ستروان ستیڤێنسۆن سەرۆكی كۆمەڵەی ئەوروپی ئازادیی عێراق بۆ گوڵان: بۆ ئەوەی ئەفغانستانێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە، نابێت ئەمریكا دەستەبەرداری عێراق ببێت
ستروان ستیڤێنسۆن ئەندامی پێشووی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بووە و نوێنەرێتیی سكۆتلەندای دەكرد (1999-2014)، و سەرۆك شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بوو بۆ پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراقدا (2009-2104). وانەبێژی نێودەوڵەتییە لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێستادا سەرۆكی كۆمەڵەی ئەوروپی ئازادیی عێراقە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بە سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپاوە لە ئاست ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند پرس و پێشهاتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* ئەگەر هەڵسەنگاندنێك بۆ سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەین لە ئاست ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئایا بە تێڕوانینی ئێوە خەسڵەت و ڕەهەندەكانی سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن لە ئاست ئەم ناوچەیەدا چین؟
- ئەوەی لەم بارەیەوە دەتوانین ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە لە دوای بڕیارە كارەساتبارەكەی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن بۆ كشانەوە لە ئەفغانستاندا، ئەوا دەبێت چاودێرە نێودەوڵەتییەكان بە سەرسوڕمان و سەرسامییەوە لە هەوڵە پڕ لە دژواری و گرفتەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا بڕوانن بۆ زیندوكردنەوەی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا. لەم ڕوانگەیەوە دەكرێت بوترێت كە بە دڵنیاییەوە ڕۆژئاوا وانەیەكی قورس فێر بووە لە پەیوەندی بە شكستی سیاسەتی دەرەوە، ئەویش دوای ڕووداوە پڕ لە پشێو و كارەساتبارەكانی نێو كابول. بێگومان ڕۆژئاوا نایەوێت ئەم هەڵە و شكستانە دووبارە بكاتەوە لە پەیوەندی بە هێنانەوە ئارای ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا. لەبەر ئەوە پێم وایە پێداگریی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن بۆ هێنانەوە ئارای ئەم ڕێككەوتنە هەڵەیەكی گەورەیە. چونكە هەنگاوێك لەم چەشنە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی حكومەتی ئێرانی، كە حاڵی حازر لە پێگەیەكی باشتردایە بە هۆی سەركەوتنی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا. لەم سۆنگەیەوە پێم وایە سیاسەتی ئیدارەی بایدن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پشێویدایە و پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی هەمەلایەن و گشتگیر هەیە.
* لە هەڵسەنگاندن و شرۆڤەكردندا پتر تەركیزتان لەسەر پرسی ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا كرد و گرێتان دایەوە بە پەرەسەندنەكانی ئەفغانستانەوە، ئەگەر پرسیاری زیاتر لەم بارەیەوە بكەین، ئەوا بە لەبەرچاوگرتنی خستنەوەگەڕی گفتوگۆكانی پەیوەست بە هێنانەوەئارای ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە، ئایا پێت وایە هیچ ئەگەرێك هەیە بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە بگەنە ئامانج، بە تایبەتی كە بێ متمانەییەكی زۆر لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا هەیە، ئایا هیچ هەنگاوێكی بنیاتنانی متمانە هەیە كە بتوانرێت لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەڵبگیرێت؟
