بۆچی بە ژەهری سپی ناوزەد دەكرێت؟
گەلێك سەرچاوەی پزیشكی خوێ هاوشێوەی شەكر بە ژەهری سپی White poison ناوزەد دەكەن، چونكە زیادخواردنی دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، كە بە گەورەترین هۆكاری مردنی پێشوەختە بە هۆی نەخۆشیی دڵ، یان جەڵتەی مێشك Stroke هەژمار دەكرێت. جگە لەمە، ئەوەش سەلمێنراوە كە وەرگرتنی بڕی زیادی خوێ لە خۆراكدا، هاندەرە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە. رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوە كردووە كە پێویستە لەسەر هەر وڵاتێك كە تا ساڵی 2025 بەكارهێنانی خوێ تا رێژەی 30% كەم بكاتەوە، ئەمەش بە هاوكاریی حكومەت و سیستمی پیشەسازیی خۆراك، بە مەبەستی كەمكردنەوی بڕی خوێ لە خۆراكە پرۆسێسكراوەكاندا. خوێ یان سۆدیۆم Sodium ئاو لەگەڵ خۆیدا رادەكێشێتە ناو خوێن، بەمەش قەبارەی خوێن زیاد دەبێت و پەستانی خوێن بەرزدەبێتەوە. پێویستە بڕی رۆژانەی خوێ بۆ كەسێكی پێگەیشتوو كەمتر بێت لە 6 گرام، كە دەكاتە 2.4 گرام سۆدیۆم، واتە یەك كەوچكی كوپ، هەر چەند تەمەن بچووكتر بێت، ئەوا پێویستە كە بڕی خوێی رۆژانەش كەمتر بێت، بۆنموونە لە تەمەنی 7-10 ساڵ تەنیا 5 گرام خوێ (2 گرام سۆدیۆم)، لە تەمەنی 4-6 ساڵ تەنیا 3 گرام خوێ (1.2 گرام سۆدیۆم)، هەروەها لە تەمەنی 1-3 ساڵ تەنیا 2 گرام خوی كە دەكاتە 0.8 گرام سۆدیۆم بخورێت.