یەكخستنی تابلۆی ئۆتۆمبیلەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق

یەكخستنی تابلۆی ئۆتۆمبیلەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق

 

ڕۆژنامەی سەباح لێدوانێكی تارق ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆی عێراقی بڵاوكردەوە، كە گوتبووی بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان كاردەكرێت بۆ یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل و نووسینی بە ئینگلیزی وەك ئەوەی لە زۆرینەی وڵاتاندا ھەیە.

ناوبراو جەختی لەوەش كردەوە كە  تابلۆکان بە قەبارەی تابلۆکانی پێشوو و ھەمان ڕەنگ دەبن، سپی بۆ تایبەت، سوور بۆ کرێ، شین بۆ حکومی و سەوز بۆ سوپا، سەرەڕای ئەوەی کۆدێکی دیاریکراوی دەبێت بۆ ھەر پارێزگایەک لەجیاتی ناوەکەی.

ئەو بەرپرسەی هاتوچۆی عێراق گوتیشی: وەزارەتی ناوخۆ بەم زوانە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت بە تابلۆ واژوو دەكات بۆ کردنەوەی لقێکی خۆی لە بەغداد، بەمەبەستی زامنکردنی خێرایی بەڕێوەچوونی کارەکە و تاكوو لە وادەیەکی كەمدا بە خاوەن ئۆتۆمبێل بدرێت.

سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش، فازڵ حاجی وتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر ئاماژەی بەوە كردبوو كە  چەندین جار ڕێککەوتن لەنێوان ھەردوو وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم و عێراق بۆ یەکگرتنی تابلۆی ئۆتۆمبێل کراوە، بەڵام ھێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو ڕوونیشی كردەوە كە  ئێستا بڕیارە جارێکی دیکە دەست بە جێبەجێ کردنی پلانەکە بکرێتەوە، کە بریتییە لە گرتنەبەری رێکاری یەك شێوازی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری عێراقدا.

 

 

Top