بۆچی گوێگرتن لە کەسی بەرامبەر ئەوەندە گرنگە؟.

بۆچی گوێگرتن لە کەسی بەرامبەر ئەوەندە گرنگە؟.

هیچ شتێک لەوە بێزار تر نییە، کەسێکت خۆش بوێت و جێگەی بایەخی تۆبێت، کەچی ئەو گوێت لێنەگرێت، چونکە ڕێگەی سەرەکی تێگەیشتن گوێگرتنە لە بەرامبەر، پێویستیی تێگەیشتن پێویستییەکی بەردەوامە، بۆیە "بیستن"فاکتەرێکی زۆر بەهێزە لە پەیوەندیەکانی مرۆڤدا، وە ئازاربەخشە کاتێک کە لە لایەن دەوروبەرمانەوە گوێمان لێنەگیرێت.

بەپێی چەند لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر چەند خێزانێک ئەنجام دراوە، بنچینە و ڕەگ و ڕیشەی هەندێک لەگرفتەکانی ناو خێزان، خوودی گوێنەگرتنە لەیەکتر.
هەرچەندە ئەمڕۆ ژیان بەو جۆرەیە هەموان هەوڵدەدەن سەربەخۆبن، ئەگەرچی لەهەندێک حاڵەت سەربەخۆی پێویستە، بەڵام هیچ کات پاساو نییە، بۆئەوەی مرۆڤ لە پەیوەندییەکانیدا لاوازی بنوێنێت، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، فەلسەفەی ئەم مرۆڤایەتییەش خۆی لەپەیوەندی و خۆشەویستی دا دەبینێتەوە، هەر بۆیە یەکێک لە میکانزمەکانی حساب بۆکردن بۆکەسی بەرامبەر، گوێگرتنە؛ کە وەک پەیامێک بۆ ڕێزگرتن ولێک تێگەیشتن لەقەڵەم دەدەرێت.

بەداخەوە گوشارەکانی ژیانی مۆدێرنە، کوالیتی گوێگرتن و گرنگیدان بەیەکتریان کەمکردۆتەوە، لە ڕاستیدا خستنەگەڕی ئەرکە جۆر بە جۆرەکان، پلاتفۆرمێکی گونجاوی وایان بۆ گوێنەگرتن دابینکردووە، کە لە هیچ سەدەیەکی تردا نەبینراوە. ئەمڕۆ "هەواڵ"، "تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان"، "ئینتەرنێت" و "مۆبایل"سەرنجەکانمان تێکدەدەن و پێمانوایە دەتوانین چەند کارێک پێکەوە بکەن، بەڵام دواجار بەهۆی سەرقاڵی و سەرگەرمی بەهۆکاری تەکنەلۆژیا مرۆڤەکان دەرفەتی گوێگرتنیان بۆ بەرامبەر بەرتەسککردووەتەوە، بەجۆرێک کوالێتی پەیوەندی بەتەواوی لاواز کردووە، ئەگەرچی بەشێک لەو تۆڕانە بەمەبەستی بەستنی پەیوەندی مرۆڤەکان درووستکراون، کەدەرهاویشتەکەی پەیوندی بەستنە بەکەسێک لەجێگەیەکی دوورەوە، لەسەرحسابی گوێنەگرتن لەنزیکترین کەسی خانوادەکەت، بێگومان بەم جۆرەش ڕۆژ بەڕۆژ هەستی خۆشەویستی و حساب بۆنەکردن لەلای بەرامبەر ڕەنگ دەداتەوە.
تۆی خوێنەر بهێنە بەرچاوت سەرەڕایی ئەم هەمووە جانجاڵی و قەرەباڵغی خەڵک، بۆ هەر هەست بەتەنیایی دەکەیت؟
یان بۆچی لەزەت لەهیچ شتێک نابەیت، ئەم هەمووە قسەدەکەیت بۆ جێگەی بایەخی بەرامبەر نییە؟
چونکە خوودی خۆمان هۆکارین، کاتێک کە تۆ ئامادەنیت گوێ لەبەرامبەر بگریت، کاتێک بۆچێژێکی کاتی، دەست بەرداری چێژە بنەڕەتییەکەت دەبیت، کاتێک بەهۆی چاولێکەری و پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ژیانت، لەڕێگەی ترەوە هەوڵی پڕکردنەوەی دەدەیت، بێگومان هەر ئەوەدەبێت کەخۆت فەرامۆشت کردووە، سەرەنجام هەست بەتەنیایی دەکەیت.
بۆچی گوێ گرتن گرنگە؟

