عێراقیه‌كان له دیدگاى (شا فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م) و (دكتۆر عه‌لى ئه‌لوه‌ردى)دا
ئه‌م بابه‌ته له‌به‌ر زۆر گرنگیه‌كه‌ى له رووى سایكۆلۆژى تاكى عێراقى و كاریگه‌ریی مۆرك و ئاكارى كۆمه‌ڵگه‌ى عه‌ره‌بی به‌سه‌ر پێكهاته‌كانى دیكه‌ى عێراقه‌وه به گشتى و ئه‌و ده‌رهاوێشته سیاسیانه‌ى بوونه‌ته هۆى ئاڵۆزى كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌روونى له عێراقى به زۆر دروستكراو، بۆیه به‌گونجاوم زانى ئه‌م بابه‌ته له زمانى عه‌ره‌بییه‌وه بۆ زمانى كوردى وه‌رگێڕم و ئاماده بكه‌م، ئه‌ویش وتارێكه سه‌باره‌ت به دیدگاى شا فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م كه له‌ساڵى 1921 بووه یه‌كه‌م پادشاى عێراق و به‌راوردكردنى له‌گه‌ڵ دیدگاى پرۆفیسۆر دكتۆر عه‌لى ئه‌لوه‌ردى، كه زانایه‌كى زۆر به‌ناوبانگه له بوارى كۆمه‌ڵناسى و چه‌نده‌ها په‌رتووك وتارى زانستى له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه و تاكى عێراقى هه‌یه.
به بڕواى ئێمه ئه‌و پێكهات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ى شا فه‌یسه‌لى یه‌كه‌م و دكتۆر عه‌لى ئه‌لوه‌ردى له‌باره‌یه‌وه دواون و بۆچوونى خۆیان خستۆته روو، بێ چه‌ند و چوون مه‌به‌ستیان كۆمه‌ڵگه و كه‌لتوورى عه‌ره‌بی كۆچه‌رى بووه نه‌ك ئه‌وانى دی، ئه‌گه‌ر چی خاڵی هاوبه‌ش له نێوان تێكڕاى كۆمه‌ڵگه و ئاكار و كه‌لتووره جیاجیاكانى رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌بووه و هه‌یه. ئه‌وه‌نده‌ى په‌یوه‌ندی به كوردستان و نه‌ته‌وه‌ى كوردیشه‌وه هه‌یه، ئه‌وه چه‌ندین گه‌ڕیده و رۆژهه‌ڵاتناس قسه‌یان له باره‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان و تاكی كورده‌وه كردووه و لێره‌دا ده‌رفه‌تى ئه‌وه نیه باسی ئه‌و به‌راوردكاریه بكه‌ین له نێوان كۆمه‌ڵگه‌ى كۆچه‌رى عه‌ره‌بی و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان، ده‌نا هه‌ردوو كه‌لتوور و كۆمه‌ڵگه ئاسمان و رێسمانیان فه‌رقه.
به‌ڵام ئێمه له كوردستان چونكه گیرۆده‌ى جوگرافیاى وڵاتێكین كه ناوى عێراقه و پێویسته زیاتر ئاكار و سایكۆلۆجیه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى عه‌ره‌بی عێراقی بناسین، گرنگی ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌وه‌دایه، كه شیكردنه‌وه‌یه‌كى ته‌واو و پوخته‌یه بۆ كه‌سایه‌تى عێراقى له دیدى شا فه‌یسه‌ڵ و به‌شێوه‌یه‌كى قووڵتر دید و تیۆریه‌كانى دكتۆر عه‌لى ئه‌لوه‌ردى، كه زۆر گرنگه هه‌موو كه‌سێكى عێراقى و كوردستانى به‌تایبه‌ت پسپۆره‌كانى ئه‌و بواره و ده‌سته‌ڵاتداره‌كانى كوردستان بڕواننه ئه‌و شیكردنه‌وانه و هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر بكه‌ن و زیاتر توێژینه‌وه و به‌دواداچوون به‌دواى ئه‌و كاریگه‌رى و هۆیانه بكه‌ن ،كه عێراق و عێراقیه‌كانیان گه‌یانده ئه‌م رۆژه ره‌ش وناهه‌مواره ،كه گه‌لى كوردستانیش به داخه‌وه (تا ئێستا) به‌شێكه لێى و بێبه‌ش نیه له هه‌موو ئه‌و گیروگرفت و قه‌یرانانه‌ى هاتۆته سه‌ر ئه‌م وڵاته به زۆر دروستكراوه .
هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته زۆر گرنگه بۆ ئه‌وه‌ى بچینه قووڵایى هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ى ،كه كه‌سایه‌تى عێراقى گه‌یانده قۆناغێكى مه‌ترسیدار له رووى كه‌سایه‌تى و سیاسى و ئابوورى و به‌شێوه‌یه‌كى گشتى بارودۆخێكى ئاڵۆز و ناله‌بار .
وادیاره عێراق له دێر زه‌مانه‌وه ناوچه و سه‌رزه‌مینێكی قه‌یراناوى بووه به ئێستاشه‌وه، و هیچ كاتێك خه‌ڵكه‌كه‌ى بێ گیروگرفت نه‌ژیاوه و له كۆتایى تونێله‌كه‌شدا تروسكاییه‌كى ئارامیى لێ چاوه‌ڕوان ناكرێ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م قه‌یرانانه له‌بۆشاییه‌وه دروست نه‌بوونه به‌ڵكو هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارنه‌ى حوكمیان كردووه له‌گه‌ڵ چۆنێتى و شێوازى كاركردنیان .
عێراق هه‌میشه وڵاتێكى داگیركراو بووه و هیچ كاتێك خه‌ڵكى ره‌سه‌نى عێراقى حوكمیان نه‌كردووه و بۆیه خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌رده‌وام له ئاژاوه و گیروگرفت بووه و هه‌ركه‌سێكیش حوكمى كردبێ هه‌تا ئه‌گه‌ر عێراقیش بووبێت ته‌نها بیرى له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆى و بنه‌ماڵه‌كه‌ى كردۆته‌وه و هه‌موو سه‌روه‌ریه‌كانى ئه‌م وڵاته‌ى بۆخۆى به‌رپاكردووه و به‌كارهێناوه و له‌كاتى شه‌ڕ و قه‌یرانیشدا خه‌ڵكى عێراقى تووشى نه‌هامه‌تى و هه‌ژارى و ئاڵۆزى و كوشتن و بڕین كردووه، بۆیه عێراق به‌رده‌وام له بارێكى ناجێگیردا بوه،كه ئه‌مه كاریگه‌ریه‌كى راسته‌وخۆى هه‌بووه له‌سه‌ر بارى ده‌روونى و سایكۆلۆژى عێراقیه‌كان .
