سەعید سەلیم ئاغا بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموكراتی كوردستان: خەڵكی سلێمانی دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن

سەعید سەلیم ئاغا  بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموكراتی كوردستان:  خەڵكی سلێمانی دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن

 

 

پارتی دیموكراتی كوردستان، كارنامەیەكی درەوشاوی پڕ لە خەبات و قوربانیدانی هەیە و، لە دامەزرانیەوە تا ئێستا داكۆكیكار و بەرگریكارێكی بەهێزی مافە ڕەواكانی گەل و پارێزەری نیشتمان بووە، هەر بۆیە پێگەی جەماوەریشی بەهێزە و لە هەموو چین و توێژەكان و بە گشت نەتەوە و ئایین و ئایینزایەكەوە، ئەو پارتە بە پارتی خۆیان دەزانن. لە ئێستاشدا كە لە ڕۆژی دەنگدان (10/10) بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیك دەبینەوە، هاونیشتمانان جەخت لەوە دەكەنەوە كە بەهێزبوونی پارتی، پێگەی كورد لە عێراقدا قورس و گرانتر دەكات. هەر لەم بارەیەوە سەعید سەلیم ئاغا بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێی گۆڤاری گوڵانەوە بەم جۆرە پەیامی خۆی بۆ هاووڵاتیان خستەڕوو:

 

پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم هەڵبژاردنەی عێراق وەكو پرسێكی یەكلاكەرەوە و چارەنووسساز سەیر دەكات و، وەكو ئامڕازێك بۆ گۆڕانكاری لە ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی عێراق و خەڵكی كوردستانەوە، دەڕوانێتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چونكە ئێمە هەرێمێكی فیدڕاڵین لە چوارچێوەی عێراقدا، كە زۆربەی ئەو ماددە و بڕگە دەستوورییانەی پەیوەستن بە مافەكانی هەرێم و خەڵكی كوردستانەوە، تا ئێستا پێشێل كراون و مەبەستیان نەبووە جێبەجێیان بكەن، پارتی مەبەستیەتی بە یەكدەنگی و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی، كورد لە بەغدا پێگەی بەهێز بێت، مێژوو سەلماندوویەتی هەر كاتێك لە بەغدا پارتی بەهێز بووبێت، كورد و كوردستان بەهێز بووە و گەشەی كردووە، بەهێزبوونی پێگەی كوردیش واتا ئامڕازێك بۆ دەستەبەركردنی مافە زەوتكراوەكانی گەلی كوردستان، گرنگە هەموو هاونیشتمانیان پێكەوە بە چاوێكی پڕبایەخەوە سەیری هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەین، پارتی لە سنووری سلێمانی بەپێی پلانێكی تۆكمە و زانستی و واقیعی كار بۆ سەركەوتنی كاندیدەكانی و بەهێزبوونی پێگەی كورد دەكات، نەك وەكو هەندێك لایەنی سیاسی لە سنووری سلێمانی كە بەداخەوە پارتییان كردووەتە ئامانج و، غەدر لە مێژوو و دەنگدەر و دواڕۆژی ئەم میللەتەش دەكەن و، جەماوەرەكەیان بە دروشمی دوور لە ڕاستی و ناواقیعییانە فریو دەدەن، پارتی لە ژێر ئامۆژگاریی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بانگەشەی هەڵبژاردن بە هێمنی و لەسەرخۆ و، بە جوانترین شێوە بەڕێوە دەبات، ئێمە هەوڵ دەدەین سوود لە دەستكەوتەكانی خۆمان وەربگرین و هەموو ئەو ئامانج و پلان و بەرنامانەی بۆ گەلی كوردستان هەمانە بخەینە ڕوو، پارتی پشت ئەستوورە بە جەماوەرێكی ئاست بەرزی رۆشنبیر و بەهێز لە هزری نەتەوەیی و نیشتمانی و، دوورمەودا دەڕوانێتە گۆڕانكاری و وێستگە مێژووییەكانی ئەم نەتەوەیە، هەر ئەمەشە وایكردووە پارتی دەوڵەمەند بێت بە مێژوویەكی پڕ سەروەری و، خاوەنی شەهید و قوربانییەكی زۆر بێت، هەموو ئەو دەستكەوت و كارانەی كە ئێستا لەم عێراقە ناسەقامگیر و نائارام و پڕ لە دوژمن و ناحەزە بەدەست هاتووە، بۆ ڕۆڵی مێژوویی مەلا مستەفا بارزانی و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و هەموو ئەو شەهیدە قارەمان و پێشمەرگانە دەگەڕێتەوە، كە مێژووی دوور و نزیكن و پارتی و كادیر و ئەندامەكانی هەموو قوربانییەكیان داوە بۆ پارێزگاریكردن لەم دەستكەوتانە. مێژوو و ئەزموونە دەوڵەمەندەكەی سەرۆك بارزانی و پارتی، بۆ سوودوەرگرتن لە داڕشتنەوەی ستراتیژیەتی داهاتوو، بایەخ و گرنگیی لە ڕادەبەدەری هەیە، خۆشبەختانە خەڵكی شاری سلێمانی لە دەستكەوت و قوربانییەكانی پارتی و خۆڕاگری و بەرخۆدانی شارەزان و ئەم خەرمانە هێندە پڕ بەرەكەتە بۆ ئێمەی پارتی، ئاسانە هەموو ئەم دەستكەوتانە بكەینە ئامڕازێك بۆ دەنگدان بەو كاندیدە نیشتمانپەروەر و نەتەوەییانەی كە لەسەر رێبازی بارزانین.

