پارتی زۆرترین نوێنەری ئافرەت لەسەر ئاستی تەواوی حزبە عێراقی و كوردستانییەكان دەنێرێتە ئەنجومەنی نوێنەران

پارتی زۆرترین نوێنەری ئافرەت لەسەر ئاستی تەواوی حزبە عێراقی و كوردستانییەكان دەنێرێتە  ئەنجومەنی نوێنەران

 

بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ڕێژەی نێوان ئافرەتان و پیاوان لە پەرلەمانی عێراق كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق 83 كورسیی پەرلەمانی عێراقی لە كۆی 329 بۆ ئافرەتان تەرخان كردبوو، كە لە هەر بازنەیەكدا پێویست بوو ئافرەتێك سەربكەوێت، جا بە دەنگی خۆی بێت، یان بە دەنگی كۆتا، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین نوێنەری ئافرەتی لەسەر ئاستی تەواوی حزبە عێراقی و كوردستانییەكان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نارد. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان ڕا و سەرنجی خۆیان لەو بارەیەوە هەیە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بە بەدەستهێنانی 32 كورسی لە پەرلەمانی عێراق، 11 كورسی لە كۆی 32 كورسییەكەی بۆ ئافرەتان بوو. هەر لەو بارەیەوە عیماد جەمیل ئەندامی لیژنەی زانیاری كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاماژە بەوە دەكات كە «ڕێژەی ئەو ئافرەتانەی دەنگی پێویستیان بە دەست هێناوە و گەیشتوونەتە پەرلەمانی عێراق، زیاترە لەو ڕێژەی كە بۆیان دانرابوو.» هەروەها دەشڵێت: «جگە لەو 83 كورسییەی كە تایبەت كراوە بە ئافرەتان، ژمارەیەك ئافرەتی دیكە بە بەدەستهێنانی دەنگی شایستەی خۆیان سەركەوتوون و ڕێژەكەیان بەرز بووەتەوە».

لەلایەكی دیكەوە سكرتاریەتی گشتی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: «97 ئافرەت سەركەوتوون بۆ پەرلەمانی عێراق، واتە 14 كورسی زیاتریان بەدەست هێناوە لەو ڕێژەی بۆیان تەرخان كرابوو».

پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستاندا زۆرترین بەربژێری ئافرەتی هەبوو كە ژمارەیان 17 ئافرەت بوو، ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە پێشەنگە لە سەرخستنی پرسی ئافرەت و دەستەبەری مافەكانیان. ئەمڕۆش لە كۆی 17 ئافرەتەكە 11 ئافرەتیان كورسیی پەرلەمانی عێراقیان بەدەست هێنا. ئەوان توانییان جارێكی دیكەش ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان بە گشتی و خانمان بەتایبەتی، لەو بارەیەوە دوریا شێروانی مامۆستا لە پەروەردەی سۆران باسی ئەوە دەكات كە: «هەڵبژاردن پڕۆسەیەكی دیموكراسییە كە لە دونیای سیاسەت و بەڕێوەبردندا پەیڕەو دەكرێت و، تیایدا تاك بە ویست و خواستی كەسیی خۆی نوێنەرێك دەستنیشان دەكات و، متمانەی پێ دەكات. ئەگەر بێت و باس لە پەرلەمان بكرێت، ئەوە شتێكی دڵخۆشكەرە كە ئافرەت هەم دەنگدەرە و هەم هەڵبژێردراوە، ئەمە هەنگاوێكی گرینگ و جێی بایەخە كە ڕۆڵی ئافرەت لە سیستەمی حوكمڕانی و پایەكانی دەسەڵات  بەرەوپێش ببردرێت.» گوتیشی: «ئەگەر بەراوردێك بكەین ئافرەت هەم ڕێژەیەكی بەرزتری تۆمار كردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵەكانی پێشووتر، هەم ڕۆڵیشی زیاترە، ئەمەش دەرئەنجامی بوێری و كۆڵنەدانی ئافرەتانە كە ڕێژەیەكی باشی ئافرەت بەربژێرن و سەركەوتوو بوون، ئەمەش ئەنجامێكی دڵحۆشكەرە بۆ منی ئافرەت». 

ڕاژان عەبدولڕەحمان ستوونی، ڕۆژنامەوان و چالاكی مەدەنییە و لە دەستپێكی وتەكانیدا دەڵێت: «بێگۆمان زۆر خوشحاڵم و وەكو ئافرەتێك خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە دەبینم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێگە و سەنگی ئافرەت لە نێو پڕۆسەی سیاسی و جڤاكی كۆمەڵگەكەماندا بەهێزتر دەبێت. توێژی ئافرەت بە شێویەكی بەرچاو لە نێو پڕوسیسی سیاسی و ...تد بەشدارییەكی كارای هەیە لە سەر هەموو ئاسەتەكاندا؛ واتە یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری و هەروەها لە سەر ئاستی كۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵێكی گرینگ دەگێڕێت، هەموو ئەمانەش ئاماژەن بۆ ئەوەی كە پڕوسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان بەرەو پێشڤەچوونی بە خۆیەوە بینیوە و، گەشەی كردووە.» گوتیشی: «توێژی ئافرەت توێژێكی زۆر گرینگە، ئەگەر نیوەی كۆمەڵگەش زیاتر پێك نەهێنێت، ئەوا كەمتر نییە لە نیوەی كۆمەڵگە؛ كەواتە گرینگیدان بە بەشداری پێكردنی ئافرەتان لە هەموو كایەكاندا شان بە شانی ڕەگەزی بەرامبەریان لەسەر گشت بوارەكانی ژیاندا لە هەموو ڕوویێكەوە كاریگەریی ئەرێنی دەبێت. لە پڕۆسەی دەنگدانی ئەمجارەشدا بۆ پەرلەمانی عێراق مایەی دڵخۆشییە كە بینیمان ڕێژەیەكی باشی ئافرەت كە كاندید كرابوون، خۆشبەختانە زۆربەیان لەم پڕۆسەیەدا سەركەوتنیان تۆمار كرد. بۆیە دووبارە زۆر خۆم بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانـم كە دەبینم ئافرەت هاوشانی ڕەگەزی بەرامبەری خۆی بە بێ جیاوازی لە پێناو پێشكەوتن و گەشەسەندنی وڵاتدا ڕۆڵی خۆی دەبینێت».

روڤیا خالید قوتابی زانكۆیە سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئێمەی ئافرەتان ڕۆڵێكی زۆر گرینگمان هەبوو لە هەلبژاردنەكان و بە دڵ و گیان پاڵپشت بووین بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ بۆ لیستی شەهیدان و لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان.» گوتیشی: «ئافرەتان هـەنگاوێكی بـاشیان هەڵبڕیوە لە كۆمەڵگە و پێویستە دەسەڵات و كۆمەڵگە ددان بـە یەكسانیی ئافرە ت و پیاودا بنێن و باوەڕی تەواو بەوە بهێنن و دڵنیا بن كە چۆن پیاوان توانا و هێز و ئیرادەیان هەیە، ئافرەتانیش هەمان هەڵوێست و توانا و هێزیان هەیە، كە بتوانن تەواوكەری پیاوان بن». جەختی لەوەش كردەوە كە «دەڕخستنی توانای ئافرەت بووەتە هۆكاری ئەوەی كە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان لە كایەكانی بەڕێوەبردنی وڵاتدا زیاتر بێت و، كۆمەڵگەش زیاتر چاوكراوە بێت و، بەرهەم و توانا و كارامەیی ئافرەتان لە هەموو بوارەكاندا ببینێت».

 

Top