رامی نوری بەڕێوەبەری ناحیەی عەنكاوە بۆ گوڵان: بەقەزابوونی عەنكاوە پێگەی كوردستان بۆ پێكەوەژیانی ئایینی و ئاشتەوایی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز دەكات
مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری بەقەزابوونی عەنكاوەی ڕاگەیاندو داوای لە وەزیری ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی بەقەزابوونی عەنكاوە دەست پێ بكەن. گرنگیی بەقەزابوونی عەنكاوە بەتایبەتی بۆ پێكهاتەی مەسیحی بە سەرجەم گەلانی (كلدانی و ئاشووری و سریانی)یەوە تەوەرەی سەرەكیی دیمانەیەكی گۆڤاری گوڵان بوو لەگەڵ ڕامی نوری عودیش بەڕێوەبەری ناحیەی عەنكاوە.
* بڕیاری بەقەزابوونی عەنكاوە بڕیارێكی مێژووییە، ئێوە وەكو بەرپرسی یەكەی ئیداریی عەنكاوە گرنگیی بەقەزابوونی عەنكاوە چۆن دەبینن و لە ڕووی ئیداری و بەڕێوەچوونی مامەڵەكانی هاووڵاتیانەوە تا چەند ئاسانكاری دەكات؟
- بڕیاری بەقەزابوونی عەنكاوە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مسرور بارزانی، بڕیارێكی مێژوویی و ستراتیژییە و لە بەرژەوەندیی پتەوكردن و بەهێزكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردنە، ئەم بڕیارە بۆ بەهێزكردنی تایبەتمەندێتی عەنكاوە دراوە و، خەڵكی عەنكاوە ئەو پەڕی دڵخۆش و شاد و كامەرانن و هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی سوپاسی جەنابیان بكەن، بەقەزابوونی عەنكاوە لە مێژوودا بە پیتی زێڕین دەنووسرێت و، بۆ ئێمەی مەسیحی ڕۆژێكە بەردەوام یادی دەكەینەوە، لە ماوەی 65 ساڵی ڕابردوودا بۆ یەكەمین جارە گرنگییەكی وا گەورە بە عەنكاوە و پێكهاتەیەكی ڕەسەن و گرنگی كوردستان دەدرێت، ڕاستە كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم نەبوون لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان و دانیشتووانی عەنكاوە و مەسیحییەكان بڕیار و دەستپێشخەریی گرنگیان بووە، بەڵام هیچیان هێندەی دەستپێشخەری و بڕیاری بەقەزابوونی عەنكاوە گرنگ نەبووە و ئەمە بڕیارێكی هەرە دیارە، چونكە عەنكاوە كە لە ساڵی 1956 وەكو ناحیە ڕاگەیەندرا، لەو دەمەوە تا ئێستا هەر بە ناحیەیەكی سەر بە قەزای ناوەندی هەولێر ماوەتەوە. لەگەڵ بوون بە قەزاش قورسایی هەندێك كاری ئیداریی لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكانی شاری هەولێر كەم دەبێتەوە، چونكە فلتەری مامەڵەی هاووڵاتیان كەم دەبێتەوە و كاروكردەوەكان خێرایی و ڕێكوپێكییەكی زیاتر بەخۆوە دەبینێت و،ـ كارئاسانیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان دەكرێت، بەو پێیەی ئەگەر پێشتر هەر هاووڵاتییەكی عەنكاوە بۆ بەڕێوەچوونی كارەكانی وا پێویست بوو سەردانی چەند فەرمانگەیەك بكات، ئێستا ڕەنگە تەنیا سەردانی دوو فەرمانگەی پێویست بێت.
* عەنكاوە بووەتە پێگەیەكی ئارام و سەقامگیر بۆ هەموو پێكهاتەكان، نەك تەنیا لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق بەڵكو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، عەنكاوە بۆ مەسیحییەكان و پێكهاتە كەمینە ئایینییەكان گرنگیی خۆی هەیە، ئایا ئەم بڕیارە بۆ بەهێزبوونی ئەم پێگەیەی عەنكاوە و كوردستان تاچەند پێویست بوو؟
- (عەنكاوە بووەتە ناوەندێكی گرنگ بۆ پێكەوەژیانی ئایینی و كۆمەڵایەتی و شوێنی ئاشتەوایی..)؛ ئەمە وەسفی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ ئێمە و جێگای شانازیمانە، تەنانەت ئەم ناوبانگییەی عەنكاوە بۆ بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان لە عێراق و تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە، عەنكاوە بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ مەسیحییەكانی عێراق و سووریا و لوبنان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم بڕیارەش بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر درا و ئەو بەڕێزانە ڕاسپێردراون بۆ دەستپێكردنی ڕێكارە یاسایی و ئیدارییەكان، بۆ نموونە بۆ فراوانكردنی سنووری قەزای عەنكاوە و دابینكردنی زەوی بۆ گەنجان و لاوان و فراوانكردنی دەسەڵات و توانای یەكە ئیدارییەكان و خزمەتگوزارییەكان كە بە هەمووی دەبنە پاڵپشتییەكی بەهێز بۆ ئەوەی مەسیحییەكان لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە و ڕوو لە كۆچكردن و جێهێشتنی وڵات نەكەن، بەمەش بەقەزابوونی عەنكاوە پێگەی كوردستان بۆ پێكەوەژیانی ئایینی و ئاشتەوایی و یەكترقبووڵكردن لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز دەكات.