نامه‌وێ زیاتر بچمه قووڵایى مێژووى عێراق و ئه‌و كاره‌ساتانه‌ى به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌یدا هاتووه،به‌ڵام هیوادارم ئه‌م بابه‌ته ببێته بنه‌ما و تێگه‌یشتنێكى به‌سوود بۆ هه‌موو تاكێكى كوردستانى به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى له ده‌سته‌ڵاتن،كه زۆر پێویسته له‌كاتى ئێستادا توێژینه‌وه‌ى زیاتر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاى كوردستان بكرێت له رووى سایكۆلۆژى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌روونیه‌وه به‌تایبه‌تى له‌سه‌ر نه‌وه‌ى ئه‌مڕۆمان كه خه‌ریكه جڵه‌وى كۆنترۆڵكردنیان له هه‌ژموونى كۆمه‌ڵگا و ده‌سته‌ڵات بچێته ده‌ره‌وه،بۆیه پێویسته هه‌تا كار له‌كار نه‌ترازاوه لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان توێژینه‌وه و به‌رنامه‌ى په‌روه‌رده‌یى و كۆمه‌ڵایه‌تى شایسته و قوولأ داڕێژن به‌مه‌به‌ستى كۆنترۆڵكردنى ئه‌و بارودۆخه قورس و ئاڵۆزه .
عێراقیه‌كان له دیدگاى شا فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م و عه‌لى ئه‌لوه‌ردى
چه‌ند وته‌یه‌كى شا فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌مى شاى عێراق، كه به دیاریكراوى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵى 1921 ئه‌و كاته‌ى سه‌ره‌تاى هاتنى بوو بۆ سه‌ر ته‌ختى پادشایه‌تى، له میدیاكانه‌وه زۆر دووباره ده‌بووه‌وه چونكه به شێوه‌یه‌ك باسى ره‌وشى كۆمه‌ڵگاى عێراقى كردووه و ناساندوویه‌تى له‌وانه‌یه رۆژێك له رۆژان له كاتى خۆیدا نكۆڵیمان لێ كردبێ و دانمان پێدا نه‌نابێ له‌به‌رئه‌وه‌ى وته‌كانى زۆر ره‌ق و برینداركه‌ر بووه ده‌رهه‌ق به كۆمه‌ڵگه و تاكی عێراقى، به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونى ده‌یان ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و وتانه ده‌بینین عێراقیه‌كان نزیك ده‌بنه‌وه له‌و پێناسه‌كردنه و ده‌گه‌ڕێنه‌وه ئه‌و خاڵه‌ى لێیه‌وه ده‌ستیان پێكردووه .
ناوه‌رۆكى وته به‌ناوبانگه‌كه‌ى شا فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م 1921
(به دڵێكى پڕ له غه‌م ده‌ڵێم، له‌و باوه‌ڕه‌دام هه‌تا ئێستا له عێراق گه‌لێك نیه به ناوى گه‌لی عێراق به‌ڵكو چه‌ند كوتله‌یه‌كى مرۆیی ئه‌فسانه‌یى هه‌ن، كه خاوه‌نى هیچ بیرۆكه‌یه‌كى نیشتمانپه‌روه‌رى نین و پڕاوپڕن له داب ونه‌ریتى ئایینى درۆیینه وهیچ هاوبه‌شێك نیه كۆیان بكاته‌وه، گوێگرن بۆ خراپه و ئاژاوه‌خوازن، هه‌موو كاتێك ئاماده‌ى راپه‌ڕینن له دژى هه‌ر حكوومه‌تێك بێت، بۆیه له بارودۆخێكى له‌م جۆره ده‌مانه‌وێت گه‌لێك دروستبكه‌ین، كه فێرى ره‌وشت و راهێنان و په‌روه‌رده‌ى بكه‌ین، بۆیه هه‌ركه‌سێك سه‌ختى پێكهێنان و دروستكردنى گه‌لێك بزانێت له بارودۆخێكى له‌م شێوه‌یه‌دا ده‌بێت گه‌وره‌یى ئه‌و هه‌وڵ وته‌قه‌لایه‌ش بزانێت ، كه به‌كارده‌هێنرێت بۆ ته‌واوكردنى دروستكردنى ئه‌و پێكهاته‌یه... ئه‌مه‌یه ئه‌و گه‌له، كه كارسه‌ختى پێكهێنانیم خسته سه‌رشانى خۆم).
مشتومڕه‌كه به‌رده‌وامه له نێوان ئه‌وانه‌ى باس له وتاره‌كه‌ى یه‌كه‌م پادشاى عێراق ده‌كه‌ن، كه به توندى نكۆڵى له بوونى گه‌لێك ده‌كات به‌ناوى گه‌لی عێراق ئه‌ویش له چوارچێوه‌ى وته‌كانى خۆیدا كه ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بریتییه له‌وه‌ى گوایه هه‌وڵده‌دا (گه‌لێكى به‌ڕه‌وشت و راهێنراو و په‌روه‌رده‌كراو دروست بكا و پێكبهێنێت)، بێگومان له لایه‌كى تره‌وه گفتوگۆ به‌رده‌وامه سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئایا شا فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م و ئه‌وانه‌ى دواى ئه‌ویش هاتن بۆ حوكمى عێراق سه‌ركه‌وتوو بوون له ئاماده‌كردنى ئه‌و گه‌له یان نا؟!.
لێكچونێك له نێوان وتارى فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م و زانسته‌وتاره‌كانى عه‌لی ئه‌لوه‌ردی
ئه‌و پرسیاره‌ى لێره‌دا خۆى ده‌چه‌سپێنێت ئه‌وه‌یه ،ئایا هیچ په‌یوه‌ندیه‌ك هه‌یه له نێوان وته‌كانى شا فه‌یسه‌ڵ له شیكردنه‌وه‌ى كه‌سایه‌تى عێراقى و شیكردنه‌وه و زانسته‌وتار و بۆچوونه‌كانى كۆمه‌ڵناسى عێراقى عه‌لى ئه‌لوه‌ردى ده‌رباره‌ى نیشانه‌كانى پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و كه‌سایه‌تى تاكى عێراقى ،كه پێش شه‌ست ساڵ وه‌ك زانسته‌وتار پێشكه‌شى كردووه ،له‌گه‌لأ ئه‌و بارودۆخه‌ى ئێستا له عێراق ده‌گوزه‌رێ هه‌رچه‌نده جیاكه‌ره‌وه‌یكى كاتیى درێژ هه‌یه له نێوانیاندا و ئه‌و هه‌موو بارودۆخه گۆڕاو و گشتگیره‌ى عێراق پێیدا رۆیشتووه وه‌ك ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا.
