پارتی قەڵغانی هەرێم و پارێزەری خەڵكی كوردستانە

پارتی قەڵغانی هەرێم و پارێزەری خەڵكی كوردستانە

 

 پارتی دیموكراتی كوردستان قەڵغانی كوردستانە و هەرێمی لە دەستدرێژیی تیرۆریستان و داگیركاران پاراستووە و، بەهیچ شێوەیەك لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان سازشی نەكردووە و، خیانەتی لەم گەلە نەكردووە، هەر ئەمەشە پارتی دیموكراتی كوردستانی جیاواز كردووە لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكە، خەڵكی كوردستان باش دەزانن و لەو ڕاستییەش تێگەیشتوون كە مانەوەی پارتی بە دلێری و بەهێزی، واتا نەك تەنیا مانەوەی دەستكەوتەكان، بەڵكو بەدەستهێنانی دەستكەوتی زۆر زیاتر.

 وەك ئاشكرایە ئەو دەمەی پارتی لە بەغدا بەهێز بوو، قەوارەی هەرێمی كوردستانی باشتر دەپاراست و دەستكەوتی زیاتری بۆ خەڵكی كوردستان مسۆگەر دەكرد، چونكە پاراستنی كوردستان لە ڕیزی پێشەوەی كارەكانی پارتیدایە، بەهێزبوونی هەرێمی كوردستانیش لە عێراقدا، بە فلتەری بەهێزبوونی پارتیدا تێپەڕ دەبێت، جێبەجێكردنی تەواوی ماددە و بڕگەكانی دەستوور و دامەزراندنی دامەزراوە فیدڕاڵییەكانی وەكو ئەنجومەنی فیدڕاڵی، كە بە یەكێك لە دامەزراوە هەرە گرنگەكانی پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەكانی كوردستان لە بەغدا دادەنرێت، هەموو ئەمانە بەشێكی سەرەكیین لە پڕۆگرامەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ئەوەی دیكتاتۆرییەتی زۆرینە لە عێراقدا دروست نەبێت، پارتییەكی بەهێز واتا بوون و پێگەیەكی بەهێزی كوردستانی لە بەغدا، بەپێچەوانەوە ئەگەر پارتی خوانەخواستە لاواز بێت، قەیرانەكان سەختر دەبێت و نەیارانی كورد و بەگرێگیراوەكانی بەهێزتر دەبن، ئەمەش لەخواست و ویستی كەسدا نییە.

