وەزیری ناوخۆ: ئەوانەی لە شەقڵاوە تەقەیان كردوە پێچەوانەی یاساییە دەبێت سزای خۆیان وەربگرن
ڕۆژی پێنج شەممە 30/9/2021 وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان سەردانی دوو پۆلیسە بریندارەكەی شەقڵاوەی كرد و جەختی لەوەكردەوە ئەوانەی تەقەیان لێ كردوون دەدرێنە دادگا.
وەزیری ناوخۆ لەو نەخۆشخانەیەی شەقڵاوە كە پۆلیسە بریندارەكانی تێدا تیمار دەكرێت، لێدوانێكی بۆ میدیاكان دا و ئاماژەی بەوە كرد كە سەردانی پۆلیسەكانی كردووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لە بارودۆخیان بپرسێت و هیوای چاكبوونەوەی بۆخواستن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆر بەو دۆسیەیە دەدات و هەرچی پێویستیش بكات بۆ چارەسەركردنی پۆلیسەكان جێبەجێی دەكات.
هاوكات وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند كە ئەو چەكدارەی تەقەی كردووە كە هێشتا دەستگیر نەكراوە ئەوە پێویستە خۆی ڕادەستی پۆلیس بكات، چونكە لە كۆتاییدا هەر دەستگیردەكرێت.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا كە بەدواداچوونی یاسایی بۆ تاوانەكە دەكرێت و توندترین سزای تۆمەتبارن دەدرێت و دەبێت بزانن ئەوەی كە هێرش دەكاتە سەر پۆلیس لە كاتی دەوامدا ئەوە گەورەترین تاوانی ئەنجامداوە.
هەروەها ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ داوای لە ڕیش سپی و پیاوماقوڵانی ناوچەكە كرد كە داڵدەی تەقەكەر نەدەن، چونكە ئەو تەقەكەرانە جگە لە چوونە بەردەم دادگا هیچ ڕێگەیەكی دیكەیان لەبەردەمدا نییە.