ئایا ئه‌و شیكردنه‌وه وده‌رئه‌نجامانه‌ى عه‌لی ئه‌لوه‌ردى پێى گه‌یشت تایبه‌تمه‌ندیه‌كى جێگیر و به‌رده‌وامه بۆ كۆمه‌ڵگا وكه‌سى عێراقى وه‌ك نیشانه‌یه‌كى جیاواز له گه‌لأ مرۆڤـــــــ و كۆمه‌ڵگاكانى تر؟
بێگومان خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌كانى عه‌لى ئه‌لوه‌ردى له هه‌موو شێوه‌كانى تر گرنگتره و ده‌كرێت سوودى لێوه‌ربگیرێت وه‌ك پرۆگرامێك بۆ توێژینه‌وه له هه‌موو وڵاتانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌راست .. عه‌لى ئه‌لوه‌ردى كه‌سایه‌تى عێراقى به‌وه شیكرده‌وه ،كه كه‌سایه‌تیه‌كى دووفاقی و دوانه‌ییه و هه‌ڵگرى به‌هاى دژبه‌یه‌كه ،كه بریتین له به‌هاى كۆچه‌رى ره‌مه‌كی و به‌هاى شارستانى و ئه‌وه‌شى سه‌ڵماند كه جوگرافیاى عێراق كاریگه‌رى هه‌یه له‌سه‌ر پێكهاته و كه‌سایه‌تى عێراقى به‌هۆى بوونى هه‌ردوو رووبار (دیجله -فورات) ،عێراق وڵاتێكه رێگه ده‌دات به دروستبوونى شارستانیه‌ت ،به‌ڵام نزیكیه‌كه‌ى له بیابانى عه‌ره‌بى واى لێ‌كرد ببێته ئامانجێكى به‌هێز و گه‌وره بۆ كۆچ به‌درێژایى مێژوو ،كه كۆتاییه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 250 ساڵ پێش ئێستا .
عێراقیه‌كان له نێوان كۆچه‌رى و شارستانیه‌ت
د.عه‌لى ئه‌لوه‌ردى عێراقى وه‌ك ده‌فرێك ناساند بۆ تواندنه‌وه‌ى ئه‌و كۆچه‌رانه‌ى كۆچى بۆ ده‌كه‌ن و تێكه‌ڵكردنیان له‌گه‌لأ ئه‌وانه‌ى پێش ئه‌وان تێیدا نیشته‌جێ و شارستانى بوون ،كه ئه‌مه‌ش واى كرد دوو به‌ها له‌ناو كه‌سایه‌تى عێراقى دروست بێت ئه‌ویش به‌هاى شارستانى و به‌هاى كۆچه‌رى ،بۆیه ده‌بینین هه‌ر عێراقیه‌ك هاوار بۆ به‌هاى شكۆدارى و زۆرى خێڵه‌كی و عه‌شایه‌رى ده‌كات ،به‌ڵام ژیانیش ناچارى ده‌كات ملكه‌چى به‌هاى شارستانى بێت .
بۆچوونه‌كانى كۆمه‌ڵناسى عێراقى عه‌لى ئه‌لوه‌ردى له دوو په‌رتووكدا داڕێژراوه (خوێندنه‌وه‌یه‌ك له سروشتى كۆمه‌ڵگاى عێراقى و كه‌سایه‌تى كه‌سى عێراقى ) و هه‌روه‌ها له ئێنسكلۆپیدیاكه‌ى (چه‌ند سه‌رنجێك له مێژووى عێراقى نوێ ) ،كه له هه‌شت به‌رگ ده‌ریكردووه و تێیدا به شێوازێكى ره‌خنه‌گرانه و شیكاریه‌كى گشتگیرى بێ وێنه مێژووى عێراق و هه‌موو جووڵه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى نمایش كردووه ،به‌هه‌موو سنوور و كاریگه‌ریه‌كان و دژواریه بابه‌تى و ناوه‌رۆكیه‌كانى له نێو فاكته‌ر و هه‌لومه‌رجه مێژوویى و كۆمه‌ڵایه‌تى و رامیارى و ئابوورى و رۆشنبیرى ،كه هه‌موو ئه‌مانه هه‌تا راده‌یه‌كى به‌ده‌ر هزر و هۆشى كۆمه‌ڵگاى عێراقیان داڕشتووه و گۆش كردووه .
ئه‌و بۆچوونانه له سێ ناوونیشان یان ته‌وه‌ر خۆى ده‌بینێته‌وه ئه‌وانیش بریتین له دووفاقی و دووانه‌یی كه‌سایه‌تى عێراقى و لێكدابڕانى كۆمه‌ڵایه‌تى و ململانێى كۆچه‌رى و شارستانیه‌ت .
ئه‌لوه‌ردى كاریگه‌ر بوو به بیرۆكه‌كانى ئیبن خه‌لدوون
زۆر له توێژه‌وه‌ران و ره‌خنه‌گران واده‌بینن ،كه په‌یڕه‌وى شیكردنه‌وه‌كانى ئه‌لوه‌ردی به‌رادده‌یه‌كى فراوان كاریتێكراوه له لایه‌ن تیۆریه‌كانى ئیبن خه‌لدوون له پێشینه‌كه‌ى له كۆمه‌ڵناسیدا ،به‌تایبه‌تى په‌یره‌ویه‌كه‌ى له فه‌لسه‌فه‌ى مێژوو و جێبه‌جێكردنى ئه‌و په‌یڕه‌وه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاى عێراقى ،هه‌روه‌ها بایه‌خدانى ئه‌لوه‌ردی به خاوه‌نى ئه‌و پێشینه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانى ژیانى ،هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تى و زانسته‌وتار و بیرۆكه فه‌لسه‌فى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى ئیبن خه‌لدوون ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى نامه‌دكتۆراكه‌ى پێكهێناوه بۆ به‌ده‌ستهێنانى دكتۆراكه‌ى له زانكۆى تێكساس ساڵى 1950.