سیاسەتی حەكیمانەی ڕێزدار سەرۆك مسعود بارزانی و ئیدارەی حەكیمانەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە وای كردووە ڕێز لە سیمای ڕەسەنی كوردستان لە پێكەوەژیان و پاراستنی كەلتووری لێبووردەیی و یەكترقبووڵكردن بگیرێت، لەم پێناوەشدا گرنگی و قوربانییەكی زۆریان دا بۆ ئەوەی سیمای جوان و پیرۆزی كوردستان لە پاراستنی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بپارێزن و ڕوویەكی گەش و جوانی خەڵكی كوردستان و هەرێم بە دنیای پێشكەوتوو پیشان بدەن، بۆ ئەوەی هاوپەیمانەكان و حكومەتەكانی جیهان پاڵپشتیی ئەو گەل و حوكمڕانییە بكەن كە لە سەر بنەمای دیموكراسی و یەكتر قبووڵكردن و ئاشتەوایی و پێكەوەژیان بونیات نراوە، ئەمە لە كاتێكدا لە ناوچەكانی دیكەی عێراق نەتوانرا پارێزگاریی لە سەروماڵی مەسیحییەكان بكرێت و دەكوژران و دەفڕێندران و بەزۆرە ملێ كۆچیان پێ دەكردن و ماڵ و موڵكیان بە ڕاستەوخۆ و بە فێڵی یاسایی و زۆرەملێ و غەدر لێ زەوت دەكرا، لێرە لە كوردستان بەتایبەتی لە عەنكاوە ئەم دیاردە ناشیرین و قێزەوەنەی دوور لە بنەماكانی ئایین و ئەخلاقی مرۆڤایەتییە، بوونی نەبووە و نابێت، ئێمە وەكو برا كوردەكانمان پێكەوە خەڵكی ڕەسەنی ئەم وڵاتەین و هەرگیز خۆمان بە هاووڵاتی پلە دوو نەزانیوە و خۆمان بە بەشێكی دانەبڕاو لە پرۆسەی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەزانین و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێڵە گشتییەكانی مەرجەعی ئیداریی ئێمەیە و پێوەی پابەند دەبین.
* هەر ئەمەشە وای كردووە مەسیحییەكان لە2003وە ڕوو لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی عەنكاوە بكەن، بەڵام لێرەش بە هۆی بڕینی بودجە و قەیرانی داراییەوە بەشێك لە مەسیحییەكان كۆچ دەكەن، ئایا بەقەزابوونی عەنكاوە و پاراستنی تایبەتمەندێتی بۆ خزمەتكردنی زیاتری مەسیحییەكان تاچەند گرنگە بۆ ڕێگرتن لە كۆچكردنی زیاتری مەسیحییەكان؟
- لە مێژووی كۆندا مەسیحیەكی زۆر بە هۆی زوڵم و چەوسانەوە لە ناوچەكانی دیكەوە ڕوویان لە عەنكاوە كردووە، لە مێژووی نزیكی 50 ساڵی ڕابردووشدا ئەم كۆچە بەردەوام بووە، بەڵام لەدوای 2003وە ژمارەیەكی زۆری مەسیحییەكان لە بەغدا و بەسرا و مووسڵ و دەشتی نەینەوا و بە كەركووكیشەوە ڕوویان لە عەنكاوە كردووە، ئێرە جێگرەوەی چوونیان بووە بۆ وڵاتێكی ئەوروپایی. لە عەنكاوە سەلامەتی و مسۆگەریی پاراستنی سەروماڵی ئاوارەكان و پەناهەندەكان هەبووە، بۆیە لە عەنكاوە هەموو پێكهاتە و ڕەنگەكان دەبینیت مەسیحی و موسڵمان و كلدان و ئاشوور و سریان و كوردو عەرەب و توركمان و ئێزدی و شەبەك و سابیئە و كۆمەڵگە و ڕێكخراوە كۆمەڵگە مەدەنییەكانیان و كەنیسە و مزگەوت و پەرستگاكانیان بوونیان هەبووە، عەنكاوە كوردستانێكی بچووكە بۆ پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی. بوون بەقەزابوونی عەنكاوەش جێگای دڵخۆشیی پیاوانی ئایینی مەسیحی بوو كە بەردەوام هانی ئەوەیان داوە، شارەكەیان باوەشی مرۆڤایەتی بۆ هەموو كەسێكی لێقەوماو و پەناهەندە و ئاوارە بكاتەوە، بە جیاوازی ئایینی و نەتەوەییەوە.
