سەرۆك بارزانی داوایەكی تایبەت ئاراستەی هاووڵاتییانی كەركووك، شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەكات

سەرۆك بارزانی داوایەكی تایبەت ئاراستەی هاووڵاتییانی كەركووك، شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەكات

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆك مەسعود بارزانی پەیامێكی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بڵاوكردەوە و ڕای گەیاند لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، هاووڵاتییانی كوردستان پاداشتی هەڵوێست و قوربانیدانی پارتییان دایەوە، هیوادارم لەم هەڵبژاردنەشدا پشتیوانیی خۆیان بۆ پارتی دووپات بكاتەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامی سەرۆك بارزانییە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا گەلی كوردستان پاداشتی هەڵوێست و خۆڕاگری و قوربانیدانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی دایەوە و، بە پشتیوانیی گەلی كوردستان، پارتی بووە حزبی ژمارە یەك لە كوردستان و عێراق. هیوادارم لەو هەڵبژاردنەشدا گەلی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دووپات بكاتەوە.

هەر لێرەشدا داوا لە هاووڵاتیانی ئازیزی كەركووك و شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و، بە تایبەت داوا لە جەماوەر و لایەنگرانی پارتی لەو ناوچانە دەكەم كە بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردن بن و بە دەنگی خۆیان وەڵامی واقعی نایاسایی و سەپێندراوی ئەو ناوچانە بدەنەوە. داواش لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان و جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم لە ڕۆژی دەنگداندا ئەركی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆیان جێبەجێ بكەن و دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن. بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی ئەندام و لایەنگران و سەرجەم ئۆرگانەكانی پارتی بكەم كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگەشەیەكی ئارام و مەدەنی و نموونەییان پەیڕەو كردووە.

هیوادارم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كەشێكی هێمن و بێ كێشە بەڕێوە بچێت و ئەنجامەكانیشی لە خزمەت چەسپاندنی بنەماكانی شەراكەت و داواكاریی هاووڵاتیان بێت و، ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلانی عێراق جێبەجێ بكرێت.

Top