- بە بۆچوونی من هەر لە سەرەتاوە ئەنجامدانی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا خۆی لە خۆیدا هەڵەیەكی گەورە بوو. چونكە بە گوێرەی ڕێككەوتنەكە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی نەیدەتوانی پشكنین بۆ هیچ شوێنێك و دامەزراوەیەك بكات كە لەلایەن سوپای ئێرانییەوە كۆنتڕۆڵ كرابێت. كە ئاشكرایە زۆربەی ئەو وڵاتانەی پڕۆگرامێكی نهێنیی ئەتۆمییان هەبووە لە پێگەكانی سەر بە سوپادا پەرەیان پێ درابوو، لەبەر ئەوە دەكرێت بوترێت ڕێككەوتنەكە هەر لە سەرەتاوە پڕ لە كێشە و كەموكوڕی بوو. دواتر ئەگەر ئێمە لە ناوەڕۆكی ئەم ڕێككەوتنە بڕوانین، ئەوا ئەوەی تێدا بەدی دەكرێت كە لیستی ناوی ئەو كۆمپانیا و كەسایەتییە ئێرانییانە لەخۆدەگرێت كە دەبێت سزایان لەسەر هەڵبگیرێت، لە نێویاندا بزنێس و پیشەسازییەكانی پەیوەندیدار بە بانك و تەئمین و كانزا و فڕۆكەوانی و بارهەڵگری و چەك و بازاڕی گشتیی بازرگانییەوە، تەنانەت دووبارە مافی ئەوە بە ئێران دەداتەوە كە فەرش و كاڤیار بە ڕۆژئاوا بفرۆشێت. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە ڕێككەوتنەكە – كە لە سەروەختی ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆبامادا واژۆ كرا- فەرمان بە ڕۆژئاوا دەدات كە كۆتایی بهێنێت بە دوورخستنەوەی هاووڵاتییەكانی ئێرانی لە وەرگرتنی كۆرسی خوێندنی باڵای پەیوەندیدار بە زانستی ئەتۆمی، ئەندازیاری ئەتۆمی، یان كەرتی وزەوە. بە دەربڕینێكی دیكە، هانی زانكۆكانی ڕۆژئاوا دەدرێت بۆ ئەوەی ڕاهێنان بە ئێرانییەكان بكەن لە بارەی تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی ئەتۆمی، ئەویش بۆ ئەوەی تەواو ئامادە بن بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی. ئێمە دەزانین دۆناڵد ترەمپ پێش ئەوەی ببێتە سەرۆكی ئەمریكا ئەم ڕێككەوتنەی ڕەت كردەوە و كاتێكیش جڵەوی سەرۆكایەتی گرتەدەست، ئەوا لە ئایاری 2018دا بڕیاری كشانەوەی لەم ڕێككەوتنە دا. ئەوەی دۆناڵد ترەمپ كردی 100% ڕاست و دروست بوو، جۆ بایدن-یش 100% هەڵەیە ئەگەر بێت و هەوڵی گەڕانەوە بۆ ئەم ڕێككەوتنە بدات.
* ئێوە بە شێوەیەكی گشتی ئاماژەتان بە ڕۆژئاوا كرد، هەروەها باسی یەكێتی ئەوروپاشتان كرد، ئایا چۆن لە سیاسەتی ئەم یەكێتییە دەڕوانن لە ئاست ئەم ناوچەیەدا و بە بۆچوونی ئێوە ئایا ئەم یەكێتییە دەبوو و دەیتوانی چ شتێكی جیاواز بكات بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تەحەددی و قەیرانەكانی ئەم ناوچەیەدا؟
- یەكێتیی ئەوروپا بە ملكەچییەوە بووەتە بەشێك لە هەوڵەكانی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا. لە سەروەختی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا یەكێتیی ئەوروپا بەردەوام هەوڵی دەدا، حكومەتی ئێرانی دڵنیا بكاتەوە كە ئەوان كۆشش دەكەن بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە، سەرەڕای ئەوەی كە دۆناڵد ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری بۆ سەپاندنی سزا بە سەر ئێراندا مومارەسە دەكرد. یەكێتی ئەوروپا و دیپلۆماتكارە باڵاكەی لەو كاتەدا، خاتوو فریدریكا مۆگێرینی، دووچاری