نارین فەقێ: لە هونەری گۆرانی ئامێری موزیكی ڕەسەن گرنگە
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا خانمە هونەرمەندی كورد (نارین فەقێ) گۆرانییەكی نوێی لە ژێر ناونیشانی (پاییزا خەونان) بڵاوكردەوە .
لەم بارەیەوە خانمە هونەمەندی رۆژئاوای کوردستان نارین فەقێ رایگەیاند: بەر لە بیست ساڵ من هاتمە نێو بواری هونەری گۆرانی و موزیکی کوردی و بەم بۆنەیەوە بە پێویستم زانی بەم بۆنەیەوە بەرهەمێکی نوێ پێشکەش بە هەوادارانی خۆم بکەم، گۆرانی (پاییزا خەونان) لە تێکستی مامۆستا (ئەدیب چەلکی)یە کە چەندین ساڵە بە تێکستەکانی خزمەت بە هونەری کوردی دەکات، ئاوازەکەشی لەلایەن ئاوازدانەری نەمر مامۆستا (زاهد بریفکانی) ئامادە کراوە، بەر لە کۆچی دوایی مامۆستا زاهد یەکێک لە ئاوازە جوانەکانی پێشکەش بە من کرد. من حەزم کرد کارێکی جوان پێشکەش بە رۆحی بکەم، بۆیە پەیوەندیم لەگەڵ مامۆستا ئەدیب، لە کۆتاییدا توانیی تێکستێکی جوان و گونجاو لەسەر ئەو ئاوازە ئامادە بکات.
سەبارەت بەم بەرهەمە نوێیەی خاتوو نارین زیاتر گوتی: (پاییزا خەونان) پرۆژەیەکی نوێ نییە و ماوەیەکی زۆرە کارم لەسەر کردووە، بەڵام حەزم کرد بۆ من ساڵی ٢٠٢٠ ببێتە ساڵی ئافرەتی کورد، ساڵی زمان و ئەدەبیات، بۆ ئەم مەبەستە بڕیارمدا بەرهەمەکانی ساڵی رابردووم بۆ ئافرەت و پاراستنی ئەدەبیات و زمانی و موزیکی کوردی بێت، هەروەها (پاییزا خەونان)م دواخست بۆ بیستهەمین ساڵیادی من لە نێو هونەری کوردیدا، کارە هونەرییەکانی ئەم بەرهەمە لەلایەن هاوسەرەکەم موزیکژەنی ساز (عەلی شاکر) ئەنجامدراوە، تۆمارکردنی موزیک و دەنگ هەمووی لە وڵاتی سوید و میکس و ماسترینگ لەلایەن کاک مەهدی نوری و کاک محمد لە تۆن ستۆدیۆ لە شاری دهۆک ئەنجامدراوە.سەبارەت بە کلیپی گۆرانییەکەش لە باکوری کوردستان و وڵاتی سویدی بەشێوەیەکی جوان و مۆدێرن لەلایەن دەرهێنەری بە توانا (هەژار دهۆکی) تۆمار کراوە.
سەبارەت بە گرنگی بەرهەمەکە نارین فەقێ دەڵێت: (پاییزا خەونان) یەکێکە لە جوانترین بەرهەکانم و ئەرکی زۆرم کێشاوە و گشت تواناکانی خۆم لەو بەرهەمەدا خستۆتە گەڕ، هەمیشە ئامانجی من و (عەلی شاكر)ی هاوژینم ئەوە بووە کە لە ناو کاری هونەریدا جگە لە گرنگیدان بە ئامێرە موزیکییە رەسەنەکان گۆڕانکارییەکیش لەنێو موزیکی کوردیدا درووست بکەین بۆ ئەوەی موزیکی کوردیش بەرەو ئاستێکی جیهانی هەنگاو بنێت و پێش بکەوێت، بۆیە تێکست و ئاواز و کلیپی گۆرانییەکە زۆر گونجاون، بۆیە حەزم کرد ئەو بەرهەمە ئەڤیندارییە پێشکەش بە گەلی کورد بکەم و هیوادارم بە دڵیان بێت و هەموو ئەڤیندارێک خۆی لەو گۆرانییەدا ببینێتەوە. لە کۆتاییدا نارین فەقێ وتی: لە ماوەی بیست ساڵی رابردووم لە نێو هونەری کوردیدا هەمیشە ئامانجم ئەوە بووە گۆرانی جوان پێشکەش بکەم کە میللەتەکەم سوودی لێ ببینێت و خزمەت بە زمان و کەلتوور و ستایلی میللەتەکەم بکەم، هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا بەرهەمی جوانتریش پێشکەش بکەم و زیاتر گرنگی بە مۆرکی رەسەنی کوردی دەدەم.