بەهێزیی پارتی سەرچاوە لە جەنابی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتییەكەیەوە وەردەگرێت، كە هێزێكی یەكگرتوو و یەكدەنگ و دلێری لەنێوخۆی پارتەكەدا تێدایە و، وای كردووە كە پێداگری لەسەر ماف و پرەنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بكات، لەپێناو ئەو ئامانجە پیرۆزەشدا، پارتی هەموو كات تێكۆشاوە و هەر كاتێك پێویست بووە، ڕاستەوخۆ هاتووەتە مەیدان و بەرگریكارێكی سەرسەخت بووە. پارتی ئەو هێزەیە بەرامبەر داگیركارانی داعش توانی بەرگری بكات و سەروماڵی هاووڵاتیانی كوردستان بپارێزێت، سەرۆك مسعود بارزانی و مەكتەبی سیاسی و ئۆرگانەكانی پارتی لە لق و كادیر و لایەنگرانی پارتی هەمیشە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە خەبات بۆ مافەكانی كوردستانییان، لەم پێناوەشدا پێشمەرگەكانی ڕێبازی بارزانی شەهید و قوربانییەكی زۆریان داوە، ئەوە پارتی بوو تەحەددای هەموو هێزێكی كرد، كە خوازیار بوون كوردستان بكەوێتە ژێر دەستی و وێرانی بكات و خەڵكەكەی كۆمەڵكوژ بكات. لە عێراقیشدا كە پارتی یەكەم حزب بوو، هەمووان بینیمان كورد لە بەغدا دەنگێكی دلێری هەبوو، ئەوە تەنیا پارتی بوو بە یەكدەنگی و یەكگرتوویی دیفاعی لەو یاسایانە دەكرد كە ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستانی تێدا مسۆگەر دەكرا، پارتی لە پارێزگاریكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان هێڵی سووری دانابوو، زۆر جیاوازتر بوو لە حزبەكانی دیكە، كە بینیمان پەرلەمانتار هەبوو لەم فراكسیۆن دەچووە ئەو فراكسیۆن و، بگرە دەنگیان لەگەڵ دەنگی هێزی شۆڤێنیی دژ بە كورد و نەیارانی كوردستان بوو، هاوپەیمانێتیی جیاجیایان دژ بە هەرێمی كوردستان پێك دەهێنا، لە كاتێكدا تەنیا هێزی یەكگرتوو كە هیچ كێشەی نەبووە و بڕیاری لە مافە چارەنووسسازەكانی گەلی كوردستان داوە، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، تەنانەت لە ئێستادا لە ناو بانگەشەی ئەمجارەی هەڵبژاردنەكانی عێراقیشدا كاندیدەكانی هەندێك لایەن، بێشەرمانە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەگەر ئەوان دەربچن دژی مافی هەرێم و خەڵكی كوردستان كار دەكەن، ئەم بانگەشە مەترسیدارانە دژ بە خەڵكی كوردستان، ڕاستی و دروستیی ناخی ناشیرین و نییەت و مەرامی ئەوان دەردەخات، كە لە ئێستاوە ئامادەیی خۆفرۆشتنیان لە بەغدا تێدایە، ئەمانە كاندیدی هەر هەمان ئەو لایەنانە بوون، كە ئیشیان كرد بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانیان لە بەغدا بڕی و، شەڕێكی سیاسییان دژ بە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو كات كاری بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و، ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و كەركووك و گەڕانەوەی شكۆ و سەرفرازی بۆ تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كردووە، ئێستاش هەمووان دەبینین سەرەڕای فشار و هەڕەشەكان، پارتی بە شكۆ و ئاڵای كوردستانەوە گەڕاوەتەوە مەخموور و كەركووك و مووسڵ و، هەوڵێكی جددی هەیە بانگەشەی خۆمان بۆ شنگال بەرین.

پارتی ئەو دەنگەیە كە بۆ دەستەبەركردنی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵك و مووچەخۆرانی كوردستان هەمیشە دەزرنگێتەوە، ئەوە پارتی بوو گەمارۆی ئابووریی سەر خەڵكی كوردستان و برسیكردن و داخستنی دەروازە و ئاسمان و ڕێسمانی شكاند، دیپلۆماسییەتی سەرۆك بارزانی زامنی بەردەوامیی هاوكاری و پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان و حكومەتە پێشكەوتووەكانی جیهانە بۆ هەرێمی كوردستان.

من دەمەوێت لەم پەیڤە كورتەدا بڵێم بەدەستهێنانی كورسیی پەرلەمان لای پارتی، تەنیا وەسیلەیەكە بۆ ئامانجی زۆر گەورەتر، پارتی بناغە و ستراتیژیەت بۆ وڵات دادەنێت و، هەوڵی باشكردنی دەدات بۆ داهاتوویەكی گەشتر، خۆ ئەگەر لە ڕابردووشدا خۆڕاگری و سەبری پارتی نەبووایە، قەیرانەكان زۆر سەختتر دەبوون، پارتی بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی و پاڵپشتیی جەماوەر بۆ سەرۆكەكەیان، توانی گەمارۆ و ئاستەنگەكان تێپەڕێنێت و، ئێستا بە چاو و دیدگایەكی بەهێزترەوە دەڕوانێتە داهاتووی ئەم گەلە، كورد و كوردستانیان تا سەرۆك بارزانی و پارتی قەڵغانیان بێت، خەڵكی كوردستان بە كەرامەت و هێزەوە لە عێراقدا دەژی.

 

Top