بیرۆكه‌ى ئه‌لوه‌ردی سه‌باره‌ت به دوانه‌یی كه‌سایه‌تى عێراقى
ئه‌لوه‌ردی بۆ یه‌كه‌مجار بیرۆكه‌ى ده‌رباره‌ى دوانه‌یی كه‌سایه‌تى عێراقى له هۆڵی شازاده عالیه له وانه‌یه‌كدا پێشكه‌ش كرد له نیسانى ساڵى 1951 ،كه تێیدا ئاماژه‌ى به سروشت و كه‌سایه‌تى تاكى عێراقى به كه‌سایه‌تیه‌كى دوانه‌یی ناوزه‌د كرد ،هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ئه‌لوه‌ردی ئاماژه‌ى به ده‌قێك كرد ،كه عێراقیه‌كى موسوڵمان زیاترین كه‌سى تووڕه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ى به ئاشكرا خواردن ده‌خۆن له مانگى ره‌مه‌زاندا ،به‌ڵام خۆیشی له هه‌موو كه‌س زیاتر له‌و مانگه‌دا به‌ڕۆژوو نابێ و كه‌سى عێراقى له هه‌موو كه‌سێك زیاتر خۆی به نموونه‌یى ده‌زانێ هه‌روه‌ك له وتار و نووسینه‌كانیدا بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كات به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا له هه‌موو كه‌س زیاتر به‌دخو و لاساره له ژیانى رۆژانه‌یدا و له هه‌موو كه‌سیش كه‌متر ده‌ستی به‌ئایینه‌وه گرتووه و له‌هه‌موو كه‌سیش زیاتر نقومى ململانێى نێوان رێبازه ئایینیه‌كانه ،له‌لایه‌كه‌وه ده‌بینى زۆر بێباوه‌ڕه و له‌لایه‌كى تره‌وه مه‌زهه‌بپه‌رسته .
ئه‌لوه‌ردی دانی به‌وه‌دا ناوه، ئه‌و نیشانانه‌ى باسى كردووه سه‌باره‌ت به‌كه‌سایه‌تى تاكى عێراقی له رووى ناساندنێكى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌یه نه‌ك تێكچوونى ده‌روونى ،بۆیه كه‌سى عێراقى هه‌موو دژبه‌یه‌كه‌كان له خۆیدا كۆده‌كاته‌وه ،بۆ نموونه ده‌بینین له رووى سیاسییه‌وه خۆى زۆر به پێشكه‌وتوو داده‌نێ یان ده‌یه‌وێت خۆى وا پیشان بدات ،به‌ڵام راستى بارى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ى كۆنه‌په‌رسته و ناتوانێت له‌گه‌لأ ئافره‌تێكدا قسه بكات بێئه‌وه‌ى زمانى ته‌ته‌ڵه بكات یان له عورفێكى كۆمه‌ڵایه‌تى بتوانێت لابدات ئه‌گه‌ر له ماڵى خۆیشیدا بێت ،بۆیه ئه‌و گۆشه‌گیریه كۆمه‌ڵایه‌تیه ،كراونه‌وه‌یه‌كى سیاسى له‌به‌رامبه‌ردایه ، بۆیه ئه‌لوه‌ردی هوشیارى ده‌دات له‌وه‌ى كه‌سى عێراقى به‌و روخسارانه‌وه ،دووڕوو یان تێكده‌رى راستیه‌كان نیه ،وه‌ك هه‌ندێك كه‌س ده‌یانه‌وێت ناوى لێ بنێن به‌و جۆره، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌لحه‌جاج له وتاره‌كه‌یدا هاتووه بۆ عێراقیه‌كان و ناویانى ناوه ( خه‌ڵكى دووڕوو و دووبه‌ره‌كى) ،یان به كه‌سێك راستیه‌كانى ناو ده‌روونى خۆیان ده‌رناخه‌ن ،كه بڕوایان پێیه‌تى و ده‌یشارنه‌وه ،وه‌ك هه‌ندێك لێیان تێگه‌یشتوون ،به‌ڵكو ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سى عێراقى به‌لایه‌كیدا كه‌سایه‌تیه‌كه كارێك ده‌كات ،به‌ڵام له لاكه‌ى تری‌دا له بیرى ده‌چێت پێشتر چى كردووه ،هه‌ر له‌و كاته‌ى خۆى واپیشان ده‌دات نموونه‌ییه و خاوه‌ن خووڕه‌وشتى به‌رزه ،دڵسۆز و راستگۆیه له‌وه‌ى ده‌یڵێت ،به‌ڵام ئه‌گه‌ر پاش ئه‌وه پێچه‌وانه‌ى قسه‌كانى پێشووترى نواند ،ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لاكه‌ى تر‌ى كه‌سایه‌تیه‌كه‌ى ،كه نازانێ لاكه‌ى تر چى گوتووه یان چى كردووه .
ئه‌وه‌ى جێى وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه ئه‌م زانسته‌وتاره‌ى ئه‌لوه‌ردی جێى دانپێدانانى كۆمه‌ڵناس و ده‌روونناسانى عێراقى نه‌بوو ، چونكه به بۆچوونى هه‌ندێكیان دژبه‌یه‌كى له نێوان بیروباوه‌ڕ و ره‌وشتى عێراقیه‌كان كارێكى باوه و په‌یوه‌ندى به دوانه‌یی ده‌روونى نیه له‌ناو كه‌سایه‌تى عێراقیدا ،چونكه ئه‌و ده‌ستنیشانكردنه بنه‌ماكانى له په‌یڕه‌ى فرۆیده‌وه سه‌رچاوه‌ى وه‌رگرتووه له شیكردنه‌وه‌ى ده‌روونیدا ،له دژبه‌یه‌كى نێوان هزرى بینراو و نه‌بینراو ،له نێوان خۆویستى به‌رز و نزم ،بۆیه ئه‌مه ده‌بێته بێئاگاییه‌كى ته‌واو له رۆڵه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ئابووریه‌كان و رامیاریه ناجێگیره‌كان و یه‌كبه‌دواى یه‌ك هاتنى رژێمه سته‌مكار و زۆرداره‌كان ،كه ناوچه‌ى عێراقیان حوكم كردووه به درێژایى چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك به پێى په‌یوه‌ندی و كۆنترۆڵى نێرسالارى و وباوكسالارى و پاتریاركى(ده‌سته‌ڵاتى باوك) وزۆردارى و دواكه‌وتوو .
