ئەردۆغان خواستی تورکیای بۆ کڕینی سیستمی مووشەکی زیاتر لە ڕووسیا ڕاگەیاند
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە، سەرەڕای ناڕەزایی توندی ئەمریکا، بەڵام ئەو سوورە لەسەر کڕینی دووەم سیستمی مووشەکی ڕوسیا.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سی بی ئێس نیوز گوتی: کە پێویستە تورکیا خۆی بڕیار لەسەر سیستەمی بەرگریی خۆی بدات.
ئەردۆغان ئەوەشی گوت کە تورکیا چیتر بڕیاری کڕینی مووشەکی پاتریۆتی درووستکراوی ئەمریکای نییە و ئەمریکا سەرەڕای وەرگرتنی 1.4 ملیار دۆلار بۆ فڕۆکەی ئێف-35 هێشتا ڕەوانەی نەكردووە.
تورکیا كە ئەندامی ناتۆیە لە بەرنامەی فڕۆکەی ئێف -35 کشاوەتەوە و بەرپرسانی بەرگریی ئەو وڵاتە پاش کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی ئێس-400ی درووستکراوی ڕووسیا، بڕیاریان لەسەردا، ئەمەریکا بە توندی دژایەتیی بەکارهێنانی سیستەمی ڕووسی لە ناتۆ دەکات و دەڵێت مەترسی لەسەر فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف-35 درووست دەکات، تورکیا پێی وایە کە ئێس-400 دەتوانرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەکاربهێنرێت و لە بەر ئەوە پارێزراوە و هیچ مەترسیی لەسەر نییە.
لە پرسیاری ئەوەدا کە ئایا تورکیا ئێس-400ی زیاتر دەکڕێت، ئەردۆغان ڕوونی كردەوە كە بەڵێ، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی ڕووسییا کۆببێتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل