گەنجێک کە 50,000 دۆلاری بۆ خاوەنەکەی گەڕاندەوە بوو بە "باڵیۆزی دەست پاكی"

گەنجێک کە 50,000 دۆلاری بۆ خاوەنەکەی گەڕاندەوە بوو بە

 

 

گەنجێکی وڵاتی لیبریا کە 50,000 دۆلاری بە کاش بۆ خاوەنەکەی گەڕاندەوە  بوو بە "باڵیۆزی دەست پاكی"  هەروەها سەرۆکی لیبریاش وەك پاداشتێك پارەی مانگانەی بۆ دابین كرد و تێچووی كرێی خوێندنی ساڵانەی لە ئەستۆ كرد.

ئەو کوڕە تەمەن 19 ساڵە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا كە لەسەر ماتۆڕسکلێتێک بوو جانتایەکی پلاستیکیی دۆزییەوە کە 50 هەزار دۆلاری کاشی  تێدابوو، و ڕۆژی دوواتر پاش بیستنی داواکاریی خاوەنەکەی لە ڕادیۆ پارەکەی بۆ خاوەنەكەی گەڕاندەوە  كە ئافرەتێکی  بازرگانە.

ئەو بە پەیامنێری فەڕەنسای وت: هاوڕێکانم سەرسام بوون، پێیان وتم  تۆ گەمژەی چۆن پارەكە دەگەڕێنیتەوە، بەڵام خێزانەکەم فێری دزییان نەکردووم و پێویست بوو ئەو ئەمانەتە بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەكەی.

لیبریا یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان، نزیکەی نیوەی دانیشتوانەکەی لە هەژارییەکی زۆردا دەژین،  كەمیی ئیش و كار و گرانی و قەیرانی ئابووری توند دەرئەنجامی چەند ساڵێکی شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتەیە کە 5 ملیۆن کەسن.

بە پێی بانکی جیهانی، 44٪ ی خەڵكی لیبریا لە رۆژێکدا کەمتر لە 2 دۆلاری ئەمریكایان دەست دەكەوێت.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top