تیۆرى لێكدابڕانى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌لاى عه‌لی ئه‌لوه‌ردی
ته‌وه‌رێكى تر له زانسته‌وتاره‌كه‌ى ئه‌لوه‌ردی په‌یوه‌سته به‌وه‌ى ناوى لێناوه (لێكدابڕانى كۆمه‌ڵایه‌تى/ التناشز الاجتماعی) ،كه هه‌ندێك كه‌س وا بۆى ده‌چن له هزرى كۆمه‌ڵناس أوكمبرن سه‌رچاوه‌ى وه‌رگرتبێ و تیایدا ئاماژه‌ى به‌وه داوه ،كه مرۆڤــــــ به خێرایى به‌ره‌و رووى ماددى ده‌جوڵێ ،به‌ڵام دواكه‌وتووه له رووى بیروباوه‌ڕ و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ،بۆیه عه‌لى ئه‌لوه‌ردى زۆر هه‌وڵیدا ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ى سه‌باره‌ت به لێكدابڕان له‌سه‌ر راستی بارى كۆمه‌ڵایه‌تى عێراق و ده‌ركه‌وته‌كانى بگه‌یه‌نێت،وه‌ك لێكدابڕان له نێوان هوشیارى كۆمه‌ڵایه‌تى و چالاكى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌گه‌ڵ ئابوورى و رامیارى .
لێكدابڕان له‌لاى ئه‌لوه‌ردی بریتیه له جیابوونه‌وه و هاودژى له نێوان ئه‌وه‌ى تاكه‌كه‌س له نێوخۆی‌دا باوه‌ڕى پێى هه‌بێت و پابه‌ندبێت پێى له رووى كۆمه‌ڵایه‌تى و ره‌وشتى رۆژانه‌ى ،له‌گه‌لأ به‌ها و بیروباوه‌ڕه مرۆڤایه‌تى و شارستانیه‌كانى ،كه له رواڵه‌تدا بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كات ،كه ئه‌مه‌ش له‌رزۆكى و ناهاوسه‌نگى و هاودژى پێچه‌وانه دروست ده‌كات له مامه‌ڵه‌كردن له نێوان راستییه نه‌گۆڕه‌كانى ژیان و فه‌رهه‌نگه ماددیه‌كانى له‌گه‌لأ ره‌وشته كۆن و ئه‌و به‌جێماوانه‌ى له هۆشیاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یدا جێگیربووه ، بۆیه ئه‌م لێكدابڕانه كۆمه‌ڵایه‌تیه له دیدى ئه‌لوه‌ردی له چۆنێتى مامه‌ڵه‌كردنى عێراقى له‌گه‌لأ ئافره‌ت و هه‌روه‌ها له‌گه‌لأ كه‌سى جیاواز له ئایدیۆلۆجیه‌ت و ئایین و هۆزایه‌تى و نه‌ژادیدا ده‌رده‌كه‌وێ .
ئه‌م لێكدابڕانه له دیدى عه‌لی ئه‌لوه‌ردیدا په‌یوه‌سته به به‌شى سێهه‌م له زانسته‌وتاره‌كه‌ى ،كه خۆى له ململانێى نێوان كۆچه‌رى و شارستانیه‌تدا ده‌بینێته‌وه ،هه‌روه‌ها هاودژى له نێوان ده‌شتوده‌ر و گوند‌و شار و ئه‌وه‌ى پێان لكاوه له چه‌سپاندنى بیروباوه‌ڕى كۆچه‌رى و گوندایه‌تى له شار و شارستانیه‌تى عێراقدا و ده‌رهاوێشته‌كانى ئه‌و دووفاقیه له به‌هاكان و ره‌وشتدا ،ئه‌و سێ بنه‌مایه بوون وێنه‌ى سیما په‌رشوبڵاوه‌كانى كه‌سێتى كۆمه‌ڵایه‌تى و تاكى عێراقى كێشابوو.
بێگومان شیكردنه‌وه و ناساندن و ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ى عه‌لى ئه‌لوه‌ردى پێى گه‌یشت له رێگه‌ى توێژینه‌وه‌كانى سه‌باره‌ت به‌ره‌وشى كه‌سى عێراقى له زۆر كۆمه‌ڵگا نزیكه‌كانى ده‌وروپشتى عێراقیش جێبه‌جێ ده‌بێت .
كه‌ره‌سته و ناوه‌رۆكى زاراوه‌ى دوانه‌یی
له زۆربه‌ى به‌دواداچوونه هزرى و رۆشنبیرى نووسینه‌كانى دكتۆر عه‌لى ئه‌لوه‌ردى به‌ئامانجى دۆزینه‌وه وده‌ستكه‌وتنى مانا‌و ناوه‌رۆكى هزرى سه‌باره‌ت به زاراوه‌ى دوانه‌یی له كه‌سایه‌تى عێراقیدا ،هه‌ستده‌كه‌ین دكتۆر عه‌لى ئه‌لوه‌ردى له زۆر له كاته‌كاندا ویستوویه‌تى ئاماژه به‌و مانایه بدات ،كه كه‌سایه‌تى عێراقى كه‌وتۆته نێوان دوو هاوكێشه‌ى سه‌ختى كۆمه‌ڵایه‌تى و مرۆڤــایه‌تى له ژیانى رۆژانه‌یدا .
