ڕەشنووسێك بۆ یەكخستنی یاسای هاتوچۆ لە سەرتاسەری عێراقدا

ڕەشنووسێك بۆ یەكخستنی یاسای هاتوچۆ لە سەرتاسەری عێراقدا

 

لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا تارق ئیسماعیل روبەیعی بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆی عێراق بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن، ئاماژەی بەوە كرد كە  خەریكی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسایەکی نوێن بە ئامانجی یەکخستنی یاسای ھاتوچۆ لە سەرانسەری عێراقدا بەھەرێمی کوردستانیشەوە.

ناوبراو باسی لەوەش كرد كە یاسا نوێیەکە رێنماییەکانی ھاتوچۆ و سزاکان و ڕسومات و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلیش دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆی عێراق ڕوونیشی كردەوە كە لیژنەیەک پێکدەھێنرێت بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاساکە کە پێداگری دەکات لەسەر ئاسانکاری بۆ شۆفێران کە گرفتیان لە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و بارھەڵگرەکانیان و پێدانی غەرامەکانیان ھەیە لە پارێزگاکانی ھەرێم و بە پێچەوانەشەوە.

سەبارەت بە كاتی جێبەجێکردنی یاساکە، تارق ئیسماعیل روبەیعی جەختی كردەوە كە  بەم زوانە یاسا نوێیەکە دەخرێتە بواری جێبەجیکردنەوە.

پێشتریش لە رۆژی ١٦ی مانگی حوزەیران بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆی عێراق لە ڕاگەیاندنێكدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە لێکتێگەیشتن  هەیە لەنێوان حكومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدرال لەپێناو یەکخستنی تابلۆکانی ئۆتۆمبێل و ئاسانکردنی رێکارەکانی مامەڵەکانی تایبەت بەو بابەتە.

 

Top