پارتی لە سلێمانی پشت ئەستوورە بە پارتییە دڵسۆزەكانی، كە نموونەی قارەمانی و خۆنەویستی و بەرخۆدانن، هەربۆیە بە هەمان گڕوتینەوە ئەم جەماوەرە دڵسۆزەی پارتی لە سلێمانی، رۆژی 10/10 دەكەنە رۆژێكی مێژوویی و دەیسەلمێننەوە كە ئەوانەی قەوارەی هەرێم دەپارێزن و بوونەتە قەڵغان بۆ خەڵكی كوردستان و، گیانفیدایی و رۆحی نەتەوەییان تێدایە، دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دەدەن، لە ڕابردووشدا خەڵكی سلێمانی بەشێك لەو هێز و لایەنانەی تاقی كردەوە كە ئیدارەدەری لۆكاڵیی سلێمانی بوون، ئێستا بەشێك لە خەڵكی سلێمانی ئارەزووی ئەوە دەكەن پارتی تاقی بكەنەوە و مۆدێلی حوكمڕانیی پارتی ببینن، بەوەی ئێرەش وەكو هەولێر و دهۆك سەقامگیر بكەن و خۆشگوزەرانی و گەشە بدەنە شارەكەیان، ئێمە ئومێدمان لەوە هەڵچنیوە و پشت ئەستووریشین بە خەڵكە نیشتمانپەروەر و نەتەوەییەكەی شاری سلێمانی و، بەو هیوایەین ئومێدەكەمان لە شوێنی خۆی بێت و، لە ڕۆژی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی كە پێنج بازنەیە، بەڵام ئێمە ئەوەی پەیوەندی بە لقەكەی ئێمەوە هەیە، بازنەی 1 و بازنەی 2 و بە هاوبەشی لەگەڵ لقی 21ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی 1 كاندیدی پارتی یادگار مەحموود نەسروڵایە، كە كچی شەهید و خوشكی دوو برای شەهیدە و، لە خێزانێكی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی شاری سلێمانییە و ئافرەتێكی قارەمان و تێكۆشەر و رۆشنبیرە، لە بازنەی 2 بە هەمان شێوە خاتوو شنۆ نوری كە ئافرەتێكی شارەزا و بەتوانا و سەرپەرشتیاری پەروەردەیە و، كەسێكی بەئەزموونە لەپەروەردەو خوێندن و خەباتی مەدەنی و كاری رێكخراوەییدا، بەو هیوایەین كاندیدەكانمان بگەنە پەرلەمان و، خەڵكی ئەم شارە خۆڕاگرەش ئەنجامی بەڵێنەكانمان ببینن.

 

Top