تاسان و شڵەژان بوونەوە كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە كشایەوە، بەردەوام حكومەتی ئێرانیان دڵنیا دەكردەوە كە ئەوان پشتیوانی لە ڕێككەوتنە دەكەن و، هەموو هەوڵێك دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی خۆیان لەو سزایانە لابدەن كە ئیدارەی سەرۆك بایدن بە سەر ئێراندا سەپاندبوونی. تەنانەت خاتوو مۆگێرینی سەردانی تارانی كرد و بە ملكەچییەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی ئێراندا كۆبووەوە و تەنانەت وێنەی سێڵفی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەكانی ئێرانیشدا گرت، كاتێكیش مۆگێرینی گۆڕدرا بە جۆزێپ بۆرێڵ، كە وەزیری پێشوی كاروباری دەرەوەی ئیسپانیا بوو، ئەوا دۆخەكە خراپتر بوو. چونكە ئەوەی بینیمان یەكەم سەردانی جۆزێپ بۆرێڵ لە پۆستە نوێیەكەیدا وەك نوێنەری باڵای یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروبارە دەرەكی و ئەمنییەكان، بۆ تاران بوو، كە لەو سەردانەشدا بەڵێنی دا دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا. تەنانەت بۆرێڵ جێگرەكەی خۆی، ئینریك مۆرا-ی، نارد تاوەكو سەردانی تاران بكات و لە ڕێورەسمی دەستبەكاربوونی پێنجەمین سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێراندا ئامادە بێت. كەواتە هەوڵە بەردەوامەكانی یەكێتی ئەوروپا بۆ ڕازیكردنی حكومەتی ئێرانی كات بە فیڕۆدانە و چارەنووسیشی شكست دەبێت.
* چۆن لە ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عێراق دەڕوانێت، بە تایبەتی كە لە ئێستادا عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەرێوە برد؟ ئایا پێت وایە دەكرێت شەراكەتێكی ستراتیژی و درێژخایەن لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا (عێراق و ئەمریكا) بێتەئاراوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی گفتوگۆی ستراتیژییان ئەنجام دا و بەیاننامەیەكی هاوبەشیان لەم ڕووەوە بڵاو كردەوە؟
- لە ڕاستیدا من نیگەرانییەكی قووڵم هەیە لەوەی كە لە دوای كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان و ڕوودانی ئەو ڕووداو و پەرەسەندن و پێشهاتانەی لەو وڵاتەدا، ئەوا سەرۆك جۆ بایدن بڕیاری ئەوە بدات بە یەكجاری لە وڵاتی عێراقیش بكشێتەوە. ئێمە لە ساڵی 2014دا بینیمان كە چۆن داعش بە ڕەوتێكی خێرا پێشڕەوی كرد لە عێراقدا، ئەویش كاتێك سوپای پڕ چەك و ڕاهێنانپێكراوی عێراق- كە چەكی ئەمریكیان پێ بوو، هەر خودی ئەمریكییەكانیش ڕاهێنانیان پێ كردبوون- چەكەكانیان فڕێ دا و لە بەردەم هێزێكی بچووكی میلیشیاكانی داعشدا هەڵاتن، ئەوە بوو لە دەرئەنجامدا توانییان نزیكەی تەواوی خاكی عێراق داگیر بكەن. هەروەها داڕووخانی سوپای ئەفغانی كە لەلایەن ئەمریكاوە پڕچەك كرابوون و مەشقیان پێ كرابوو، كە ئەمانە بوونەتە هاندەر و هۆكارێك بۆ ئەوەی توندڕەوەكان هەمان هەوڵ لە عێراقدا دووبارە بكەنەوە، ئەگەر هاتوو هێزەكانی ویلایەتەكانی یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەم وڵاتە كشانەوە. سەرۆكی فەڕەنسا ئیمانۆێل ماكرۆن بەڵێنی دا كە هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق دەمێننەوە، تەنانەت ئەگەر هێزەكانی ئەمریكاش كشانەوە، بەڵام ئەمە بەس نییە. بۆ ئەوەی ئەفغانستانێكی دیكە لە عێراق دووبارە نەبێتەوە، ئەوا پێویستە ئەمریكا لەم وڵاتە بمێنێتەوە.