کۆریای باکوور پەیوەندییە پێویستەکانی لەگەڵ کۆریای باشوور دەست پێ دەکاتەوە

کۆریای باکوور پەیوەندییە پێویستەکانی لەگەڵ کۆریای باشوور دەست پێ دەکاتەوە

 

 

دوای نزیکەی دوو مانگ لە دوای پچڕاندنی هەموو پەیوەندییەكان ،  کۆریای باکوور ڕۆژی دووشەممە وەڵامی پەیوەندییەکانی کۆریای باشووری دایەوە لەسەر سنوورەکە، و هەردوولا گفتوگۆیان كرد، ئەوە لەكاتێكدایە كە کۆریای باکوور لە ڕۆژانی ڕابردوودا تاقیکردنەوەی موشەکی دوورهاوێژی  دووبارە دەست پێ کردووە .

لە یەکەم ئەم پەیوەندییانەدا بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە باسی ڕاوەماسییان کرد لە ئاوی هاوبەشدا، کە ساڵانێکە جێگای مشتومڕ بووە، بەرپرسانی کۆریای باشوور هیوایان خواست کە دەستپێکردنەوەی پەیوەندیی پێویست ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان و باشبوونی جددی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا.

جۆرەكانی ئامێرەكانی پەیوەندی پێویست بریتین لە تەلەفۆن و فاکس کە بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان و هاتووچۆی سنوورەكان و لە ناکۆکی و ڕێكکەوتەکان بەکاری دەهێنن.

هەندێک لە شیکەرەوەکان دەڵێن پیونگ یانگ، ئاگادارە لە خواستی سیئۆل بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان، هەوڵ دەدات فشار بخاتە سەر ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی، هەندێكیش پێیان وایە کە بە بڕینەوە و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەو پەیوەندیانە هاوکات لەگەڵ تاقیکردنەوە موشەکییەکانی، کۆریای باکوور دەیەوێت  باشووری دراوسێی واز لە ناڕەزایەتی دەربڕینی کردەوە سەربازییەکانی بهێنێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کۆریای باکوور وەک هێزێکی ناوکی بناسێت.

وتووێژەکانی ئەمریکا و کۆریای باکوور لەسەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر چەکە ناوەکییەکان لە ساڵی 2019دا گەیشتۆتە خاڵی داخراو،  ئیدارەی بایدن ڕایگەیاندووە: کە ئامادەن بە بێ مەرج قسەکان لە هەر کات و هەر شوێنێک دەست پێبکەنەوە، بەڵام پیونگ یانگ هەفتەی ڕابردوو ئەو هەنگاوەی بە ساختەکاری ناوبرد و جەختیشی کردەوە کە پێویستە واشنتۆن سەرەتا واز لە سیاسەتی دوژمنکارانەی  بهێنێت.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top