هاوكێشه‌ى یه‌كه‌میان ئه‌و رێبازه هزرى و رۆشنبیریه‌ى كه‌سى عێراقى لێیه‌وه ده‌ڕوانێته سه‌ر ژیانێك ،كه وێنه‌ى شارێكى شایسته‌ى بۆ نه‌خشه كردبێ بۆ ئه‌وه‌ى تێیدا بژێ و رێز له راستى بگرێت و باوه‌ڕى به دادپه‌روه‌رى هه‌بێت و چاوى له به‌رزڕاگرتنى به‌هاى ره‌وشته‌كان بێ به‌ره‌و پیرۆزیه‌كى پاك و بێگه‌رد و مه‌زنى ره‌ها ،هه‌روه‌ها هاوكێشه‌كه‌ى تر بریتیه له‌و ره‌وشته كۆمه‌ڵایه‌تیه ماددى و گوزه‌رانیه‌ى سه‌پێندراوه‌ته سه‌ر كه‌سى عێراقى و بووه‌ته هۆى پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ناوه‌رۆكى هاوكێشه‌ى یه‌كه‌م ،كه باس له ره‌وشته به‌رزه‌كان وپیرۆزیه‌كان و هزر و باوه‌ڕه به‌رزه‌كان ده‌كات به‌شێوه‌یه‌ك كه‌سایه‌تى عێراقى واپیشانده‌دات ،كه بووبێته كارگه‌یه‌كى هاودژ و دژبه‌یه‌ك و دووفاق له سه‌ره‌تا و ئه‌نجامدا ،له كاتێكدا كه‌سایه‌تى عێراقى باوه‌ڕداره و به‌هه‌موو گه‌رمى وهێزێكه‌وه رێز له راستگۆیى ده‌گرێت و به پیرۆزى ده‌زانێ له ناو مزگه‌وت و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى رۆحى و باوه‌ڕى ئایینی‌دا ،به‌ڵام ده‌بینین له‌یه‌كه‌م هه‌نگاویدا له ده‌ره‌وه‌ى مزگه‌وت و له ده‌روازه‌ى بازاڕدا و له جه‌رگه‌ى ململانێیه‌كانى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى و خێزانى و كۆڕی گوزه‌راندا ،ناچاره لاسایى كه‌سایه‌تیه‌كى تر بكاته‌وه له ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى و خێزانى كه‌سیدا به‌شێوه‌یه‌ك درۆكردن ببێته زمانى بازاڕ و بازرگانى و قازانج و زه‌ره‌رى سروشتى و هه‌روه‌ها سته‌مكردن ببێته زمان و زاراوه و ره‌وشتى راستى ژیانى و هه‌روه‌ها ببێته ئه‌و داره‌ى هه‌ڵیگرتووه بۆ سزادان و په‌روه‌رده‌كردنى دوژمن و منداڵه‌كانى له خێزاندا به‌یه‌ك ئاست .
له‌وانه‌یه ئه‌لوه‌ردی زیاتر كه‌سایه‌تى هاووڵاتى ئه‌وروپى یان سوپه‌رى ئه‌مه‌ریكى لا په‌سه‌ند بووه ،كه هاودژى و دوانه‌یی نازانێ ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ى مرۆڤى ئه‌وروپى كه‌سێكى دووفاق نیه و نه‌بووه‌ته نێچیرى ململانێى نێوان دوو هاوكێشه له ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تیدا ،چونكه ته‌نها باوه‌ڕى به‌و ژیانه هه‌یه ،كه تێیدا ده‌ژى ،بۆ نموونه باوه‌ڕى به راستگۆیى هه‌یه و رێزى لـێده‌گرێت و به پیرۆزى ده‌زانێ ، له‌هه‌مان كاتدا هه‌ر خۆى به راستگۆییه‌وه ره‌فتار ده‌كات و هه‌روه‌ها ژیان و هه‌ست و تێكه‌ڵبوون و بازرگانیشى هه‌ر راستگۆیانه‌یه .
وادیاره ئه‌لوه‌ردی كاتێك زاراوه‌ى دوانه‌یی بۆ كه‌سایه‌تى عێراقى به‌كارده‌هێنێ وه‌ك ئه‌وه وایه نه له دوور و نه له نزیك هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ دیارده‌یه‌كى گشتى مرۆڤایه‌تى ناكات ،ئه‌وه‌نده‌ى ئاماژه‌یه‌كى چر و ته‌نیاى بۆ دیارده‌ى دوانه‌یی تاكى عێراقى كردووه و وا پیشانى ده‌دات ،كه نموونه‌یه‌كى بێهاوتایه له نێوان گه‌له‌كان و تاكه‌كان و نه‌ته‌وه‌كان ،كه بووه‌ته هۆى دیاریكردنى دیارده‌ی دوانه‌یی له تاكى عێراقى وجیاكردنه‌وه‌ى له‌وانى تر ،ئه‌وانى تر،كه دكتۆر عه‌لى ئه‌لوه‌ردى وا ناوى لێناوه كه‌سانێكى نادووفاق و راشكاو له‌گه‌لأ خۆ و ئاشته‌وه‌بوو له‌گه‌لأ هه‌ردوو ژیانى هزرى و رۆشنبیرى و ره‌وشتى رۆژانه‌ى ،ئه‌و مرۆڤه‌ش به پێى راى دكتۆر عه‌لى ئه‌لوه‌ردى له هه‌ندێ ئاماژه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیدا ،ئه‌وه مرۆڤى ئه‌وروپى و رۆژئاوایى سوپه‌ره .
سیاسیه‌كانى ئه‌مڕۆى عێراق و نه‌خۆشى دوانه‌یی
پێش ماوه‌یه‌كى كورت وتاری یه‌كێك له وه‌زیره‌كانى پێشووم خوێند به‌ناونیشانى (ئه‌ى عێراقیه‌كان) ... با به ده‌نگێكى به‌رز قسه بكه‌ین ، ناوونیشانى زه‌ق نیشانه‌ى دوانه‌یی سیاسى تائیفه‌گه‌ریه له‌لایه‌ن توێژاڵێكى فراوانى جێبه‌جێكارانى عێراقى ئه‌مڕۆ ،بۆیه ئه‌و وه‌زیرى پێشووه داواى كرد له سیاسیه عێراقیه‌كان بۆ قسه‌كردن به راشكاوانه و بێ شه‌رم سه‌باره‌ت به‌و هانده‌ر و پڕۆژانه‌ى بوونه‌ته مایه‌ى گرژیان و ململانێ‌یان له عێراقى نوێ‌دا .
وه‌زیرى پێشوو گه‌یشته پوخته‌یه‌ك ،كه كێشه‌ى دامه‌زراوه‌ى عێراقى ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه هه‌موو سیاسیه عێراقیه‌كان ئاره‌زوومه‌ند نین به ده‌ربڕینى تایه‌فه‌گه‌رى وناسیۆنالیزمى نه‌ژادپه‌رستى ،كه هه‌موو روانین و هزره سیاسیه‌كانیان ده‌جووڵێنێت ، بۆیه داواى لێیانكرد په‌یڕه‌وێكى بوێرانه و راشكاوانه بگرنه به‌ر بۆ دانپێدانان له‌به‌رچاوى هه‌موو جیهان و گه‌لانی عێراق،كه یان په‌یڕه‌وى تایه‌فه‌گه‌رى بگرنه به‌ر به جۆرێك به‌رژه‌وه‌ندیه تائیفى و نه‌ته‌وه‌په‌رستیه‌كه‌یان هه‌موو هه‌ڵچوونه سیاسى و ئایدیولۆجیه‌كه‌یان ده‌جووڵێنێته‌وه و بڕوایان پێیه‌تى ،یان ببنه نیشتمانپه‌روه‌رێكى راسته‌قینه ،نیشتمانپه‌روه‌رییش شایسته‌یى و پابه‌ندیى خۆى هه‌یه ،كه له كۆتایدا ده‌بێت زاڵ بێت به‌سه‌ر روانین و وتار و راستى پلانه‌كانیان .
