆمپیکدا پیاوێک بە چەقۆ هێرشی کردە  سەر سەرنشینانی شەمەندەفەرێک و 10 کەسی بریندار کرد، هەر لەو مانگەدا، لە هێرشێکی  دیكە بۆ سەر ئێستگەیەکی میترۆ لە پایتەخت، دوو کەس برینداربوون.

 

 

 

Top