قۆناغى دووەمى شه‌قامی ١٥٠ مه‌تریی هه‌ولێر بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت

قۆناغى دووەمى شه‌قامی ١٥٠ مه‌تریی هه‌ولێر بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت


لە ژمارەی ئەو هەفتەی گوڵاندا دیمانەیەكی تایبەت لەسەر جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی شەقامی بزانەی 150 هەولێر لەگەڵ ئەندازیار عەبدوالواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی هەولێر ئەنجامانداوە كەلە وەڵامی پرسبارەكانی گوڵاندا چەندین زانیاری و وردەكاری لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بەشەی 150 مەتری خستۆتەڕوو و ڕۆژی پێنجشەممە 21/10/2021 فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە قۆناغى دووەمى شه‌قامی ١٥٠ مه‌تریی هه‌ولێر بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت و بە تەواوبوونیشی، هه‌ردوو ڕێگه‌ی سەرەكیی هه‌ولێر ـ شه‌قڵاوه‌ و هه‌ولێر ـ كەسنەزان – كۆێی - سلێمانی دەچێت به‌ یه‌كتر ده‌به‌ستێته‌وه‌. ئەو شەقامەی 150 مەتری كە یه‌كێك له‌ پڕۆژە‌ گرنگ و ستراتیژییه‌كانی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان كە پڕۆژە‌ی شه‌قامی بازنه‌یی ١٥٠ مەتریی ‌كه‌ له ‌لایه‌ن كۆمپانیای هێمن گرووپه‌وه‌ بە چەند قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌ قۆناغى یەکەمیدا، ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی شه‌قڵاوه‌ تا ڕێگه‌ی به‌حركه‌ دروستی كردوە و ئێستاش كاركردن له‌ قۆناغى دووه‌می ده‌ستی پێكردووه‌ و به‌ ته‌واوبوونیشی هه‌ردوو ڕێگه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌ولێر ـ شه‌قڵاوه‌ و هه‌ولێر ـ كسنەزان بۆ كۆێی و سلێمانی به‌ یه‌كتر ده‌به‌ستێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ئاسانكارییه‌كی ته‌واو بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر ده‌كات و جەنجاڵی ناو شاری هەولێر کەمدەکاتەوە
هەروەها شه‌قامی بازنه‌یی ١٥٠ مەتری هه‌ولێر له‌ پێنج قۆناغ پێكدێت كە له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا به‌شی یه‌كه‌می قۆناغی یه‌كه‌م كاره‌كانی ته‌واو بوو و به‌ ڕووی شۆفێراندا كرایه‌وه‌ کە ڕێگه‌ی شه‌قڵاوه‌ تا ڕێگه‌ی به‌حركەیە‌ به‌ درێژی ١٠ کیلۆمەتر، ئێستاش كاركردن له‌ قۆناغى دووه‌می ده‌ستی پێ كردووه‌.
لەمبارەیەوە ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژە‌ی ١٥٠ مەترى، سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانی قۆناغى دووه‌می ئه‌م شه‌قامه‌ تایبه‌ت به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری گوتی: به‌شی دووه‌می ئه‌م شه‌قامه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی شه‌قڵاوه‌ تا ڕێگه‌ی كۆیه‌ كاری تێدا ده‌كرێت، له‌ ڕێكه‌وتی ٣١/٨/٢٠٢١ ده‌ستی پێكردووه‌ و وا بڕیاره‌ له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ ته‌واو بكرێت کە درێژیه‌كه‌ی7،2. كیلۆمەترە‌ و بڕی گوژمه‌ی خه‌مڵێندراویشی بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و به‌شه‌یان بریتییه‌ له‌ ٨٧ ملیۆن دۆلار.
سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی كاركردن له‌م پڕۆژە‌یه‌ و ژماره‌ی ئامێر و كرێكاره‌كان، ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق گوتی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژە‌یه‌ پڕۆژە‌یه‌كی ستراتیژی و گه‌وره‌ی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ باشترین شێوه‌ كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ بچێت تا له‌ كات و ساتی خۆیدا بتوانین ته‌واوی بكه‌ین بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕۆژانه‌ ٤٠٠ ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ١١٠٠ كارمه‌ند و كرێكاریشمان هه‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ به‌ به‌رده‌وامی بۆ ماوه‌ی ١٢ بۆ ١٤ كاتژمێر كار ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشیشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی زۆری كارمه‌ند و كرێكاره‌كانمان كوردن كه‌ ئه‌وه‌ش به‌و واتایه‌ دێت كه‌ ئێمه‌ له‌ رێگه‌ی پڕۆژە‌یه‌كی وەهاوە توانیومانه‌ هه‌لی كار بۆ زۆر له‌ گه‌نج و لاو و خه‌ڵكی خۆمان بڕە‌خسێنین، هه‌روه‌ها خاڵێكی تر كه‌ گرنگه‌ ئاماژە‌ی پێ بده‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ماددانه‌ی له‌ دروستكرنی ئه‌و پڕۆژە‌یه‌دا به‌ كار هاتوون هه‌ر هه‌مووی به‌رهه‌می ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ كۆمپانیای هێمن گرووپ دوو كارگه‌ی قیرى گەورە و مەسفایەکى قیر و كارگەیەکی به‌ردی شكاو و سێ كارگه‌ی كۆنكرێتمان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی وا ده‌كات سوود و قازانجی فره‌لایه‌نی بۆ كوردستان هه‌بێت.
ئه‌و به‌شه‌ی ئێستا كاری تێدا ده‌كرێت له‌ شه‌قامێكی سه‌ره‌كی به‌ دوو ئاراسته پێکدێت، كه‌ پانی هه‌ر یه‌كێكیان ٢٠ مه‌ترە و نێوانى هەردوو سایدەکەش (دوورگه‌ی ناوه‌ندی)‌ ٢٠ مه‌تره‌ كه‌ له‌ داهاتوودا ده‌توانرێت سوودی لێ وەربگیردرێت بۆ سەوزکردن و یا فراوانکردنى شه‌قامه‌كه‌. له‌ هه‌ردوو لای ڕاست و چه‌پی شه‌قامه‌كه‌‌، شه‌قامی خزمه‌تگوزاریی هه‌یه‌ كه‌ پانی هه‌ر شه‌قامێكیان ٢٣ مه‌تره‌ و دوو سایدیشه‌. لەم قۆناغەدا‌ چوار پردی سه‌ره‌كی هەن كه‌ دوو پردیان بۆ سووڕانه‌وه‌یه‌ له‌ چوارڕیانی هه‌ولێر ـ كۆیه‌ و دوو پردیشیان بۆ سوڕانه‌وه‌ و گۆڕینی ئاڕاسته‌یه‌. هەر لەم قۆناغەى پڕۆژەکەدا ١٣ ئاوبه‌ری سندوقی جۆراوجۆر هەیە،‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دیواری پاڵپشتی كۆنكرێتی و ته‌واوی بڕگه‌كانی كه‌ پێویسته‌ له‌ دروستكردنی ڕێگاکەدا هه‌بێت وه‌ك هێماكان و په‌رژینی خۆپاراستن و سیسته‌می ئاوه‌ڕۆ بۆ ته‌واوی ڕێگاكه‌.
زۆر جار ده‌گوترێت دوای ته‌واوبوونی هه‌ر پرۆژە‌یه‌ك گرنگترین قۆناغ ده‌ست پێ ده‌كات ئه‌ویش قۆناغی چاودێری و چاككردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژە‌یه‌ به‌ ته‌واوی به‌و شێوه‌یه‌ بێت كه‌ به‌رنامه‌ و پلانی بۆ داڕێژراوه‌، له‌م باره‌وه‌ ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق وتی: ئێمه‌ به‌ گوێره‌ی مواسه‌فاتی جیهانیی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئاشتۆی ئه‌مریكی كاره‌كانی ئه‌م به‌شه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین له‌ ڕووی كوالێتی و به‌كارهێنانی جۆری كه‌ره‌سته‌كان، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ قۆناغێكی پێویست و گرنگ هه‌یه‌ له‌ دوای قۆناغی دروستكردن ئه‌ویش قۆناغی به‌رده‌وامیدان و پاراستنی ڕێگه‌كه‌ و چاككردنه‌وه‌یه‌تی.
جێی ئاماژە‌یه‌ درێژیی شه‌قامی بازنه‌یی ١٥٠ مه‌تری شاری هه‌ولێر ٧٠ كیلۆمەتره‌ ئێستا به‌ هه‌ردوو به‌شی قۆناغی یه‌كه‌م و دووەم ١٧.٦ كیلۆمەتری ته‌واو ده‌بێت و دوای ته‌واوبوونی به‌شی دووه‌می ئه‌م قۆناغه‌ ئه‌و قه‌ره‌باڵغی‌ زۆره‌ی له‌ سەر شه‌قامه‌كانی دیکەى هه‌ولێر هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ده‌روازه‌كانی شار كه‌مده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی به‌ستنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر ـ كسنەزان – كۆێی - سلێمانی و جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژە‌یه‌ش بە هه‌ماهه‌نگیی حكومه‌تی هەرێمی كوردستانە و بۆ ته‌واوكردنیشى سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر ته‌واوی ئاسانكارییەکى ئەنجامداوە.

Top