بۆیه وه‌زیرى پێشوو بۆ پشتگیرى له روانینى خۆى ده‌ڵێت عێراقیه‌كان به سیاسیه‌كانیانیشه‌وه ته‌نها باوه‌ڕیان به تایه‌فه‌گه‌رى ونه‌ته‌وه‌په‌رستیه و شایسته‌ى ئه‌وه نین پێیان بوترێ گه‌ل له‌به‌ر لێكترازان و دابه‌شبوونى تیژ له نێوانیاندا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراقٍ له ساڵى 1921 هه‌تا ئه‌مڕۆ و واتاى نیشتمانپه‌روه‌رى و هاوڵاتیبوون بزره لێیان هه‌تاهه‌تایه ، بۆیه ئه‌و وه‌زیره باوه‌ڕى هێنا به قسه‌كه‌ى شا فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م ،كه دامه‌زرێنه‌رى پادشایه‌تییه له عێراقدا كاتێك باسى كۆمه‌ڵگاى عێراقى كردووه هه‌روه‌كو له‌سه‌ره‌تاى وتاره‌كه ئاماژه‌مان پێیدا .
دووڕوویى هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى دوانه‌ییه له ناخى تاكدا
بێگومان جیاوازى هه‌یه له نێوان ئه‌وه‌ى بڵێین ،تاك باوه‌ڕى به هزرى ره‌وشتبه‌رزی و ئاكار و به‌هاى به‌رزه‌وه هه‌یه وه‌ك دادپه‌روه‌رى و راستگۆیى و خێرومه‌ندى ،به‌ڵام ناچاره بۆ سه‌رپێچیكردنى هه‌موو ئه‌مانه له رووى ره‌وشت و ژیان و گوزه‌ران یان بۆ ئامانجێكى تایبه‌ت به خۆى، یان پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه بڵێین كاتێك تاك باوه‌ڕى به كارى خراپ و سته‌م و دژ به چاكه‌خوازیه ،به‌ڵام ناچاره وا خۆى پیشان بدات ره‌وشتی خێرخوازى هه‌یه و له خواترسه له ژیانى رۆژانه و ره‌وشت و گوزه‌رانیدا ...
یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه ،كه دكتۆر عه‌لى ئه‌لوه‌ردى ناوى لێناوه مرۆڤێكى دوانه‌یی یان دووچارى نه‌خۆشى دوانه‌یی هاتووه له كه‌سایه‌تیه‌كه‌یدا ،به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌دووه‌میان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دووڕووییه هه‌روه‌ك له قورئانى پیرۆز و ئایینى ئیسلامدا هاتووه ،كه هه‌ندێك له كه‌سه‌كان باوه‌ڕیان خراپه‌كردنه و ئاوێته‌ى كوفر و خراپه‌ن ، به‌ڵام ناچاریشن بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان بگونجێنن له‌گه‌لأ كۆمه‌ڵگایه‌كى به‌هێز و ده‌سته‌ڵاتداردا خۆیان وا نیشانبده‌ن خاوه‌ن ره‌وشتی به‌رز وخێرخوازن .
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌كى زیره‌ك و جوان هه‌یه له هزرى ئه‌لوه‌ردی ،كه له‌وانه‌یه زۆر كه‌س له به‌ر ده‌مارگیری و خۆپه‌رستى ئاوڕیان لێنه‌دابێته‌وه ،ئه‌ویش ئه‌و هزر و ناوه‌رۆكه دوانه‌ییه‌یه ،كه ئه‌لوه‌ردی وه‌ك دروشمێك یان ئامێرێكى توێكارى لاشه‌ى كه‌سایه‌تى تاكى عێراقى هه‌ڵیبڕیبوو ،بیروباوه‌ڕێكه زۆر نزیكه له زاراوه‌ى (التقیــــه) ،بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بگه‌ینه ناوه‌رۆكى بیروباوه‌ڕى (التقیــــه) ده‌بینین هه‌مان ناوه‌رۆكى بیروباوه‌رى دوانه‌یی هه‌یه ، ده‌بینین له كاتێكدا تاك و كۆمه‌ڵگا به هێزه‌وه باوه‌ڕ به هزر و ئیمان و خێرخوازى و راستگۆیى و دادپه‌روه‌رییه ،به‌ڵام بێ به‌هایى كۆمه‌ڵگا و بارودۆخى سیاسى و ئابوورى و سته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تیه سه‌خته‌كان ده‌بنه هۆى سه‌پاندنى هاوكێشه‌كانى ره‌وشت له‌سه‌ر تاك و واى لێده‌كات ژیانێكى تر‌ى پیچه‌وانه‌ى ئه‌و ژیانه‌ى باوه‌ڕى پێیه‌تى له ناو تاك و كۆمه‌ڵگادا گوزه‌ران بكات ئه‌ویش یان بۆ لابردنى زیانه‌كان یان بۆ به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستكه‌وته‌كان و داپۆشینى درۆكان .
تایه‌فه‌گه‌رى وه‌ك نه‌خۆشیه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى سیاسى توند
هه‌ندێك پرسیار خۆى ده‌وروژێنێت به‌تایبه‌ت كه‌سانێك واده‌بینن ،كه تایه‌فه‌گه‌رى ئایینى و سیاسى له راستیدا گه‌وره‌ترین ئاڵۆزى و كێشه‌ى دریژخایه‌نى عێراقه بۆ گه‌لێك فێرى ئه‌فسانه‌ى ئایینى و دابه‌شبوونى كۆمه‌ڵگایى بووبێت هه‌روه‌ك چۆن شا فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م له شیكردنه‌وه‌كه‌یدا باسى كردووه .
