ڕووسیا نووسینگەی ڕێكخراوی ناتۆ لە مۆسکۆ  دادەخات

ڕووسیا نووسینگەی ڕێكخراوی ناتۆ لە مۆسکۆ  دادەخات

 

بە وتەی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، کارمەندانی ڕێكخراوی ناتۆ لە مۆسکۆ ئاگادارکراونەتەوە کە مۆڵەتی كار و ئەركەكانیان لە مانگی تشرینی دووەمدا كۆتایی پێ دێت.

پێشتر ناتۆ هەشت دیپلۆماتکاری لە شاندی ڕێکخراوەکەی ڕووسیا دەرکردووە بە تۆمەتی سیخوڕی كردن.

سەرەڕای ئەوەش ناتۆ ژمارەی ستافی كارمەندانی ڕێكخراوی ڕووسیای بۆ دە كەس لە ئەرکەکانیان کەم کردۆتەوە.

لاڤرۆڤ دووپاتی کردەوە کە ئەو هەنگاوە تۆڵەسەندنەوەیە، لە بەرامبەر كردەوەكانی ڕێكخراوی ناتۆ گوتیشی:  ناتۆ حەزی بە دیالۆگی یەکسان نییە.

بە وتەی لاڤرۆڤ، ئێستا ناتۆ دەتوانێت لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی ڕووسیاوە لە برۆکسل پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی ڕووسیادا هەبێت.

ڕێكخراوی ناتۆ وەڵامی دایەوە کە تا ئێستا بە فەرمی ئەو هەواڵەی لە حکومەتی ڕووسیاوە پێی نەگەیشتووە.

هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەو هەنگاوەی بە نیگەرانی ناوبرد.

گوتیشی: ئەمە تەنیا جێی نیگەرانی نییە، بەڵكو بڕیارەکەی مۆسکۆ زیانی زۆر بە پەیوەندی دوولا دەگەیەنێت.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top