* هەڵبەتە كاتێك بۆ عەنكاوە بڕیارێكی وا گرنگ دەدرێت، دیارە بوون بە قەزا كۆمەڵێك ڕێوشوێنی ئیداری و یاسایی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتری پێویستە، ئێوە وەكو بەرپرسی یەكەی ئیداریی عەنكاوە داواكاریتان چییە بۆ ئەوەی وەزارەت و فەرمانگە حكوومییەكان لە ئاست گەورەیی بڕیارەكەدا دەست بە ڕێوشوێن و ڕێكارەكان و ئەنجامدانی ئەركەكانی سەرشانیان بكەن؟
- هەرچی دامەزراوە و دامودەزگا حكوومییەكان هەیە لە عەنكاوە چەندین ساڵە كارێكی گەورە و خزمەتگوزارییەكی باش پێشكەش دەكەن، بە توانایەكی دیاریكراوی زۆر بچووك، سنووری فەرمانگە حكوومییەكان لە عەنكاوە زۆر زیاترە لە سنووری تواناكانیان، هەر لە پاراستنی ئەمنییەت و سەروماڵی هاووڵاتیانەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆوە، تاوەكو كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا و باج و تۆماری خانووبەرە و كشتوكاڵ و پۆستە و گەیاندن كە خزمەتی ناو عەنكاوە و دەوروبەری عەنكاوەشیان كردووە، بەداخەوە چەندین كاری خزمەتگوزاری و یەكەی ئیداریی هەیە هێشتا لە ئاستی فەرمانگە و هۆبەن، لە كاتێكدا پێش بڕیاری بەقەزابوونیش ئەگەر بە پێوەری كار و خزمەتەكەیان هەڵیبسەنگێنین، دەبینین كەوا شایەنی بەڕێوەبەرایەتی بوون بۆ ئەوەی توانای لۆجستی و دەسەڵاتی كاركردن و بڕیاردان و دارایی زیاتریان هەبێت، بۆیە ئێمە داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتەكان ئەوەیە لەگەڵ بەقەزابوونی عەنكاوە بەوپەڕی توانایانەوە وەكو قەزا مامەڵە لەگەڵ عەنكاوە بكەن و لە ڕووی (ئیداری و یاسایی و دەسەڵات و توانای لۆجستی)یەوە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانیان بەهێز بكەن، لێرەدا دەمەوێت نموونەیەكی بچووك باس بكەم، عەنكاوە 18 قوتابخانەی حكوومی تێدایە، بەپێی ئاماری ئێمە لە 65-70%ی قوتابیانی ئەم قوتابخانانە دانیشتووانی دەرەوەی عەنكاوەن و خەڵكی دەوروبەر و ناو شاری هەولێرن، لەبەر بوونی متمانەیەكی زۆر بە مامۆستایانی مەسیحی كە بە دڵسۆزی و توانایی كاركردن بەناوبانگن، بۆیە خێزانەكانی دەرەوەی سنووری عەنكاوەش منداڵەكانیان دەنێرنە قوتابخانەكانی عەنكاوە، لە دێر زەمانەوە فەرمانبەر و مامۆستا و كارمەندانی حكوومی لە پێكهاتەی مەسیحی بە دڵسۆزی و كاركردنی جددی ناسراون. لە ئێستاشدا دوای بڕیارە مێژووییەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی ئاراستەكردنی نووسراوێكین لە پارێزگای هەولێرەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر تاوەكو لە پرۆسەیەكی دیموكراتیدا دەنگدانی لەسەری بدرێت بۆ ئەوەی پۆلێنی یەكەی ئیدارییەكەی لە ناحیەوە بۆ قەزا بگۆڕدرێت و، لەوێوە نووسراو بچێتە وەزارەتی ناوخۆ و دواتر بۆ سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بڕیارەكە دەربچێت و لەبەر ئەوەی پلەی قایمقامی عەنكاوە پلەی تایبەتە، بۆیە دەبێت ئەو بەڕێزەی ئەو پلەیەی قایمقامی پێ دەدرێت، بچێتە بەردەم بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سوێندی یاسایی بخوات.