هه‌ندێك كه‌س وا ده‌ڕواننه ئاڵۆزی سیاسى عێراقیه‌كان ،كه پێویست ناكات عێراقیه‌كان راشكاوانه و به ده‌نگێكى به‌رز باس له تایه‌فه‌گه‌رێتى خۆیان بكه‌ن ،چونكه ئاڵۆزیه‌كه له‌وه‌دایه عێراقیه‌كان هه‌تا ئێستا له یه‌كتر و له خودى خۆیانیش تێنه‌گه‌یشتوون و له راستیدا به‌بێ هیچ پێچوپه‌نایه‌ك جیاوازیه ره‌گبه‌ستووه‌كانى نێوانیشیان له‌یه‌كتر قبووڵ ناكه‌ن وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ دیموكراسى نوێ ... بڕوام وایه هه‌تا راده‌یه‌ك له سه‌رده‌مى پادشایه‌تیدا جیاوازییه مه‌زهه‌بیه‌كان په‌رشوبڵاو ببوون و حوكمڕانانى سه‌رده‌می پاشایه‌تى خۆیان له‌و هاوكێشانه لاده‌دا و ده‌یانویست زیاتر نیشتمانپه‌روه‌ر بن له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ى پاشا موڵكى هه‌موو عێراقیه‌كانه ،به‌ڵام بارودۆخ و سروشتى جوگرافیاى عێراق زیاتر سیاسه‌تى خۆى ده‌سه‌پانده سه‌ر عێراقیه‌كان .
به‌ڵام ئه‌و رژێمانه‌ى دواى پاشایه‌تى هاتن به‌شێوه‌ى جودا جودا یارییان له‌سه‌ر ده‌مارگیرى تایه‌فه‌گه‌رى كرد نه‌ك له‌به‌ر خۆشه‌ویستى بۆ پاپه‌ندبوون به په‌یڕه‌وێكى ئایینى و خواپه‌رستى ،به‌ڵكو به‌كاریان ده‌هێنا وه‌ك ملكه‌چیه‌ك بۆ ئاسانكارى پشتگیریه سیاسیه‌كانى خۆیان له‌ناوه و ده‌ره‌وه‌ى عێراق .
مژارى تایه‌فه‌گه‌رى وره‌وشتى دوانه‌یی له كه‌سایه‌تى عێراقیدا و به‌تایبه‌تى له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌ى له ئه‌مڕۆدا ده‌سته‌ڵاتیان كه‌وته ده‌ست و وڵاتیان گه‌یانده لێوارى كاره‌سات و رابه‌رایه‌تى وڵاتیان كرد بۆ ململانیه‌كى تایه‌فه‌گه‌رى خوێناوى سه‌خت ،كه شوێنه‌واره وێرانكاریه‌كانى روون و ئاشكرایه و هه‌تا ئێستا ده‌رهاوێشته ترسناكه‌كانى له‌سه‌ر دوارۆژى كۆمه‌ڵگاى عێراق گه‌وره‌ترین كاره‌ساتى نیشتمانپه‌روه‌رى دێنێته سه‌ر عێراقى نوێ به‌هۆى ئه‌و سیاسیانه‌ى جڵه‌وى حوكمیان گرته ده‌ست له‌دواى ساڵى 2003 به‌بێ ئه‌وه‌ى كارتى ئه‌ستۆپاكى بده‌ینه ئه‌و كه‌سانه‌ى پێش ئه‌مان حوكمیان كردووه ،ئاڵۆزیه‌كانیش له په‌یڕه‌وى تایه‌فه‌گه‌رى دووفاقیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت هه‌تا لاى ئه‌و توێژاڵانه‌ى بانگهێشت بۆ لیبرالیه‌ت و پێشكه‌وتن ده‌كه‌ن به ماركسیه‌كانیشه‌وه ، بۆیه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى تائیفی بووه‌ته سیمایه‌ك له سیماكانى مامه‌ڵه‌كردن له نێوان سیاسیه‌كانى عێراقى نوێ و گه‌وره‌ترین كێشه له‌وه‌دایه سیاسیه‌كانى عێراق هه‌موویان نه‌فره‌ت له تایه‌فه‌گه‌رى ده‌كه‌ن ،به‌ڵام به‌یانیان و ئێواران له میحرابى تائیفه‌گه‌ریدا نوێژ ده‌كه‌ن .
له كۆتایدا پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌وانه‌ى حوكمى عێراقیان كرد له ساڵى 1921 وه توانیان تاكێكى عێراقى به په‌روه‌رده و به ره‌وشت و راهێنراو و شارستانى و راستگۆ پێكبهێنن ،كه رواڵه‌ت و ناوه‌رۆكى وه‌ك یه‌ك بێ ، یاخود عێراقیه‌كان پێكهاته‌گه‌لێكی یه‌كگرتوو و له‌گه‌لأ یه‌ك گونجاو بن و هه‌موو پێكهاته‌كانى به ئاشتى و خۆشه‌ویستى و دڵسۆزى بژین ،چاكه‌وه‌بوو له‌نه‌خۆشى تایه‌فه‌گه‌رى قێزه‌ون ،كه هه‌ڵسێت به دروستكردنى نیشتمانێكى نوێ له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتن له خۆى و به‌رامبه‌ره‌كه‌ى و به ده‌نگێكى به‌رز بیر بكاته‌وه به په‌یڕه‌وێكى كلتوورى شارستانى پێشكه‌وتوو ،به‌لێ له‌وانه‌یه شا فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م وئه‌وانه‌ى له دواى ئه‌و هاتن سه‌ركه‌وتوو بوون له گه‌یشتن به‌و ئامانجه هه‌تاراده‌یه‌ك و ناسنامه‌ى نیشتمانپه‌روه‌ریان به‌هێز كرد ،به‌ڵام ئه‌وانه‌ى دواى ساڵى 2003 هاتنه سه‌ر حوكمى عێراق هه‌موو شتێكیان تێكدا وعێراقیان گه‌یانده‌وه بازنه‌ى سفر و خانه‌ى ساڵى 1921 به كارى چه‌سپاندنى په‌یڕه‌و و ره‌وشتى تایه‌فه‌گه‌رى له ژیانى گشتى و رۆژانه و شێواندنى شوناسى گشتى (ئه‌وه‌ى هه‌موو عێراقیه‌كان به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه) و گۆڕینى به شوناسگه‌لێكى لاوه‌كى و جیاواز ،كه له‌جیاتى ئه‌وه‌ى یه‌كگرتوویان بكات و بنیاتیان بنێت، كه‌چی هه‌موویان خاپوور و وێران‌كرد .
تێبینی\ ئەم بابەتە وەرگێڕاوە لەلایەن نووسەر،
سه‌رچاوه / رۆژنامه‌ى الزمان ژماره 6079 له 1/8/2012