سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: په‌يامى ئێمه بۆ عيراق، په‌يامى ئاشتى و برايه‌تييه
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 10/10/2021 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له یه‌كێك له بنكه‌كانی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌نگى دا.
دوای پرۆسه‌ی ده‌نگدانیش له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له وته‌یه‌كدا گوتی: “ئه‌مڕۆ لێره ده‌نگمان بۆ به‌ربژێره‌كانی خۆمان بۆ په‌رله‌مانی عیراق دا، هیوادارم ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به خێر و خۆشی بۆ هه‌موو عیراق بگه‌ڕێته‌وه، هیوادارم هه‌مووان وه‌كو مافێكی یاسایی و دیموكراسی ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێی بكه‌ن و هه‌موومان پێكه‌وه ئه‌مڕۆ له سه‌رانسه‌ری عیراق بچینه سه‌ر سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان و ئه‌و مافه‌ی هه‌مانه وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی، جێبه‌جێی بكه‌ین. به هیوای ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به خێر و خۆشی بۆ هه‌موو گه‌لی عیراق بگه‌ڕێته‌وه و هیوادارم په‌نا به خوا ئه‌وانه‌ی ده‌چنه په‌رله‌مانی عێراق له هه‌موو لایه‌كه‌وه بتوانین داكۆكی له‌سه‌ر مافه‌كانی هه‌موو عیراق بكه‌ن و له‌مه‌ودوا شاهدی ئه‌وه بین كه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه دۆخی هه‌رێمی كوردستان، دۆخی هه‌موو عیراق به‌ره‌و باشتر بڕوات. هيوا ده‌خوازم هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو بێت له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه”.
دواتر له وه‌ڵامی پرسیارێكدا گوتى: “ئه‌وه‌ی ئێمه له هه‌رێمی كوردستان ده‌مانه‌وێت و دوای ته‌واو بوونی هه‌ڵبژاردن هيواى بۆ ده‌خوازم ئه‌وه‌یه كه هه‌موو هێزه‌كانی كوردستان پێكه‌وه له به‌غدا كۆده‌نگ بین بۆ داكۆكیكردن له‌سه‌ر مافه‌كانی هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵیدا. هه‌روه‌ها هیوادارین په‌رله‌مان و حكوومه‌تی داهاتووی عیراق زۆر به جددی هه‌وڵ بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌موو عیراقییه‌كان. ئێمه هه‌ميشه گوتوومانه و داكۆكى له‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه كه گه‌لی عیراق شایسته‌ی ژیانێكی باشتره له‌وه‌ی هه‌یه. گه‌لی عیراق پێویستی به‌وه‌يه به جددی هه‌وڵ بدرێت دۆخی باشتر ببێت به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ئابوورییه‌وه، له‌ڕووی هه‌لی كار بۆ گه‌نجانی عیراق، هیوادارین ئه‌م هه‌ڵبژاردنه قورساييى جددی بخاته سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار بۆ گه‌نجان، له‌سه‌ر نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، له‌سه‌ر دروستكردنی دامه‌زراوه‌كانى عیراق به ڕێكوپێكی، هه‌رێمی كوردستانيش وه‌ك ئه‌ركى خۆی له چوارچێوه‌ی عیراقدا، له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا هه‌موو ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه له‌سه‌ریه‌تی، په‌نا به خوا جێبه‌جێیان بكات”.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه یه‌كه‌م كه‌س بووه له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆكايه‌تييه‌كانى عیراق ده‌نگ بدات، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى په‌ياميان بۆ عيراق، به‌ڕێزيان گوتی: “خۆشحاڵم به‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س بووم ده‌نگم دا، خۆشحاڵم و پێموایه ئه‌مه مافێكی یاسایيی هه‌ر كه‌سێكه ده‌نگ بدات. په‌یامی ئێمه بۆ هه‌موو گه‌لی عيراق، په‌یامی ئاشتییه، په‌یامی برایه‌تییه، په‌یامێكه كه هه‌موومان ده‌بێت پێكه‌وه هه‌وڵ بده‌ین دۆخی عیراق به‌ره‌و باشتر ببه‌ین، هه‌موومان له یه‌ك پاپۆڕداین و پێویسته هه‌موومان هه‌وڵی جددی بده‌ین كه په‌نا به خوا عیراق سه‌ركه‌وێت”.
ده‌رباره‌ی ڕه‌گدانه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی لایه‌نه كوردستانییه‌كان به‌سه‌ر یه‌كڕیزييه‌وه له به‌غدا و هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد: “بێگومان بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن كۆتایی هات و ئه‌مڕۆش هه‌ڵبژاردنه و په‌نا به خوا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه له هه‌موو عیراق و له هه‌رێمی كوردستانیش به باشی و بێكێشه تێده‌په‌ڕێت. هه‌نگاوی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئێمه دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بانگهێشت ده‌كه‌ین و گفتوگۆیه‌كی جددی ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بتوانین به چ شێوه‌یه‌ك به‌شدار بین، بتوانین به چ شێوه‌یه‌ك له حكوومه‌تی داهاتوو له به‌غدا هه‌موومان پێكه‌وه به‌شدار بین و هه‌نگاوه‌كه وا ده‌بێت كه بانگهێشتیان ده‌كه‌ین بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان، به هیوای ئه‌وه‌ی هه‌موومان له به‌غدا پێكه‌وه بین بۆ داكۆكیكردن له مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان”.