بە پێی ڕاوبۆچوونی باشترین ڕاوێژکارانی خێزان، هەندێک جار وا دەردەکەوێت کە مرۆڤ گوێ لە قسەی بەرامبەر ناگرێت، چونکە وای نایبینێت قسەی بەرامبەر بۆ ئەو هیچ سودێکی تیابێت، بەڵکو وای دەبینێت کەقسەی بەرامبەر هێندە خزمەت بەخوودی قسەکەر خۆی دەکات، نیو هێندە خزمەت بە گوێگرەکە ناکات،کە بێگومان ئەمە بە پێچەوانەی ئەتەکێتی گفتگۆ وبەهای بەرزی لێکتێگەیشتن دادەنرێت.

زۆرێک لە ژنان گلەیی لەوە دەکەن، کە پیاوەکانیان گوێیان بۆناگرن، گوێ بەئەوان نادەن، یان ئامادەنین گوێیان لێبگرن، زۆرجار ئەم گوێ نەگرتنە سەردەکێشێت بۆ کێشەی خێزانی و جیابوونەوە.
بۆیە حەزی تێگەیشتن یەکێکە لە بەهێزترین پاڵنەرەکانی مرۆڤ. کاتێک گوێمان لێ دەگرن هەست دەکەین کە ئێمە بەجدی وەرگرێکی دڵسۆزین و گرنگی بە هەست و بیرۆکەکانمان دەدەن، ئەوەی ئێمە دەیڵێین بۆ ئەوان گرنگە "حەزی تێگەیشتن" واتە: دەربازبوون لە تەنیایی و پەیوەندی کردن بە کەسانی ترەوە، واتە بۆ ئەوەی بەسەر خۆماندا زاڵ بین، لە کەسانی تر نزیک بینەوە، بیر و دڵی خۆمان بۆ کەسانی تر دەکەینەوە، بە هیوای تێگەیشتنمان، بەڵام بەدەست هێنانی ئەمە قوربانی و گیانی هاوکاری و ئارامی دڵ و دەروونی دەوێت هەرئەوەش وایکردووە بڵێین بۆ کەسێک نەیەوێت زۆر قورسە.
بە پێی ووتەی باشترین ڕاوێژکاری و شێوازی ژیانی نوێ، ئێمە کەمتر توانیومانە گوێ لە یەکتربگرین، یان پەنامان بۆ ئەم حاڵەتە بردووە، بۆ دەربازبوون لە تەنیایی و نەبوونی گوێ بیستن. هەر بۆیە بەهەر هۆیەک بێت، بۆشایییەکی لە ژیانی ئێمەدا دروست کردووە، کە بەردەوام گەشە دەکات و قووڵتر دەبێتەوە، و خۆی لە شێوەی ناڕەزایەتی و خەم و بێبەشی بەرجەستە دەکات.

لەکۆتاییدا پێویستە بڵێین:
١.با گوێبگرین بۆیەکتر، بزانە کەسی بەرامبەر قسە بۆتۆ دەکات! تۆ خۆت پێت خۆش نییە؟ کاتێک قسەبۆیەکێک دەکەیت گوێت لێبگرێت؟ بێگومان بەڵێ ! دەی کەسی بەرامبەریش هەروەک تۆ پێی خۆشە.

۲.با ئەو کاتەی کەسی بەرامبەر قسەدەکات، تەواوی ئاگاو هەستمان لای ئەو بێت، خۆمان بەشتی ترەوە سەرقاڵ نەکەین، بتوانە سەیری ناو چاوانی بکە، هێندە سەیری ئەم لاو لامەکە، حۆت بەشتی لاوەکییەوە سەرقاڵ مەکە، قسەی پێمەبڕە، ئارام ئارام گوێی بۆڕادێرە، باقسەکانی نێو دڵی بکات.

۳.ئەگەر نەتوانی گوێی لێبگریت، بەهۆی بێکاتی یان هەرهۆکارێکی تر، مۆڵەتی لێبخوازە، بڵێ ئەکرێت لەکاتێکی تر گڤتوگۆ بکەین؟ ئەگەر ڕازی بوو، ئەوا لەو کاتەی خۆت دەستنیشانت کردووە، زۆر بەدیقەت و چێژ و میهرەبانانەوە گوێی لێبگرە، تاکەسی بەرامبەر هەست بەئاسوودەی بکات.

ئیدریس نوری (دەروونناس)

Top