له وه‌ڵامى پرسيارێكى ديكه‌دا سه‌باره‌ت هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه له‌نێوان هاووڵاتیان و ده‌سه‌ڵات دوای هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتى: “ئامانجی ئێمه ئه‌وه‌یه ئه‌و متما‌نه‌يه دروست بكرێته‌وه، ڕاسته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕووداوه‌كانی عیراق بكه‌ین بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌ك جارانی پێشوو نه‌بوو له دژی هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مه خۆی شتێكی باشه، پێموایه ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ر حكوومه‌تێك بێته سه‌ر كار له به‌غدا، ده‌بێت قورسايى بخاته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه چۆن بتوانێت خزمه‌تگوزارى دابین بكات بۆ هاووڵاتیانی هه‌موو عێراق. پێموایه خه‌ڵك ماندوو بووه، خه‌ڵك له ده‌ست ئه‌م هه‌موو دروشمه بێ ناوه‌ڕۆكانه ماندوو بووه، خه‌ڵك ده‌یه‌وێ بزانن به جددی چی ده‌كرێت و خه‌ڵكی عێراق وه‌ك باسم كرد به شێوه‌یه‌كی گشتی شایسته‌ی ژیانێكی باشترن. هیوادارم ئه‌م حكوومه‌ت و په‌رله‌مانه جیاواز بێ، هیوادارم قورسايى بخرێته سه‌ر ئه‌و لایه‌نه كه چۆن ده‌توانین ئه‌م متامه‌نه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌لی عیراق دروست بكه‌ین، چۆن ده‌توانین ئه‌و شتانه‌ی مه‌به‌ستی خه‌ڵكه بۆیان جێبه‌جێ بكه‌ین، پێموایه ئه‌مه گه‌وره‌ترین ته‌حه‌دييه كه له حكوومه‌تی داهاتوودا ده‌بێت به جددی كاری له‌سه‌ر بكرێت”.
سه‌باره‌ت به داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: “هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی ده‌ستووری له چوارچێوه‌ی عێراقدا هه‌یه، هه‌رێمی كوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی تا ئێستا ماونه‌ته‌وه و هه‌ن به گفتوگۆ و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن. پێشتر هه‌رێمی كوردستان ئه‌م سیاسه‌ته‌ی هه‌بووه، ئێستاش هه‌رێمی كوردستان ئه‌م سیاسه‌ته‌ی هه‌یه. هه‌رێمی كوردستان ده‌زانێت هه‌م ماف و هه‌م ئه‌ركیشی هه‌یه له چوارچێوه‌ی حكوومه‌تی فیدرالیی عیراقدا، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت ئه‌و كێشانه‌ی ماون و ئه‌و كێشانه‌ی هه‌ن چاره‌سه‌ر بكرێن. ئه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه، سه‌قامگیریی سیاسیی عیراق زۆر گرنگه، پێمان وایه به چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا هه‌ن، ده‌توانین بگه‌ینه ئه‌و ئامانجه كه ئامانجێكه هه‌موو گه‌لی عێراق سوودی لێ ده‌بینین”.
سه‌باره‌ت كاريگه‌ريى هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر پێگه‌ى كورد له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان و كردنه‌وه‌ى باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و ناوچانه، به‌رێزیان گوتى: “ئه‌مه هه‌نگاوێكی دروست بوو، هه‌نگاوێكی دروست بوو چونكه هه‌ر كه‌س و حزبێك به‌پێی یاسا مافی خۆیه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بكات، ئه‌و هه‌نگاوه گرنگ بوو بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام بابه‌ته‌كه كردنه‌وه‌ی باره‌گای حزبێك نییه له كه‌ركووك یان له شوێنێكی دیكه، ماده‌یه‌كی ده‌ستووریمان هه‌یه كه له ده‌ستووردا نووسراوه ئه‌ویش ماده‌ی 140ـه، هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت له چوارچێوه‌ی عیراقدا ئه‌و ماده ده‌ستوورییه جێبه‌جێ بكات، به جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ى ده‌ستوور، پێمانوایه هه‌م سه‌قامگیری له‌و ناوچانه زیاتر ده‌بێت و هه‌م خه‌ڵكیش زیاتر له هه‌موو عیراق خۆشحاڵ ده‌بن كه ببینن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر كراون”.
ده‌رباره‌ی گرنگیی ڕۆڵی كورد له به‌غدا و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: “زۆر گرنگه كورد یه‌كگرتوو بێت و پێگه‌ی له عیراق به‌هێز بێت. كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له عیراقدا ده‌ژیت، بۆیه ڕۆڵی كورد دوای ساڵی 2003 له به‌غدا زۆر گرنگ بووه و ده‌مانه‌وه‌ێ ئه‌م ڕۆڵه نه‌ك ته‌نها بۆ هه‌رێمی كوردستان بێت، پرسه‌كه ته‌نیا هه‌رێمی كوردستان نییه، ده‌مانه‌وێت ڕۆڵی خۆمان ببینین بۆ باشكردنه‌وه‌ی دۆخی عیراق به‌گشتی نه‌ك ته‌نها هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وه‌ی نوێنه‌رانی ئێمه له به‌غدا ده‌یكه‌ن ته‌نیا بۆ هه‌رێمی كوردستان نابێت، به‌ڵكو هه‌وڵی جددیی خۆمان له هه‌موو لایه‌نێكه‌وه ده‌ده‌ین تا دۆخی هه‌موو عیراق باشتر ببێت، دۆخی گه‌لی عیراق باشتر ببێت و له‌و نه‌هامه‌تييانه‌ى ئێستا تیایدایه په‌نا به خوا ده‌ربچێت. ئه‌وه‌یتر، به‌ڵی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌نجام ده‌درێت و هێشتا ئه‌و ماوه‌یه ماوه، به‌ڵام بێگومان هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك ئه‌وه‌ی له یاسادا هه‌یه، له هه‌رێمی كوردستانیش جێبه‌جێی ده‌كرێت”.